گه‌ڕان

Shadow Shadow
کەنعان مەککیە

هاوڵاتی بوون و بیرۆکەی عێراق

2020.07.21 - 12:47
هاوڵاتی بوون و بیرۆکەی عێراق

نووسینی: کەنعان مەککیە

وەرگێڕانی: ئالان م نوری

 

کەنعان مەککییە نووسەرێکی عێراقیی ناسراوە. خاوەنی کتێبی "کۆماری ترس" و "دڵ رەقی و بێدەنگی" و رۆمانی "فیتنە" یە.  لە رووی بیرکردنەوە و هەڵوێستی سیاسییەوە، کەسایەتییەکی ناسراوی لیبراڵە ولەسەردەمی بەرەنگاریی رژێمی دڕندەی سەددامدا چالاکوانێکی بێلایەن بوو. هەڵوێستی لە داگیرکردنی عێراق بە نیازی رووخاندنی رژێمی بەعس جێی مشتومڕێکی زۆر بوو بەو پێیەی یەکێک بوو لەوانەی کاریان لە بیرکردنەوەی بڕیاردەرە سیاسییەکانی ئەمریکا کرد و هانیان دان بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە رووخانی سەددام و پاشان سیستەمی سیاسیی ئێستای عێراقی لێ کەوتەوە. لەسەرەتای دەسەڵاتی سەربازیی ئەمریکادا وەک راوێژدارێکی سیاسی لەگەڵ ئەو هێزانە کاری کرد. ناس نیوز لە ماوەی رابوردوودا زنجیرەیەک نووسینی تایبەتی بڵاوکردەوە. ئەم بابەتەی لێرەدا وەرمانگێڕاوە وتارێکن لەو زنجیرەیە.

 

هیوادارین بڵاوکردنەوەی ئەم وتارە بە زمانی کوردی هاندەر بێت بۆ کەنعان مەککیە کە لەرێی گۆشەی "پەنجەرەیەکی عەرەبی" ەوە لەمەودوا راستەوخۆ بۆمان بنووسێت.

 

هاوڵاتی بوون و بیرۆکەی عێراق

 

وێنەکێشی عێراقی، ئەحمەد حسێن زەعیم، ئەم تابلۆیەی دروست کرد و ناوی لێ نا "مێینە شێرێکی بریندار".

 

لە گفتوگۆیەک لەگەڵیدا، دەربارەی ئەم کارەی، پێی وتم:  ئەمە هێڵکارییەکە بە قەڵەمی وشکی رەش لەسەر کاغەز دروستم کردووە. ئەوکات ویستم ماتەمینییەک بێت بۆ خوێنی شەهیدەکانی راپەڕینی ئۆکتبەری 2019. شەرمم کرد کارێکی رەنگاوڕەنگ ئەنجام بدەم".

بە رووکەش دەبینین کە ئەم وێنەیە لەسەر سێ ئاستی جیاواز کاردەکات: گەنجی راپەڕیو لە حاڵەتی تێڕامان لەبەردەم پەیکەرێکی سەردیواردا؛ ئاڵایەکی عێراق تێیان ئاڵاوە وەک ئەوە بەشێکی ئاوێتەی جلەکانیان بێت؛ دوا ئاستیش ماتۆڕی "توک توک"ە کە بۆتە هێمای بەردەوامی و رێکخستن لە راپەڕینەکەدا، هەر لە گواستنەوەی برینداران و خواردەنەوە تا گەیاندنی گەنجانی بەشدار بوو بۆ چوونە ناوەوە و هاتنە دەرەوە لە گۆڕەپانی ئازادیی بەغدا...ئەمە ئاستە رووکەشەکانی تابلۆکەیە کە لەیەکەم سەرنجداندا دەردەکەون.

