گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تێستکردنی تەندروستی سلێمانی بۆ پەتایەکی کوشندە وەها دەبێت؟

2020.07.21 - 20:32
تێستکردنی تەندروستی سلێمانی بۆ پەتایەکی کوشندە وەها دەبێت؟

بەدواداچوونی تایبەت - ئالان م نوری

تێستی کۆرۆنا بەم شێوەیەی ئێستا لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، مایەی نیگەرانی و سەرلێشێوانی تووشبووانە، نەک دڵنیاکردنەوەیان. ئەگەر بە هەمان شێوە لە سەرتاپای هەرێمی کوردستان و عێراقدا بەڕێوەبچێت، ئەوا داتا فەرمییەکانی تووشبوون گەلێک کەمترن لە واقیعی بڵاوبوونەوەی پەتاکە.

 

سەرگوروشتەی کارمەندێکی (ناس نیوز)

زیاد لە سێ هەفتە لەمەوبەر کارمەندێکی ئۆفیسی سلێمانیی(ناس نیوز) نیشانەکانی کۆرۆنای لە خۆیدا بەدیکرد. وەک هەر هاووڵاتییەکی خەمخۆر، بەپەلە خۆی گەیاندە بنکەی تێست کردن و کارمەندانی تەندروستی تێستی دیاریکردنی تووشبوون بە کۆرۆنایان بۆ ئەنجام دا (ئەو تێستەی کە بەوەرگرتنی سامپڵی ناو کونە لووت ئەنجام دەدرێت و بە تێستی "سواپ" ناسراوە و لە ماوەی سی رۆژدا ئاکامەکەی دەردەکەوێت). بە پێی رێنماییەکان ئاگادارکرایەوە کە خۆی لە ماڵەوە کەرەنتین بکات تا ئەو کاتەی ئاکامی تێستەکەی بە نامەی تەلەفۆن بۆ دەنێرن.

 

پاش ئەوەی نزیکەی دوو هەفتەی سەختی لە چاوەڕوانیی تێپەڕاند و خۆی لە تەواوی خێزانەکەی و لە دەوروبەر جیاکردەوە و هەموو نیشانەکانی پەتاکەی بە قورسی لێ دەرکەوت، نامەی تەلەفۆنیی بۆ هات کە تێستەکەی پۆزەتیڤە و کۆرۆنای هەیە. 

 

کارمەندە هوشیارەکەمان تەلەفۆنی بۆ بنکە تەندروستییەکە کرد و پێی راگەیاندن کە ئەو دوو هەفتەی تێپەڕاندووە و گەلێک لە نیشانەکانی بەرەو چاکبوون دەچن و دەیەوێت بزانێت کەی دەتوانێت لە کەرەنتین بێتە دەرەوە چیدی ترسی تووشکردنی خێزانەکەی و هاوکارەکانی و هاووڵاتیانی شاری بە گشتی نەبێت. پیی گوترا، مادەم دوو هەفتەی تەواو کردووە، بچێت بۆ بنکەکە تا تێستی نوێی بۆ بکرێت و بزانن ئایا هەڵگری نەخۆشییەکەیە یان نا. بەڵام کە چوو ئەمجارە، لەبریی ئەو تێستەی پێشوو، تەنها تێستی خوێنی بۆ کرا وئاکامەکەی ئەوە بوو کە دژەتەنی کۆرۆنا لە خوێنیدا هەیە. کە پرسیی ئەمە چی دەگەیەنێت؟ ئایا گەیەنەری ئەم پەتایەیە یان نا؟ لەوەڵامدا پێی گوترا هەفتەیەکی دیکە خۆی کەرەنتین بکات تا جارێکی دی تێستی بۆ دەکەنەوە! (واتە تێستێکی بۆ کرا کە توانای وەڵامدانەوەی پرسیاری "ئایا گەیەنەری پەتاکەیە یان نا؟" ی نەبوو!). دوێنێ هەفتەی سێیەمی تەواو کرد و گەڕایەوە بۆ بنکەکە. هەمان تێستی خوێنی بۆ کرا و بەهەمان شێوە دەرکەوت کە دژەتەنی کۆرۆنا لە خوێنیدا هەیە. بەڵام بە هیچ شێوەیەک دوای زیاد لە سێ هەفتە کەرەنتین نازانێت ئایا دەتوانێت کچە بچکۆلەکەی بگرێتە باوەش؟ ئایا بگەڕێتەوە سەر کار و پەیداکردنی بژێویی خۆی و خێزانی، یان نا؟

 

کارمەندەکەمان پیی راگەیەندرا کە ئەو تێستەی ئەو وەڵامەی دەداتەوە لە لایان نەماوە و ژمارەیەکی دیاریکراوی کەم هەیە و تەرخان کراوە بۆ کەیسە "تایبەتەکان".

جێی داخە کە کەس ئامادە نەبوو ئەو وەڵامەی بە فەرمی بداتێ.

 

گەر وابێت، ئەوا چی؟

گەر وا بێت، ئەم چیرۆکەی سەرەوە، بەشێکی بچووکی تابلۆیەکی  پڕ لە  هەڵەی ترسناکی هەڵمەتی بەرەنگار بوونەوەی کۆرۆنایە لە سلێمانی و پێدەچێت لە عێراقدا بە گشتی:

 

-  لە ئەنجامی کەمیی شوێنەکانی تێست و کەمی ئامێرەکانی ئەنجامدانی تێست و گیراوەی پێویست و ئەودوای پێداویستییە سەرەتاییەکانی ئەو تێستەی پێی دەوترێت سواپ، قەرەباڵغییەکی زۆر هەیە لەسەر ئەو دەزگایانە و ئاکامەکان کە لە بارودۆخی ئاساییدا تەنها سێ رۆژیان پێ دەچێت، ئێستە بە تێکڕا زیاد لە 10 رۆژ دەخایەنن. ئەمە گەر لە عیراقدا بە گشتی وەها بێت ئەوە دەگەیەنێت کە ئامارە فەرمییەکانی هەر رۆژێک دەربڕی واقیعی لانی کەم 10 رۆژ پێشترن! واتە ئەو زیاد لە 97 هەزار تووشبووەی ئەمڕۆ  لە عێراقدا راگەیەندرا، ئاکامی لانی کەم 10 رۆژ لەمەو پێشە و ئێستە نزیکەی 120 هەزار تووشبووە.

 

-  بەجێهێشتنی هاووڵاتیان بۆ نزیکەی دوو هەفتە بێ ئەوەی بزانن کۆرۆنایان هەیە یان نا، ناچاریان دەکات، بۆ بژێوی یان لەبەر هەر هۆیەکی دیکە کەرەنتین بە هەند وەرنەگرن و لە هەڕەتی توانای گەیاندنی نەخۆشییەکەیاندا بچنە دەرەوە و لە ئاکامیشدا خەڵکێکی زیاتر تووش بکەن.

 

-  ئەگەر لەبەر کەمیی تێستی سواپ دەزگا تەندروستییەکان تەنها تێستی خوێن بەکار بهێنن، ئەوا ئەو تێستی خوێنە بە پێچەوانەی مەبەستی زانستی بەکار دەهێنرێت. کەسێک کە تێستی خوێنی نێگەتیڤ بێت، ئەوا تەنها ئەوە دەگەیەنێت کە هێشتا لەشی دژەتەنی کۆرۆنای لە خوێنیدا دروست نەکردووە. واتە دەشێت هەڵگر و گەیەنەری پەتاکە بێت سەرەڕای ئەوەی تێستەکەی نێگەتیڤە.

 

بەهەمان شێوە ئاکامی پۆزەتیڤی تێستی خوێن تەنها ئەوە دەگەیەنێت کە دژەتەن لە خوێنیدا هەیە، نەک ئەوەی کە لە ئێستادا هەڵگر و گەیەنەری پەتاکە بێت.

