کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد – هەڤاڵ فەتاح
.
بەگوێرەی پۆلێنی ساڵانەی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی "پەیامنێرانی بێسنوور"بۆ ساڵی 2019، ئازادی ڕۆژنامەوانی لە بەشێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندا پاشەکەشی کردووە، تورکیاش 33 پلە لە لیستەکەدا دابەزیوە و عێراقیش چوار پلە سەرکەتووە.
.
لە پۆلێنی ئەمساڵدا بۆ یەكەم جار لە ماوەی سێ ساڵدا كۆریای باكور لە كۆتایی لیستەكەدا نەمایەوە و ئەمجارەیان كۆتایی ریزبەندی لیستەكە بووە شوێنی وڵاتی توركمانستان کە پلەی 180هەمینە.
.
هەروەها وڵاتی عێراقیش هەرچەندە بەبەراورد بە ساڵی ڕابردوو چوار پلە لە لیستەکەدا سەرکەتووە، بەڵام هێشتا لەناوچەیەکی مەترسیداردایە کە پلەی 156ـە.
.
هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، وڵاتی نەرویج لە پلەی یەكەمی لیستەکەدایە، لە پلەی دووەم و سێیەمیشدا هەردوو وڵاتی فینلەندا و سوید دێن، وڵاتی هۆڵەنداش ئەمساڵ چوار پلە پاشەكشەی كرد.
.
سلڤی ئەرینی ئەوربانیك سەرۆكی تیمی پەیوەندی رێكخراوەكە ئاماژە بەوە دەكات پۆلێنبەندییەکە ئەوەی دەرخستووە كە ئازادی ڕۆژنامەوانی لەهەندی وڵاتدا كە پێشتر سەرمەشق بوون بەرتەسك بووەتەوە.
.
ئاماژەی بەوەش كرد، بەشێوەیەكی گشتی كاركردنی ڕۆژنامەنووسان لە هەموو جیهاندا بە كەشێكی نالەباردا تێدەپەڕێت بە تایبەتی لەئەوروپا كە خۆی دەبینێتەوە لە هاندانی زارەكی دژ بە ڕۆژنامەنووسان.
.
سەرۆكی تیمی پەیوەندی رێكخراوەكە روونیدەكاتەوە، دەستدرێژكردنە سەر ڕۆژنامەنووسان لەوڵاتانی ئەوروپا تەنها بە شێوازی جنێودان نەبووە بەڵكو هەندێ جاریش لێدان و ئەشكەنجەدانی لەگەڵدا بووە.
.
ئەو نموونە بەوە دەهێنێتەوە كە تەنها لە وڵاتی ئەڵمانیا زیاتر لە 22 حاڵەتی لەو جۆرە تۆماركراوون لەگەڵ شكاندنی كەرەستە رۆژنامەوانییەكانی رۆژنامەنووسان.
.
سەرەڕای ئەوەی ئەڵمانیا دوو پلە هاتووەتە پێشەوە لەلیستەكدا، بەڵام هەندێ لە چاودێرانی ئەو بوارە هۆكاری ئەوەیان گەڕاندوەتەوە بۆ پاشەكشەی چەند وڵاتێكی دیكە وەك نەمسا كە پێنج پلە گەڕاوەتەوە دواوە و چۆتە پلەی شانزەهەم، ئەوەش بە هۆی بەرتەسككردنەوەی كاری ڕۆژنامەنووسان لە لایەن پارتی ڕاستڕەوی میللی دەسەڵاتدار بە تایبەتی دوای رێنماییەكانی وەزیری ناوخۆی نەمسا لە كەمكردنەوەی پەیوەندی لە نێوان دامودەزگاكانی حكومەت و دەزگاكانی راگەیاندن.
.
پۆلێنبەندییە تازەکە ئەوەشی خستوەتە ڕوو كە هەردوو وڵاتی ماڵتا و سلۆفاكیا لە یەكێتی ئەوروپادا پاشەكشەیان لە فەراهەمكردنی ئازادی ڕۆژنامەوانی كردووە بە هۆی كوشتنی ڕۆژنامەنووس دافنی كاروانا گالیزیا لەساڵی 2017 لە مالتا و كوشتنی یان كوچیاك لە سلۆڤاكیا كە پەیامنێری یەكێك لە كەناڵەكانی ئەو وڵاتە بووە و لەسەر دەستی بزنسمانێك لە ساڵی 2018 كوژرا، ئەم دوو ڕووداوە وایكرد ماڵتا لە پلەی 77دا بێت و سلوفاكیا لە پلەی 35دا بێت.
.
بەپێی پۆڵێنەكەی رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور وڵاتی سعودییە لە پلەی 172دایە ئەوەش بە هۆی كوشتنی ڕۆژنامەنووس جەمال خاشقچی و وڵاتی توركیاش 33 پلە پاشەكشەی كردوو بە بەراورد بە پۆلێنەكەی ساڵی ڕابردوو و ئێستا لە پلەی 157دایە، لەبارەی توركیاوە ئەوربانیك دەڵێت "توركیا ئەو وڵاتەیە كە تائێستاش ڕۆژنامەنووسانی تێدا زیندانی دەكرێت".
.
.