گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەفتەى داهاتوو کەیسەکە یەکلایی دەکرێتەوە

لیژنەى لێکۆڵینەوە: هاوسەری سێوان قادر تاوانبارە

2020.07.22 - 12:22
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەى لێکۆڵینەوە: هاوسەری سێوان قادر تاوانبارە

ناس کورد-

هەفتەى داهاتوو دانیشتنى کۆتایی دادگا لەسەر کەیسى گیانلەدەستدانى سێوان قادر و منداڵەکانى بەرێوەدەچێت و سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەى وەزارەتی ناوخۆش لە کەیسەکە دەڵێت، بەڵگەکان گەواهیدەرن بۆ تاوانبارکردنی تۆمەتبارى ڕووداوەکە کە هاوسەرەکەیەتی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە کۆتایی ساڵى ڕابردووەوە زنجیرەیەک دانیشتنى دادگا لەسەر دۆسیەى سوتانى سێوان قادر و منداڵەکانى لەدادگاى سلێمانى بەرێوەچووە و تا ئێستا دۆسیەکە یەکلایی نەکراوەتەوە.

 

سەرکەوت عومەر، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "هەفتەى داهاتوو دانیشتنى کۆتایی دادگایی لەسەر کەیسەکە بەڕێوەدەچێت".

 

وتیشى، "هەموو بەڵگەکان گەواهیدەرن بۆ تاوانبارکردنی تۆمەتبار و دڵنیاشین لە دڵسۆزی و ویژدانی بەرزی دادوەرە بەڕێزەکانی دادگای تاوانەکان".

 

لەدۆسیەکەدا پەنجەى تۆمەت ئاڕاستەى هاوسەرى سێوان و کەسێکى دیکە کرابوو، بەڵام دادگا پێشتر بەبریارێک ئەو کەسەى دیکەى ئازادکرد و لە ئێستادا تەنها هاوسەرى سێوان وەک تۆمەتبار هێڵراوەتەوە.

 

سەرکەوت عومەر وتى، "ئەنجامى لیژنەکە ئێمەیە تەنها ئەوەیە کە دەڵێین بەڵگەکان گەواهیدەرن بۆ تاوانبارکردنی تۆمەتبار، دادگا یەکلایی دەکاتەوە کە بە چى تۆمەتبار دەکرێت بە هاندان یان کوشتن یان شتى دیکە، ئێمە لەجیاتى دادگا بڕیارمان نەداوە، ئەوە دادگایە بڕیار دەدات و دۆسیەکە یەکلا دەکاتەوە".

 

ڕۆژى 16ی کانونى یەکەمى 2018 سێوان قادر و سێ منداڵى لەماڵى خۆیان لە چەمچەماڵ سوتان و منداڵەکان گیانیان لەدەستدا، سێوانیش دواى چەند رۆژێک مانەوەى لە نەخۆشخانە گیانى لەدەستدا.