گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانکۆکە لە بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە نزیکبووەتەوە

توێژەرێکی زانکۆی ئۆکسفۆرد: لەوانەیە كۆتايى ئەمساڵ ڤاكسينى كۆرۆنا ئامادە بێت

2020.07.21 - 22:03
توێژەرێکی زانکۆی ئۆکسفۆرد: لەوانەیە كۆتايى ئەمساڵ ڤاكسينى كۆرۆنا ئامادە بێت

ناس کورد-

گەورە توێژەری تيمى زانكۆى ئۆكسفۆرد كە كار لەسەر گەشەپێدانى ڤاكسينى دژە ڤايرۆسى كۆرۆنا دەكەن دەڵێت، لەوانەيە كۆتايى ئەمساڵ ڤاكسينەكەيان بەردەست بێت، ئەوەش ئەگەرێكە و دڵنيايى نييە لەو بارەيەوە.

 

ئەو ڤاكسينەى كۆمپانياى "ئەسترا زينيكا" بۆ دروستكردنى دەرمان گەشەى پێداوە و لە قۆناغى يەكەمى تاقيكردنەوەدا لەسەر توشبووان سيستمى بەرگریی جەستەى پەرەی پێداوە و سەركەوتوو بووە، ئەوەش هيوايەكە بۆ ئەوەى ڤاكسينەكە لەكۆتايى ئەمساڵدا بەدەست بێت.

 

لەو بارەيەوە "سارە گيلبێرت" گەورە شيكەرەوەى تيمى گەشەپێدانى ڤاكسينەكە بە دەستەى ڕاديۆى بەريتانى "BBC" وتووە، ئەگەرى هەيە كۆتايى ئەمساڵ ڤاكسينەكە بەردەست بێت، بەڵام بە تەئكيدى نا، چونكە پێويستە لێكۆڵينەوە لەسەر سێ بابەت بكرێت.

 

باسى لەوەشكردوە، پێويستە جەخت لەسەر سەركەوتوويى بكرێتەوە لە قۆناغەكانى تاقيكردنەوەدا، هەروەها پێويستە بڕێكى زۆرى لێ دروست بكرێت، سەرەڕاى ئەوەش دەبێت لايەنە تايبەتمەندەكان بەخێرايى ڕەزامەندى بدەن لەسەر بەكارهێنانى بۆ حاڵەتى لەناكاو و پێويست.

 

سارە گيلبێرت ئەوەى ڕونكردوەتەوە، پێويستە ئەو سێ بابەتە ڕووبدات پێش ئەوەى كە لەسەر ژمارەيەكى زۆر خەڵك بەكاربهێنڕێت.

 

ژمارەى توشبوانى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە جيهاندا بەردەوامە لە بەرزبونەوە و تائێستا نزيكەى 15 مليۆن كەس توشبوون و زياتر لە 615 هەزار كەسيش گيانيان لەدەستداوە، چەندين كۆمپانيا و دامەزراوەى گەورەى جيهانيش لە كێبڕكێدان بۆ دروستكردنى ڤاكسنێكى سەركەوتوو.