گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڤاکسینێکى دژە کۆرۆنا سەرکەوتنێکى گەورە بەدەستدەهێنێت

واشنتۆن نزیکەى دوو مليار دۆلارى تەرخان کرد بۆ کڕینى 100 ملیۆن ڤاکسینى دژە کۆرۆنا

2020.07.23 - 11:01
واشنتۆن نزیکەى دوو مليار دۆلارى تەرخان کرد بۆ کڕینى 100 ملیۆن ڤاکسینى دژە کۆرۆنا

ناس کورد- 

حكومەتى ئەمريكا بڕى يەك مليار و 950 مليۆن دۆلارى بۆ بەرهەمهێنانى 100 مليۆن ڤاكسين تەرخان كرد كە تاقيگەى "فايەرز"ى ئەمريكى و كۆمپانياى "بايۆتيك"ى ئەڵمانى كارى لەسەر دەكەن.

 

كۆمپانياى بايۆتيك لەراگەیەندراوێکدا بڵاويكردەوە، ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا بژاردەى كڕينى 500 مليۆن ڤاكسينى هەيە و ئەو ڤاكسينەش هاووڵاتيانى ئەمريكى دەتوانن بێ بەرامبەر وەرى بگرن ئەوەش لەچواچێوەى ئەركەكانى حكومەتى ئەمريكا بۆ دابينكردنى بەبێ بەرامبەر.

 

ماوەى چەند مانگێكە كۆمپانياكە و تاقيگەكە كار لەسەر ڤاكسينەكەيان دەكەن و گەيشتوەتە قۆناغەكانى تاقيكردنەوەى فراوان لەسەر توشبووان، لەئەگەرى سەركەوتنى بەدەستهێنانى ڕەزامەندى تا كۆتايى ئەمساڵ 100 مليۆن ڤاكسينى لێ دروست دەكرێت و تا كۆتايى ساڵى2021يش يەك مليار و 300 مليۆنى لێ دروست دەكرێت.

 

پێشتريش ئاشكرا كرا، ڤاكسينەكە لەسەر 45 كەس تاقيكراوەتەوە تواناى ئەوەى هەيە كە سيستمى بەرگرى لەش هان بدات بۆ سنورداركردنى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە جەستەى مرۆڤدا.

 

لاى خۆشيەوە وتەبێژى كۆمپانياى بايۆتيك بە فرانس پرێسى وتوە، پێويستە بۆ هەر كەسێك دوو ڤاكسين بەكاربهێنرێت، دووەميان بەهێزكەرە و دواى هەفتەيەك لە ڤاكسينى يەكەم بەكاردەهێنرێت.

 

لەئێستادا قۆناغى تاقيكردنەوەى تەختینەیى فراوان لە بەڕازيل و ئەرجەنتين لەسەر ڤاكسينەكە دەستى پێكردوەو لاى خۆشيەوە "ئۆرگۆر شاهين" سەرۆكى كۆمپانياى بايۆتيك لە راگەیەندراوێکدا رونيكردوەتەوە "لەگەڵ چەندين حكومەتى وڵاتانى تردا گەيشتوينەتە قۆناغى پێشكەوتووى گفتوگۆكان و هيواخوازين بگەينە ڕێكەوتن بەم نزيكانە".

 

بەپێى زانياريەكان ڤاكسينەكە ناوى "BNT162 B1"ە و بەهێندەى خوێنى كەسێكى توشبوو كە چاكبوەتەوە بەرگرى دژى كۆرۆنا دروست دەكات.

 

تاقيكردنەوەكان بەئامانجى ئەوەن كە بسەلمێنرێت ڤاكسينەكە ژەهراوى نييە و سيستمى بەرگرى جەستە دژى ڤايرۆسەكە چالاك دەكات، ئەو 45 كەسەشى لەسەريان تاقيكراوەتەوە لەنێوان تەمەنەكانى 18 بۆ 55 ساڵيدا بوون و سەرجەميان دوو ڤاكسينيان لێدراوە و دووەميان دواى 21 ڕۆژ بووە لە ڤاكسينى يەكەم.