گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەگەر رووبدات کێ براوەى شەڕەکە دەبێت؟

ئایا لە مانگى ئۆکتۆبەردا شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و ئێران روودەدات؟ 

2020.07.21 - 15:44
ئایا لە مانگى ئۆکتۆبەردا شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و ئێران روودەدات؟ 

ناس کورد-

گۆڤارێکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئیسرائیل هەوڵدەدات هێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوە ستراتیژییەکانی ئێران لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا چڕتربکاتەوە و ئێران ناچار بکات پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا جەنگی لەگەڵدا بەرپا بکات. 

 

ئاماژە بەوەشکراوە، پێشبینی دەکرێت بڵێسەی ئاگری جەنگی نێوان هەردوولا لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا بگات بە لووتکە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری"نیویۆرک"ى ئەمریکی، ڕووداوەکانی چەند هەفتەی ڕابردوو لە ئێران کە تێیدا ژمارەیەک دامەزراوەی سەربازیی و مەدەنی ئەو وڵاتە دوچاری تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە بوونەوە ئەوە دەردەخات کە بەشێکی زۆری پەیوەستە بەدەستی دەرەکییەوە.

 

لە راپۆرتەکەدا هاتووە "کات و ساتی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی ئێران مەرامێکی دیاریکراوی لەپشتەوەیە کە ئەوەش هەڵگیرسانی ململانێیەکی توندە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەش پێش وادەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە بڕیارە لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا بەڕێوە بچێت".  

 

ڕاپۆرتەکەی گۆڤاری" نیویۆرک" ئەوەی خستوەتە ڕوو، "بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانەی کە ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی هێرشەکان بەمەبەست بووە و( یوسی کۆهین) سەرۆکی دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی بەئەنقەست دزەی بە زانیارییەکان کردووە بۆ ئەوەی بەشێک بێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت دژ بە (بنیامین نەتەنیاهو) سەرۆکوەزیرانی ئێستاى ئیسرائیل".

 

ئەمە لەکاتێدایە کە بەرپرسێکی هەواڵگریی یەکێتی ئەوروپا بە ماڵپەڕی "ئینسایدەر"ی ئەمریکی ڕایگەیاندبوو، "هێرشکردنە سەر دامەزراوەی (نەتنز)ی ئێران کە تایبەتە بە پیتاندانی یۆرانیوم دەستی ئیسرائیلی تێدا بووە و هێرشەکەش دەبێتە هۆکاری ڕاگرتنی چالاکییەکانی ئێران لەو بوارەدا بۆ ماوەی سێ مانگ".      

 

 پڵنگەکانی نیشتیمان.

گۆڤارە ئەمریکییەکە لە ڕاپۆرتەکەدا جەختیلەوەکردوەتەوە، "ئیسرائیل بەهاوکاری گروپێکی یاخیبوو و جیابووەوە لە سوپای ئێران کە ناوی خۆیان ناوە( پڵنگەکانی نیشتیمان) هێرشەکەی سەر دامەزراوەی (نەتنز)یان ئەنجامداوە، چونکە پاش چەند خولەکێکی کەم لە ئەنجامدانی هێرشەکە ئەو گروپە نامەیەکی ئەلکترۆنی بۆ کەناڵی (بی.بی.سی) ئەمریکی ناردووە کە تێیدا ئاماژەیان بەوە کردووە ئەوان هێرشەکەیان ئەنجامداوە، بۆیە ئەوە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەو گروپە پێشوەخت ئاگاداری هێرشەکەی ئیسرائیل بوون".  

 

لە ئێستادا حکومەتی ئێران بەدەست چەندین قەیرانی دژوارەوە دەناڵێنێت، بۆیە ئیسرائیل پێیوایە ئەمە باشترین دەرفەتە بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەکی کارا هەرەس بەبەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە بهێنێت.

 

 ڕوودانی جەنگ

 بەگوێرەى ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک، "ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ جەنگ دەکات لەگەڵ ئێران، بۆیە دەیەوێت  پێش هەڵگیرسانی شەڕەکەی لەگەڵ ئەو وڵاتە زیاتر پێگەکانی لە سوریا، لوبنان و عێراق لاواز بکات ئەوەش لەڕێگەی هێرشکردنە سەر ئەو میلیشیایانەى کەلەلایەن ئێرانەوە  پاڵپشتیان لێدەکرێت".

 

 ئەوەشخراوەتە ڕوو، " ئەو سیاسەتەى کە ئێستا ئیسرائیل دژ بە ئێران پەیڕەوی دەکات هاوتەریبە لەگەڵ سیاسەتی دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆیە ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت پێش هەڵبژارنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا شەڕ لەگەڵ ئێراندا بەرپا بکات ئەوەش نەوەک سیاسەتی دەرەوی ئەمریکا پاش هەڵبژاردنەکان بەرانبەر بە ئێران گۆڕانی بەسەردا بێت".

 

گۆڤاری نیویۆرک ئاماژەى بەوەشکردووە" ئێران لە ئامادەباشیدایە بۆ جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل و دەیەوێت تۆڵەی ئەو هێرشانەی سەر دامەزراوەکانی بکاتەوە کە ئەوەش ڕێک وەک ئەو پلانەیە کە ئیسرائیل دایناوە بۆ ئەوەی وەڵامدانەوەی ئێران ببێت بە شەڕێکی گەورە و هاوکات لەگەڵ بوونی ترامپ لەپۆستەکەیدا کە بۆ ئیسرائیل دەرفەتێکی زێرینی گەوڕەیە".

 

 گۆڤاری نیویۆرک ئاماژەی بەوەکردووە،  "بەهەموو پێوەرێک شەڕ لەگەڵ ئێران بە قازانجی ئیسرائیل دەشکێتەوە، چونکە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەیەوێت لەڕێگەی شەڕ لەگەڵ ئێران سەرنجی ڕای گشتی وڵاتەکەی لەسەر کێشە ناوخۆییەکان بگۆڕێت بۆ پرسێکی دەرەکی، لە هەمانکاتیشدا فەرماندە سەربازییەکانی ئیسرائیل بەدەرفەتێکی باشی دەزانن بۆ کەمکردنەوەی توانای ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی".

 

جەختیشکراوەتەوە "ئەگەر ئیسرائیل لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا بەردەوامبێت لە هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی ئێران ئەوا چانسی ڕوودانی جەنگ لە نێوان هەردوولا زیاتر دەبێت کە ئەگەری هەیە ئەو شەڕە ئاسەوارێکی وێرانکەری هەبێت بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، پێشبینی دەکرێت لەمانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا ڕووبدات".