گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەكنەلۆژياى فڕۆكەى بێفڕۆكەوان باڵانسى شەڕى گۆڕيوە

ڕۆيتەرز: پلانى نوێى توركيا ئەوەيە شەڕى دژى پەكەكە بباتە قوڵايى خاكى عێراقەوە

2020.07.22 - 23:00
ڕۆيتەرز: پلانى نوێى توركيا ئەوەيە شەڕى دژى پەكەكە بباتە قوڵايى خاكى عێراقەوە

 ناس کورد- 

ئاژانسى ڕۆيتەرز بڵاویکردەوە، توركيا دەستى كردوە بە بەكارهێنانى ستراتيژێكى نوێ لەشەڕى دژى پارتى كرێكارانى كوردستان "پەكەكە" كە چەندين دەيەيە بەردەوامە و ئەويش ئەوەيە كە شەڕەكە دەبات قوڵاييەكى زياتر لەناو خاكى عێڕاقدا.

 

ڕۆيتەرز لە ڕاپۆرتێكدا بڵاويكردوەتەوە، ستراتيژى نوێى توركيا بريتييە لە دروستكردنى بنكەى سەربازى زياترى كاتى و بەكارهێنانى فڕۆكەى بێفڕۆكەوان بۆ بەئامانجگرتنى گەریلاکانى پەکەکە كە لە چياكانى باكورى عێراقدا جێگير بوون.

 

ئاژانسەكە لە زارى چەند بەرپرسێكى توركياوە ئەوەى بڵاوكردوەتەوە، نوێترين شەڕەكان لەچەند ناوچەيەك تەركيزيان دەخرێتە سەر ئەوانيش حەفتانين و متينا لە نزيك سنورەكانى سوريا، هەروەها ناوچەكانى نزيك لە ئێران وەك ئافاسين و هاكورك، ئەوانەش خاڵى دەستپێكردنى هێرشەكانن بۆ سەر گرنگرين ناوچەكانى پەكەكە لە چياى قەنديل.

 

يەكێك لەو بەرپرسانە باسى لەوە كردوە، رێچكەى نوێ بريتييە لە لەناوبردنى سەرچاوەى هەڕەشەكە لەو ناوچەوەى كە دێت، هێزەكانى توركيا لە چوارچێوەى پرۆسەى "چنگى پڵنگ" كە لە 17\6\2020 دەستيپێكردوە 40  كيلۆمەتر چوونەتە قوڵايى خاكى عێراقەوە  و زياتر لە 30 بنكەى سەربازى كاتى دامەزرێنراون.

 

بەرپرسێكى ترى توركيا ئەوەى بە ڕۆيتەرز وتووە، ئەم پرۆسەيە ئامانج لێى مسۆگەركردنى ئارامى سنورەكانى توركيا و ڕێگەگرتن لە چەكدارانى پەكەكەیە بۆ ئەوەى دزە نەكەنە ناو خاكى سوريا و دواتريش توركيا، لەكاتێكى گونجاويشدا هەڵسەنگاندن بۆ لێدانى چياى قەنديل دەكرێت.

 

ڕۆيتەرز جەختیشى كردوەتەوە، ناتوانرێت كە بزانرێت قسەى ئەو بەرپرسە توركيانە تاچەند تەواوە دەربارەى دەستكەوتە سەربازيەكان، بەڵام شيكەرەوە و بەرپرسانى كوردى هەرێمى كوردستان دەڵێن كە هێرشە ئاسمانى و زەمينيەكانى توركيا سنورەكانى تێپەڕاندووە زياتر لە هێرشەكانى پێشووترى.

 

ڕونيشكراوەتەوە، دەسەڵاتدارانى هەرێمى كوردستان بە ورياييەوە مامەڵە لەگەڵ پلانە سەربازيەكانى توركيا دەكەن ئەويش لە ترسى توركيا كە دووەم گەورەترين سوپاى هاوپەيمانى ناتۆيە، بەرپرسێكى كورد ئاماژەى بەوەداوە كە بەغداد بە ئاراميەكى زۆرەوە مامەڵە دەكات و و ئێمەش ناچارين كە زۆر ئارام بين، بەپێچەوانەوە گرژى لەگەڵ توركيا دروست دەبێت.

 

بەپێى راگەیەندراوەکان، لەدواى شكستهێنانى ئاگربەست لەساڵى 2015 لەنێوان توركيا و پەكەكە تائێستا نزيكەى پێنج هەزار كەس بەهۆى گرژيەكانى نێوان هەردولاوە لەناوچەكە كوژراون، 10% ى ئەو قوربانيانەش لە هەرێمى كوردستان بووە، بەڵام لە سەرەتاى ئەمساڵەوە ڕێژەى زيانى گەریلاکانى پەکەکە لە عێراق بەرزبووەتەوە بۆ 70%.

 

بيركاى مانديراكى شيكەرەوەى كاروبارى توركيا لە گروپى قەيرانە نێودەوڵەتيەكان دەڵێت، وا دەردەكەوێت كە بەكارهێنانى تەكنەلۆژياى فڕۆكەى بێفڕۆكەوان باڵانسى هێزى لەسەر زەوى بەشێوەيەكى ئاشكرا گۆڕيوە و ئێستا توركيا دەتوانێت لەو شوێنانە دواى ئەو چەكدارانە بكەوێت كە پێشتر نەيدەتوانى و سەخت بوون.