گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هێمن هەورامی ’’ڕێگەی نەدا داواکاری دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ ڕەوانەى حکومەت بکرێت’’

2020.07.21 - 21:39
هێمن هەورامی ’’ڕێگەی نەدا داواکاری دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ ڕەوانەى حکومەت بکرێت’’

ناس کورد-

لە وەڵامی داواکارییەکی فراکسیۆنی کۆمەڵ بۆ دامەزراندنی دەرچووانی یەکەم و دووەمی و سێیەمی زانکۆ و پەیمانگاکان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئامادە نەبووە داواکارییەکە ئاڕاستەی حکومەت بکات و ڕایگەیاندووە، حکومەت پێی وتوون، ئەو جۆرە داواکاریەیان پێشکەش نەکرێت، چونکە هەرێم هەموو جۆرە دامەزراندنێک ڕاگیراوە.

 

عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە: "لە سەرەتای مانگی ئازار و بۆ پاڵپشتی دەرچووانی (یەکەم و دووەم و سێھەم)ـی زانکۆ و پەیمانگەکان، لە ڕێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە یاداشتێکمان ئاراستەی حکومەت کرد بۆ دامەزراندنی دەرچوانی ساڵانی (٢٠١٦ تا ٢٠١٨) .

 

لە وەڵامی داواکەدا، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نوسراوێکی ئاڕاستەی فراکسیۆنی کۆمەڵ کردووە و  تیایدا هاتووە: "ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بەو بابەتە ڕایانگەیاندووە، کە ئەو جۆرە داواکاریەیان ئاڕاستە نەکرێت، چونکە هەموو جۆرە دامەزراندنێک ڕاگیراوە، بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی هەرێم".

لەوبارەیەوە، عەبدولستار مەجید نوسیویەتی: "بەداخەوە کە حکومەت تەنانەت نایەوێت ھیچ داواکارییەکی لەو جۆرەشیان ئاراستە بکرێت ، بەڵام ئێمە لە پشتگیری داوای ئەو کوڕ و کچە دەرچووانە کۆڵ نادەین و بەردەوام دەبین".

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: " پێویستە حکومەت بێتە ژێرباری داوای ڕەوای ئەم دەرچووانە و ساڵانە بودجەیەک بۆ دامەزراندنیان تەرخان بکات، ئەگەر چاوەڕێی باشبوونی دۆخی داراییتان بکەین، ئەوە ماوەی 30 ساڵە ئێوە ھەر دەڵێن دۆخی داراییمان باش نیە".

 

ئەمە لەکاتێکدایە، ژمارەیەکی زۆر لە دەرچووانی یەکەم و دووەم و سێیەمی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ ساڵەکانی 2016 تا 2018 لە چاوەڕوانی دامەزراندان.