گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەك تەنها لەلیبیا بەڵكو میسر لەعێراقیشدا ڕوبەڕووی توركیا دەبێتەوە

2020.07.23 - 13:42
App store icon Play store icon Play store icon
نەك تەنها لەلیبیا بەڵكو میسر لەعێراقیشدا ڕوبەڕووی توركیا دەبێتەوە

ناس کورد-

ماڵپەڕی مۆنیتەر راپۆرتێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات، دوای گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان میسر و توركیا لەسەر قەیرانەكانی تایبەت بەلیبیا و هۆشداری هەڵگیرسانی شەڕی ڕاستەوخۆ لەنێوان سوپای هەردوو وڵات لەشاری سڕت، قاهیرە دەیەوێت بەچەندین ڕێو شوێن ڕووبەڕووی هەژموونەكانی ئەو وڵاتە بێتەوە لە وڵاتانی دیكەی عەرەبی و بەدیاریكراویش لەعێراقدا، ئەوەش دوای لەشكركیشەكانی ئەمدوایەی سوپای توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

دوای ئەو لەشكركێشیەی توركیاش، قاهیرە یەكەم وڵات بوو پشتیوانی بۆ بەغدا دەربڕی و ئیدانەی هێرشەكەی كرد و بەهەڕەشەی زانی بۆ تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە و ئەوەشی بەتوركیا وت ئەو كارانە مایەی قبوڵكردن نین.

 

لەوەڵامی ئیدانەكردنەكەی میسریشدا، وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئەوەی بەكۆمیدیای ڕەش ناو برد و وتیشی ، تۆمەتەكانی میسر بەرامبەر بەتوركیا مایەی قبوڵكردن نین.

 

لەچەند ڕۆژی ڕابردوشدا ناكۆكییەكانی نێوان میسر و توركیا گەیشتە لیبیا و ئاستەكە تا نزیكبوونەوەی شەڕ و ڕوبەڕوبونەوەی مەیدانی نێوان هەردوو وڵات ڕۆشت و میسر هۆشدارى ئەوەیدا کە هێزەكانی حكومەتی ویفاقی نیشیتمانی كە ئەنكەرە پشتیوانی دەكات بەرەو شاری سڕت نەجوڵێن چونكە قاهیرە ئەوە بەهێڵی سوور دەزانێت.

 

هاوکات لەكاتێكدا كە بەغدا هەڕەشەی بەكارهێنانی كارتی ئابووری لەگەڵ توركیادا دەكات بەهۆی دەستدرێژییە سەربازییەكانی بۆ سەر خاكەكەی، میسر هەوڵی نزیكبوونەوەی ئابووری لەگەڵ عێراقدا دەدات.

 

چڵێسیەكانی توركیا سنوردار دەكرێت

 

تاریق فەهمی، مامۆستای زانستە سیاسیەكان لەزانكۆی قاهیرە ڕایگەیاند، میسر لەڕێگەی پتەوكردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ بەغدا چڵێسیەكانی توركیای لەعێراق وەڕسكردووە و دەیەوێت ببگەڕێتەوە بۆ بلۆكی سەربازگەی عەرەبی و بەربەست لەبەردەم هەژموونی ئێرانی و توركیدا دابنێت.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، لەسەردەمی سەدام حوسێندا هەزارەها كرێكاری میسری كاری لەعێراقدا دەكرد و ئەوەش پەیوەندییە سیاسی و بارزگانییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی پتەو كردبوو.

 

كۆتایی مانگی ڕابردووش مستەفا مەدبولی، سەرۆكوەزیرانی میسر لەمیانی دیدارێكیدا لەگەڵ ئەحمەد نایفی باڵیۆزی عێراق لەو وڵاتەدا، میسر بەگرنگی زانیوە پەیوەندییە ئابورییەكان لەڕێگەی بەشداریكردنی چەند كۆمپانیایەكی میسرییەوە لەئاوەدانكردنەوەی عێراق پتەو بكەنەوە.

 

بەگەڕخستنی سیاسەتی دیپلۆماتی  

 

میسر كار بۆ زیادكردنی هاریكاری ئەمنیی لەكێشەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەعێراقدا دەكات، پێشتر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەی ڕاگەیاند، وڵاتەكەی چەند دانوستانێكی سێقۆڵی لەسەر پرسی هاریكارییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەگەڵ وڵاتانی ئوردن و میسردا ئەنجامداوە.

 

ساڵی 2016 وەزارەتی بەرگری عێراق ڕایگەیاند، هەزار سەربازیان لەوڵاتی میسر مەشق و ڕاهێنانیان پێدەكرێت.

 

جەمال بیومی، ئەمینداری گشتی یەكێتی وەبەرهێنانی عەرەب ڕایگەیاند، میسر سیاسەتی ئامادەگی دیپلۆماسی و بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبدا بەتایبەتی عێراق پیادە دەكات.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، توركیا بەدوو هۆكار عێراقییەكان دەكاتە ئامانج، یەكەمیان ئەوەیە هەژموونی خۆی لەناوچەكە فراوان بكات لەڕێگەی بنكە سەربازییەكانی لەباكوری عێراق و دووەمیان لێدانە لەكوردەكانی باكووری عێراق و سوریا.

 

بیومی ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە، میسر هەوڵی پوچەڵكردنەوەی پلانەكانی توركیا لەعێراق دەدات بەنزیكبوونەوەی تەواوی لەعێراق و بەو هۆیەشەوە ڕێو شوێنە دیپلۆماتییەكانی لەڕێگەی كۆمكاری عەرەبی و وەزارەتی دەرەوە  گەشە پێدەدات.

 

ئەو بەرپرسە میسرییە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، خراپترین قەیران كە وەبەرهێنەرە میسرییەكان لەعێراق ڕوبەڕووی دەبنەوە بیرۆكراتیەت و نەبوونی ئاسایش و بەرفروانی گروپە میلیشیاكانە.