 

بەڵام تێڕامانی قووڵ ئاستێکی دیکەی تابلۆکە دەخاتە روو. گەنجە راپەڕیوەکان دەڕواننە داتاشراوی ئاژەڵێکی بریندار لە سەردەمی ئاشوورییە کۆنەکاندا. کاتی خۆی جەواد سەلیم (پەیکەرتاشی ناسراوی عێراق و خاوەنی داتاشراوی سەر دیواری گۆڕەپانی ئازادی لە بەغدا) کە لە لەندەن دەیخوێند و سەردانی مۆزەخانەی بەریتانیی کردبوو و لەوێ ئەو پەیکەرە داتاشراوە ئەسڵییەی لە هۆڵی راوی شێر لەو مۆزەخانەیەدا بینیبوو، لەبارەیەوە گوتبووی:"هونەر لە میزۆپۆتامیا هەمیشە وەکو گەلی ئەو ناوچەیە وابوو… هونەرمەند لەوێ ئازادانە گوزارشتی لە خودی خۆی دەکرد، تەنانەت کاتێک هونەری بۆ دەوڵەتی ئاشووری بەرهەمدەهێنا، تەنانەت لەو کاتەشدا هونەرمەندی راستەقینە لەڕێی درامای ئاژەڵە بریندارەکەوە دەئاخاوت".

 

توانای کۆکردنەوەی ئەو سێ ئاستە لەگەڵ ئەم پانتاییە کولتوورییە مێژووییە، ئەوەیە کە ئەحمەد حسێن زەعیم، مامۆستای پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا، سەرکەوتووانە دەریبڕیوە.

 

بەڵام کاتێک من سەیری ئەم تابلۆیە دەکەم لە خۆم دەپرسم: ئەو مانا قووڵە ناوئاخنە چییە کە تابلۆکەی زەعیم پێشکەشمانی دەکات؟ بەڕای من بریتییە لە سەرلەنوێ خەیاڵ کردنەوە. بە واتایەکی دیکە سەرلەنوێ خولقاندنی  ئەو بیرۆکەیەیە کە لە وتارێکی پێشوومدا ئاماژەم پێداوە: سەرلەنوێ خولقاندنی بیرۆکەی عێراق.

 

هونەرمەند ئەم گەنجانەی، کە هەر دەبێت عەرەبی خەڵکی بەغدا و پارێزگاکانی باشوور بن، خستوونیەتە بەردەم داتاشراوێکی دیواری ئاشووری کە لە بنەڕەتدا لە نەینەوایە (واتە شاری موسڵ ی باکوور کە ئێستە خاپوور کراوە).

 

ئەم پەیکەرە داتاشراوەی سەر دیوار، دادەبرێت بە نایابترین پەیکەرەکانی مێژووی هونەر و دەگەڕێتەوە بۆ 600 ساڵ پێش زایین. واتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مێژووەی "جاهیلییەت" کە خوێندنەوەی ئیسلامی بۆ مێژوو قینی لێیەتی.

 

زەعیم کاری ئەو هونەرمەندە ئاشوورییەی کە شێرە مێینە بریندارەکەی داتاشیوە، خستۆتە نێو یەک کوورەوە لەگەڵ ئاڵای عێراق کە لە سەدەی بیستدا خولقێنراوە، لەگەڵ ماتۆڕی توک توکی هیندیدا کە لە سەدەی بیستویەکدا هاتۆتە بەغداوە.

 

کە جوانە ئەم پێکەوە بوونەی ئەم توخمە جیاوازانە لە ژێر چەتری "عێراق"دا! عێراق ئەمەیە کە زەعیم گوزارشتی لێدەکات. تەعزێبارێکە بەهۆی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەنجانی کراون. ئەو تاوانانەی کە دەرهەق بە داهاتووی ئەم وڵاتە کراون کە لە خەیاڵی هونەرمەنددا  شێرێکی مێینەی بریندار جێی گرتۆتەوە.

