ناس کورد-
دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی دەستپێکردنەوەى دانیشتنەکانى پەرلەمان لە هەفتەى داهاتوودا و وەڵامەکەى حکومەتى هەرێم لەبارەى بەشداریکردنى چەند وەزیرێک لەکۆبونەوەکانى پەرلەماندا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هێمن هەورامى جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان لە لێدوانێکى رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان کۆدەبێتەوە، دواى ئەوەى حکومەتى هەرێم وەڵامیدانەتەوە بۆ بەشدارى وەزیرانى پێشمەرگە و ناوخۆ و وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى دانوستان و سەرپەرشتیارى کاتى دەستەى ناوچە کوردستانییەکان لە دانیشتنەکانى پەرلەمان.
وتیشى "26-27-28 زنجیرەیەک کۆبوونەوە پەرلەمان دەبەسترێت، هیچ رێگرییەکى سیاسی و یاسایی نابینن، کارەکانى پەرلەمان بۆ هیچ حزبێک پەکناخرێت".
لەبارەى بڕیارى یەکێتى بۆ هەڵپەساردنى بەشداریکردن لەکۆبوونەوەکانى پەرلەمان و ئەگەرى بەشدارینەکردنى سەرۆکى پەرلەمان، هێمن هەورامى وتى "ئەوەى تا ئێستا هەیە ئەوەیە تەفاهومێکى باش هەیە تا پێکەوە بتوانین بە تەوافوق پێکەوە کارەکان بکەین".
تاوتوێکردنى پرسی دەستپێکردنەوەى دانیشتنەکانى پەرلەمانى کوردستان لەکاتێکدایە، سەرکردایەتى یەکێتى لەچەند رۆژى ڕابردوودا بڕیاریدا بەشدارى فراکسیۆنەکەى و سەرۆکى پەرلەمان لە کۆبوونەوەکانى پەرلەمان هەڵپەسێرێت.
زانا مەلا خالید پەرلەمانتارى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند، چاوەڕوانى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانن بۆ ئەوەى کاتى دانیشتنەکە دیارى بکات بە ئامادەبوونى وەزیرەکان.
لەبارەى بوونى هەماهەنگى لەگەڵ فراکسیۆنى یەکێتى بۆ ئەوەى بەشدارى کۆبوونەوەکە بکەن لەکاتێکدا بڕیارى هەڵپەساردنیان داوە، زانا مەلا خالید وتى "ئێمە هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکان هەیە، بەڵام هێشتا وادەى کۆبوونەوەکە دیارینەکراوە، ئەو بڕیارەش پەیوەندى بەو فراکسیۆنە خۆیەوە هەیە".
وتیشى "نابێت کارەکانى پەرلەمان رابگیرێت چونکە ئەو دامەزراوەیە لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراوە".