گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

رەنگە سەربکێشێت بۆ کشانەوە لە حکومەت

یەکێتى مەرج بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانى پەرلەمان دادەنێت (تایبەت)

2020.07.22 - 13:18
App store icon Play store icon Play store icon
یەکێتى مەرج بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانى پەرلەمان دادەنێت (تایبەت)

ناس کورد-

فراکسیۆنى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان چەند مەرجێکى داناوە بۆ بەشداریکردنى لە کۆبوونەوەکانى پەرلەمانى کوردستان، کە خۆیان دەبیننەوە لە پێداچونەوە بە رێککەوتنەکان و پرسی هاوسەنگى لە حکومەت و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر موچە و بودجە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەچەند رۆژى ڕابردوودا ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى بڕیاریدا لەسەر هەڵپەساردنى بەشدارى فراکسیۆنى یەکێتى و سەرۆکى پەرلەمان لە دانیشتنەکانى پەرلەمانى کوردستان کە لە 26ى مانگى ڕابردووەوە و بەهۆى کێشەى نێوان پارتى و یەکێتى یەوە کۆنەبووەتەوە.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەى دەست ناس کورد کەوتووە، بڕیارە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکى نێوان فراکسیۆنى یەکێتى و بەرپرسانى باڵاى یەکێتى تاوتوێی بڕیارى هەڵپەساردنەکە بکرێت.

 

سەرچاوەیەک لە فراکسیۆنى یەکێتى بەناس کوردى ڕاگەیاند، مەرجى ئەوان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان ئەوەیە کە رێککەوتنەکان کارابکرێنەوە و پێداچونەوەیان پێدا بکرێت، هاوسەنگى بۆ حکومەت بگەڕێتەوە، پرسی شەراکەت لە حکومەت بچەسپێت.

 

وتیشى، "بەشێکى دیکەى مەرجەکان پرسی رێککەوتنى هەرێمە لەگەڵ بەغدا، لەگەڵ چارەسەرکردنى پرسی موچەى فەرمانبەران".

 

بڕیارى هەڵپەساردنى بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن یەکێتییەوە لەکاتێکدایە، چاوەڕواندەکرێت بەم نزیکانە پارتى و یەکێتى کۆبنەوە بۆ چارەسەرى کێشەکانى نێوانیان.

 

سەرچاوەکە وتى، "ئەو خەڵکەى دەنگیداوە بە هاوسەرۆکان و سەرکردایەتى نوێی یەکێتى چاوەڕوانیان لێ هەیە، دەبێت پارتیش ئەوە بزانێت کە ئەمە سەرکردایەتییەکى نوێیە".

 

وتیشى، "ئەگەر کۆبونەوەى پارتى و یەکێتى نەکرێت و کێشەکان چارەسەر نەکرێن دۆخەکە زۆر خراپ دەبێت، رەنگە یەکێتى دەست بۆ بژاردە قورسەکە ببات کە کشانەوەیە لە حکومەت".

 

لەبارەى ئەوەى مەرجەکانیان بە پارتى گەیاندووە یاخود نا، سەرچاوەکە باسى لەوەکرد، کێشەکە ئەوەیە پارتى دەیەوێت دۆخى ئێستا بەم شێوەیە بەردەوام بێت کە یەکێتى لەگەڵ ئەوەدا نییە.

 

کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆى فراکسیۆنى یەکێتى و بەپرسانى ئەو حزبە بۆ تاوتوێکردنى بڕیارى هەڵپەساردنى دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان لەکاتێکدایە، چاوەڕواندەکرێت هەفتەى داهاتوو پەرلەمان کۆبوونەوەکانى دەستپێبکاتەوە.

 

ناس کورد پەیوەندى بە بەرپرسانى فراکسیۆنى یەکێتییەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوون بەفەرمى هیچ قسەیەک لەو بارەیەوە بکەن.

 

پەرلەمانى کوردستان نزیکەى مانگێکە کۆنەبووەتەوە، بەهۆى کێشەى نێوان لایەنەکان بەتایبەتى پارتى و یەکێتى لەسەر ئاڕاستەى کارى پەرلەمان و کێشەکانى دیکەى نێوانیان.

 

بڕیاربوو ئەمڕۆ دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان کۆبێتەوە بۆ ئامادەکاریی دەستپێکردنى کۆبوونەوەکان، بەڵام کۆبوونەوەکە نەکرا بەهۆى بەشدارنەبوونى سەرۆکى پەرلەمانەوە لە پشکى یەکێتى.

 

هێمن هەورامى جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان لە لێدوانێکى رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند "26-27-28 زنجیرەیەک کۆبوونەوە پەرلەمان دەبەسترێت، هیچ رێگرییەکى سیاسی و یاسایی نابینن، کارەکانى پەرلەمان بۆ هیچ حزبێک پەکناخرێت".  

  

لەبارەى بڕیارى یەکێتى بۆ هەڵپەساردنى بەشداریکردن لەکۆبوونەوەکانى پەرلەمان و ئەگەرى بەشدارینەکردنى سەرۆکى پەرلەمان، هێمن هەورامى وتى "ئەوەى تا ئێستا هەیە ئەوەیە تەفاهومێکى باش هەیە تا پێکەوە بتوانین بە تەوافوق پێکەوە کارەکان بکەین".  

 

تا ئێستا رێواز فایەق سەرۆکى پەرلەمان لە پشکى یەکێتى هیچ هەڵوێستێکى لەبارەى بڕیارى حزبەکەى بۆ هەڵپەساردنى بەشدارى لەدانیشتنەکانى پەرلەمان ڕانەگەیاندووە، بەڵام لەدواى بڕیارەکەوە لەنوسینگەکەى خۆى لە پەرلەمان دەوام دەکات.

 

مونا قەهوەچى سکرتێرى پەرلەمانى کوردستان بە رۆژنامەنوسانى ڕاگەیاند، سەرۆکى پەرلەمان لەکۆبوونەوەى دەستەى سەرۆکایەتى بەشدار دەبێت و پێکەوە بڕیار لەسەر کارنامەى کۆبونەوەى یەکشەممە دەدەن.