گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’ناکرێت لە حکومەت بەردەوام بن و پەرلەمان پەک بخەن’’

ئومێد خۆشناو پەیامێکی بۆ یەکێتی نارد.. ’’هیچ حزبێک مافی پەکخستنی پەرلەمانی نییە’’

2020.07.21 - 16:37
ئومێد خۆشناو پەیامێکی بۆ یەکێتی نارد.. ’’هیچ حزبێک مافی پەکخستنی پەرلەمانی نییە’’

ناس کورد-  

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان پەیامێکی بۆ یەکێتی نارد و ڕایگەیاند، هیچ حیزبێك مافی ئەوەی نییە كارەكانی پەرلەمان پەكبخات و نابێت کاری پەرلەمانی تێکەڵ بە پرسی سیاسی بکرێت، دەشڵێت، ناكرێت لە حكومەت بەردەوام بن بەڵام پەرلەمان پەك بخەن.  

 

ئەمڕۆ سێشەممە، 21ی تەموزی 2020، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ڕێوشوێنە پەیڕەوییەكان بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان گیراونەتەبەر و سبەینێ چوارشەممەش، سەرۆكایەتیی پەرلەمان كۆدەبێتەوە و ئومێد دەكەین بەرنامەی كار ڕابگەیەنن، وەك ئەوەی پێشتر لە سەری رێككەوتووین لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دانیشتن ئەنجام بدرێت".

 

وتیشی: "هەر ئەمڕۆ وەڵامی حكومەتی هەرێم هاتووەتەوە بۆ پەرلەمان كە حكوومەت ئامادەیە لەسەر ئەو كەسانەی پەرلەمان داوای كردووە و نوێنەر و وەزیرەكان بچنە پەرلەمان و لە هەفتەی داهاتووش لە كۆبوونەوەی پەرلەمان ئامادەی كۆبوونەوە بن".

 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەشكرد: "وەكو فراكسیۆنی پارتی بڕیاری پەكخستنی كارەكانی پەرلەمان بە خراپ دەبینین و لەگەڵ ئەو بڕیارە نین، هیچ حیزبێكیش مافی ئەوەی نییە كە كارەكانی پەرلەمان پەكبخات، هیچ هۆكارێكی سیاسی نابێت ببێتە هۆكاری ئەوەی كارەكانی پەرلەمانی پێ پەك بخرێت".

 

ئومێد خۆشناو جەختیکردەوە: " دەبێت هەردوو فراكسیۆنی پارتی و یەکێتی هاوكار بین بۆ ئەوەی سەركردایەتییەكانی خۆمان زووتر رێك بكەون و زووتر دانیشتن هەبێت، ئێمەش لەگەڵ دانیشتنین".

 

"هەر ئەمڕۆ جەختمان لەسەر ئەوە كردەوە كە پابەندین بەو رێككەوتنانەی كە لە ڕابردوودا هەمانە و لەگەڵ نەفەسی تەوافووقداین لە پەرلەمان و بەیەكەوە كارەكان بەردەوامی پێ بدەین، پێشنیازیشمان كردووە بەردەوامی بە تەوافووقی نێوانمان بدەین"، ئومێد خۆشناو وای وت.

 

 

خۆشناو جەختیشیکردەوە: "پەرلەمان دامەزراوەیەكی نیشتیمانییە و دەبێت دوور بخرێتەوە لەو دەستتێوەردانی حیزبی، لەرابردوودا رێككەوتنی سیاسیمان هەبووە و رێككەوتنەكە یەك پاكێجە لە پەرلەمان و لە حكومەت، ناكرێت لە حكوومەت بەردەوام بن، بەڵام پەرلەمان پەك بخەن، پێویستە پەرلەمان چەترێك بێت هەموومان كۆبكاتەوە و هیچ رێگایەكی یاسایی و پەیڕەوی نییە رێگا بە پەكخستنی كارەكانی پەرلەمان بدات".