 

-   ئەم تێستی خوێنە، بەتایبەتی ئەو جۆرەی نەک تەنها بوونی دژەتەن دەپێوێت، بەڵکو رێژەشی لە خوێندا دەپێوێت، بەکەڵکی تەنها دوو شت دێت؛ یەکەم،  بۆ زانینی ئەوەی ئایا پلازمای ئەو کەسە بەکەڵکی بانکی پلازما دێت یان نا. دووەم بۆ گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی کە لەگەڵ خاوەن تێستەکە بەرکەوتەیان بووە، تا ئەوانیش تێست بکرێن. لەمە زیاتر بەکارهێنانی ئەم تێستە بۆ هەر مەبەستێکی دیکە، بەهەڵەدا بردنی داتا فەرمییەکانە و هیچی دیکە. 

 

-  گل دانەوەی تێستی سواپ بۆ "کەیسە تایبەتەکان"، ئەگەر راست بێت، بەڵگەی تێڕوانینێکی زۆر ناشارستانی و نازانستییە بۆ ئەسڵی دیاردەی (پەتا) و شێوەی بڵاوبوونەوەی و دەچێتە ئاستی تاوان دەرهەق بە گشت هاووڵاتیان و تەنانەت دەرهەق بە "کەیسە تایبەتەکان"یش. چونکە بەبێ داتای راست و دروست و بەبێ بەرچاوڕوونی دەسەڵاتی ئیداری و تەندروستی، سیاسەتی هەڵە بڕیار دەدرێت و رێوشوێنەکانی خۆپارێزی فەرامۆش دەکرێن و لە ئەنجامدا چانسی تووشبوونی هەموو هاووڵاتییان، بە "کەیسە تایبەتەکان"یشەوە زیاد دەکات.

 

-  ئەگەر لە ئێستادا کە رۆژانە لە عێراقدا بە تێکڕا 2500 کەس بەفەرمی دسەلمێنرێت کۆرۆنایان گرتووە، ئەوا ژمارەکان روو لە هەڵکشانن. ئێستە قەیرانی نەبوونی تێستی سواپمان هەبێت، ئەوا ئەو قەیرانە زۆر بە خێرایی زۆر قووڵتر دەبێت لە لە چەند هەفتەی داهاتوودا. دابین نەکردنی پێداویستیی تەواوی تێستکردنی هاووڵاتییان، لەبەر هەر لێکدانەوەیەک بێت بۆ قەیرانی ئابووری، کورتبینییەکی ترسناکە و دەرسبەرداربوونی پەرپرسیارییە ئیداری و نیشتمانی و مۆراڵییەکانە.

 

رەشبین نین، بەڵام گەشبینیی بێ بنەماش قەبوڵ ناکرێت!

سەرەڕای کەموکوڕییەکانی داتا فەرمییەکان، پارێزگای سلێمانی دووەمە لە عێراقدا لە کۆی ژمارەی تووشبووان (لە دوای بەغدا دێت) و دووەمیشە لە رێژەی مردن بۆ تووشبوون (لە دوای پارێزگای زیقار دێت)، کەچی سەرەڕای ئەوە دەسەڵاتە ئیداری و تەندروستییەکان باسی هێوربوونەوەی تەشەنەی پەتاکە و چۆڵ بوونی خەستەخانەکان دەکەن، لە کاتێکدا رۆژانە 10 کەس، بە تێکڕا لە خەستەخانەکاندا دەمرن و بەرچاومان روون نییە کە چەند کەس لەدەرەوەی ئامارەکان تووشبوون و رۆژانە خەریکی تووشکردنی خۆشەویستان و هاوکاران و هاووڵاتیانی شارەکەیانن.

 

کارمەندە ئەزیزەکەمان تامەزرۆی گەڕانەوەیە بۆ کار، بەڵام چاوەڕێی دەسەڵاتی تەندروستییە پێی بڵێن کەی دەتوانێت کچە بچکۆلەکەی تێر بگرێتە ئامێز و رۆژانە بەرەو ئەرکە رۆژنامەوانییەکانی لەماڵ بچێتەدەر.