گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری نوێ لەسەر تەقینەوەی كارگە ئەتۆمییەکەی ئێران ئاشكرا دەكرێت

2020.07.23 - 11:55
زانیاری نوێ لەسەر تەقینەوەی كارگە ئەتۆمییەکەی ئێران ئاشكرا دەكرێت

ناس کورد-

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لەپەرلەمانى ئێران بەمیدیای فەرمی وڵاتەکەى ڕاگەیاند، تەقینەوەكەی كارگەی نەزنزی ئەتۆمی ئێران بەهۆكاری بۆشاییەكی ئەمنیی ڕویداوە و لەدەرەوەی بیناكەوە هێرشی نەكراوەتە سەر.

 

جەواد كەریمی قەدوسی، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانى ئێران بە ماڵپەری پەرلەمانی ئێرانی ڕاگەیاندووە، ئەگەر هێرشەكە لەدەرەوە كرابێتە سەر کارگەکە ئەوا دەبوو پریشکەكانی ببینرێن بەڵام هیچ پریشکێك نەدۆزراوەتەوە.

 

بەڵام ئەو پەرلەمانتارە وردەكاری لەسەر ئەو بۆشاییە ئەمنییە یاخود شكاندنی سیستمەكە نەخستەڕوو.

 

قسە و باسەكان لەسەر تەقینەوەكە كە لەنزیك كارگەی نەزنزی ئەتۆمی كە لەسەرەتای ئەم مانگە ڕوویدا بەشێوازی جیاجیا دەكرێت، لەوانە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئیسرائیلی یاخود هێرشی موشەكی یاخود دانانی بۆمب بووە، باس لە هێرشی ئەلیكترۆنی ئیسرائیلی و یان ئەمریكی یاخود كێشەیەكی هونەری یاخود تێكدانێكی بەئەنقەستیش دەكرێت.



وتەكانی قەدوسیش هاوتایە لەگەڵ ڕاپۆرتێكی نیویۆرك تایمزی ئەمریكا كە 5ی ئەم مانگە بڵاویكردەوە لەسەر زاری سەركردەیەكی سوپای پاسدارانەوە كە ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە و وتویەتی، بۆمبێكی بەهێز لەناو بیناكەوە تەقیوەتەوە و بووەتە هۆی كەوتنەوەی زیانێكی زۆر.



تەقینەوەكەی نزیك كارگەی نەنتزی نزیك تاران لەسەرەتای ئەم مانگە، زنجیرەك تەقینەوەی ناڕوون بوون لەكۆمەڵێك شوێن و ناوچەی هەستیاری ئێراندا ڕویاندا و زیاتر لە10شوێنی پیشەسازی و سەربازگەیەك لەنزیك تاران كرانە ئامانج و تەقینەوە و ئاگركەوتنەكانیش گوماناوی بوون گەرچی تاران بەڕوداوی ئاسایی لەقەڵەمیدان.

 

لێدوانەكان توڕەیی بەدوای خۆیاندا دەهێنن

لەساڵانی ڕابردووشدا وتەكانی قەدۆسی كە نوێنەری شاری مەشهەدە و پێشتریش فەرماندەبووە لەسوپای پاسداران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكانی ئیران و ڕێكکەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا توڕەیی ژمارەیەك لەبەرپرسانی ئەو وڵاتەی بەدوای خۆیدا هێناوە لەوانە وەزیری دەرەوە و سەرۆكی ئاژانسی وزەی ئەتۆمى ئەو وڵاتە.

 

بەمدواییانەش قەدۆسی لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی دیكەدا سەردانی كارگەی نەتنزی ئەتۆمی كردووە و نیگەرانی خۆی لەسەر لاوازی بیناكە دەربڕیوە و وتویەتی، ئەوان دڵنیان لەوەی ئەو بینایە بەهیچ شتێكی نامۆ لێینەدراوە.

 

جەختیشى لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ئەگەری ئەوە هەیە بۆمبی چێنراو لەنزیك چەند ئامێرێك لەخۆرئاوای بیناكەوە دانرابێت.

 

پێشتریش میدیاكانی ئێران بەدووریانزانی ئەو تەقینەوانە هێرشی ئاسمانی یاخود هێرشی ئەلیكترۆنی بووبێتن بۆ سەر بیناكە.

 

7ی ئەم مانگەش ڕۆژنامەی هەمشەهری بڵاوی كردەوە، شوێنەكە بەبەردەوامی بەدوور هاوێژ و سیستمێكی ئەمنیی ئاسمانی پێشكەوتووی بەهێز وەكو S-300 پارێزراوە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئەو شوێنەش مەحاڵە.

 

تا ئێستاش ئێران هۆكاری تەقینەوەكانی ڕانەگەیاندووە،تەنها ڕۆژێك دوای ڕوداوەكە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئەوەی ڕاگەیاند هۆكاری ڕوداوەكە نازانن و لەبەر چەند هۆیەكی ئەمنیش ئاشكرای ناكەن.

 

وتەبێژی حكومەتیش ئەوەی ڕاگەیاند، دوای لێكۆڵینەوەی شارەزایان لەسەر ڕوداوەكە هۆكارەكەی ئاشكرا دەكەن.