گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سیاسەتى نوێی ئێران لە عێراق؛ عامرى و حەکیم بۆ شوێنى سەدر و مالیکى

2020.07.22 - 14:44
App store icon Play store icon Play store icon
سیاسەتى نوێی ئێران لە عێراق؛ عامرى و حەکیم بۆ شوێنى سەدر و مالیکى

ناس کورد-

تاران بەدواى جێگرەوەى دوو گەورەترین کەسایەتی کاریگەریدا دەگەڕێت لە گۆڕەپانى سیاسی عێراق کە لەدواى ساڵى 2003 وە شوێنپێی خۆیان قایمکردووە و ئێستا "کاریگەرییان نەماوە"، ئەوانیش هەریەکە لە موقتەدا سەدر ڕابەرى ڕەوتى سەدر و نورى مالیکى سەرۆکوەزیرانى پێشوترە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى رۆژنامەى عەرەبى لەندەنى.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راپۆرتەکە، سەدر ڕۆڵە درەوشاوەکەى خۆى لەدەستداوە کە ئێران پەناى بۆ بردبوو بۆ هەڵمژینى توڕەیی شەقامى عێراقى دژە حکومەتە یەک لەدواى یەکەکان کە حزبەکانى هاوپەیمانى تاران کۆنترۆڵیان کردبوو، سەدر متمانەى خۆپیشاندەرانى هەژار و پەراوێزخراوى لەدەستداوە کە سەرچاوەى قورسایی خۆى و رەوتەکەى بوو.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، بەپێچەوانەى ساڵانى ڕابردوو، سەدر ئەمجارە ڕۆڵێکى گەورەى لە دانانى سەرۆکوەزیران و پێکهێنانى حکومەتدا نەبوو، سەرەڕاى بوونى زیاتر لە 50 کورسی پەرلەمان کە بەیەک ئاماژەى ئەو دەجوڵێن. هاوبەشە شیعییەکانیشى بەزۆرى متمانە بە هەڵوێستەکانى ناکەن لەبەرئەوەى بەخێرایی گۆڕانیان بەسەردا دێت.

 

سەبارەت بە مالیکى، راپۆرتەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو پیاوە هێشتا باجى جێهێشتنى دەسەڵات لەساڵى 2014 دەدات، لەسەر ئاستى پەرلەمان ژمارەیەک کورسی لەدەستداوە لەگەڵ کاریگەرى سیاسی.

 

بەپێی راپۆرتەکە، بەپێچەوانەى رۆڵى مالیکى لەسەردەمى دەسەڵاتى حەیدەر عەبادیدا، لەسەردەمى کازمیدا مالیکى رۆڵیکى کاریگەرى نییە لە گۆڕەپانى سیاسی، بەشێوەیەک کە محەمەد جەواد زەریف وەزیرى دەرەوەى ئێران لەکاتى سەردانەکەیدا بۆ بەغدا پشتگوێی خست و لەگەڵیدا کۆنەبووەوە.     

  

غالب شابەندەر سیاسەتمەدارى عێراقى دەڵێت، نوسینگەى مالیکى هەواڵى ناڕازیی بوونى مالیکیان لەسەردانینەکردنى زەریف دزەپێکردووە، لە ئاماژەیەکدا بۆ بایکۆتکردنى ئێران، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە تاران بایکۆتى مالیکى کردووە دواى سوتانى کارتەکانى دەستى.  

 

سەردانەکەى زەریف دیوێکى دیکەى گۆڕانکارى لەناو گۆڕەپانى سیاسی شیعى لە عێراق دەرخست، کاتێک ئەو بەرپرسە ئێرانییە تەنها دوو سەرکردەى شیعى بینى، کە پێکهاتوون لە هادى عامرى و عەمار حەکیم.

  

قورسایی عامرى بەستراوەتەوە بەوەى سەرۆکى هاوپەیمانى فەتحە، کە نوێنەرى گرنگترین میلیشیا چەکدارەکانى پشتیوانى ئێرانى تێدایە. سەربارى ئەوەى هاوپەیمانێتییەکە هەڵوێستێکى توند و هاوشێوەى بەرپرسانى ئێرانى هەیە بەرانبەر بوونى سەربازى ئەمریکا لە عێراق و هەڵوێستەکانى دژى سعودیە.

  

سەبارەت بە حەکیم، راپۆرتەکە پێیوایە حەکیم لەدواى راسپاردنى کازمییەوە دەستکەوتى گرنگى بەدەستهێناوە، ئەو پشتیوانى لە کاندیدکردنى کازمى کردووە و هەوڵیداوە هێزە شیعییەکان پشتیوانى بکەن، بەبەرزکردنەوەى دروشمى "پێویستى پارێزگارى دەوڵەت لە داڕوخان"، بەشێوەیەک لە شێوەکان هێزە شیعییەکان کازمى لەسەر حەکیم هەژمار دەکەن.

  

لە راپۆرتەکەدا باس لەوەشکراوە، هەڵکشانى عامرى و حەکیم لەسەر حسابی سەدر و مالیکى لە گۆڕەپانى سیاسی شیعیدا لە عێراق، رەنگدانەوەى پێویستى ئێرانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵوێستى روونى سیاسی لە عێراق، لەبارەى دژایەتى و پشتیوانى حکومەت و داهاتووى هێزەکانى ئەمریکا و دۆسیەى پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانى کەنداو.

      

بەکردەیی، عامرى و حەکیم هەڵوێستى رونیان لەبارەى ئەو دۆسیە سەرەکیانە نیشانداوە کە سیاسەتمەدارانى ئێران پێوەى سەرقاڵن، یەکەمیان بەروونى لەریزى تاران وەستاوە، دووەمیشیان پشتیوانى حکومەتە و دەیەوێت پەیوەندى بەتینی هەبێت لەگەڵ وڵاتانى کەنداو، ئەمریکا و رۆژئاوا.  

 

  لەگەڵ ئەو ئاستەنگیانەى روبەڕووى تاران بوووەتەوە لەسەر ئاستى جیهان، قەیرانى پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمریکا و زۆرێک لە وڵاتانى ناوچەکە، مامەڵەکردنى ئەو وڵاتە لەگەڵ عامرى و حەکیم لە عێراق رێگەى پێدەدات پارێزگارى بکات لەسەرجەم کەناڵە کراوەکان، بۆ ئەوەى هەر کاتێک پێویستى بوو بەشێوەیەکى کتوپڕ پەنا بۆ هەر یەکەیان ببات.