 

لەم بوارەدا زەعیم تەنها نییە.بەڵکو ژمارەیەکی لە بن نەهاتووی وەک ئەو هەن کە وێنەیان کێشا، وێنەیان گرت و تابلۆو و پۆستەر و دروشم و گۆرانییان لە ماڵەکانیاندا و لە  گۆڕەپانی ئازادی و لە گۆڕەپانە جیاجیاکانی عێراقدا بەرهەمهێنا. ئەو گۆڕەپانانە پڕکران لەو جۆرە کارە داهێنەرانە کە دواتر گرووپە چەکدارەکان دەستیان کرد بە دڕاندنیان و بۆیاخ کردن بەسەریاندا ، بۆ ئەوەی لەو یادەوەرییانەی عێراقدا بیانسڕنەوە کە ئەوان لێیان دەترسن. ئەم بەرهەمانە، هەریەکە و بە شێوەیەک لە شێوەکان هێمایان بۆ هەمان بیرۆکە دەکرد کە وشەی "عێراق" لە خۆیدا چڕی دەکاتەوە.

 

بۆ نموونە سەرنجی ئەم وێنە کاریکاتێرییە بدە کە هێمای سوپای لە پەیکەری سەر دیواری ئازادی دا گۆڕیوە بە توک توک. ئەم کاریکاتێرە دەستکردی خۆپیشاندەرێکە کە نایناسم و لە کاتی راپەڕینی ئۆکتۆبەردا وێنەی کێشاوە.

"عێراق" ناوێکی نوێ نییە. بەڵکو مێژوویەکی کۆنی هەیە. جوگرافیناسانی عەرەب بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕی د. عەبدولعەزیز دووری، لە سەردەمی عەبباسی دا ناوێکی دیکەیان بۆ بەکار دەهێنا کە  "ارض السواد: خاکی رەشایی" بوو. ئەم دوو زاراوەیە، واتە "عێراق" و "خاکی رەشایی" لە رووی جوگرافیاوە هاوتای یەکتر نین. جگە لەوەش لەگەڵ عێراقی نوێدا ناگونجێن.

 

عەبدولعەزیز دووری باسی ئەو جیاوازییانە دەکات. لەوەش گرنگتر هەموو سەرچاوەکان دەگەڕێت تا روونی بکاتەوە کە زاراوەی "خاکی رەشایی" و "عێراق" لە سەدەی چوارەمی هیجریدا تەنها وەسفێکی جوگرافیایی بووە و چیدی نا. مەبەست لێی بەپیتیی خۆڵی خوارووی عێراق بووە لەو کاتەدا. نە مانایەکی سیاسیی هەبووە و نە پەیوەندیی بە ناسنامەی ئینسانەوە بووە لەو کاتەدا.

 

ئاشکرایە کە ناسنامەی ئینسان لە هەر ساتێکی ژیانیدا، پێکهاتووە لە چەندین چینی تێکهەڵکێشراوی ئەندامێتی: خێزانەکەی، شارەکەی، ئایینەکەی، تایەفەکەی، خێڵەکەی و نەتەوەکەی...بگرە تەنانەت ئەندامێتیی وەک ئەوەی هەموو پێنجشەممانێک لە چایخانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ هەمان دەستە برادەری یاریی دۆمینە بکات. لە بنەڕەتدا، ئەم ناسنامانە دەتوانن هەموویان پێکەوە لە یەک کۆکراوەی کاتدا هاوشانی یەکتر گوزەران بکەن وهیچیان ئەوەی دییان نەسڕێتەوە. 

 

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا و بۆ یەکەم جار لە مێژووی وڵاتی نێوان دوو روبارەکە، ئەم پارچە جوگرافییە کرا بە بەشێک لە ناسنامەکانی خەڵکەکەی. واتە ناسنامەی دڵسۆزی بۆ کیانێکی سیاسیی نۆێ کە ناونرا عێراق. لەوکاتەوە ئەو وشەیە لە زاراوەیەکی پوختی جوگرافییەوە، کە چەندین سەدە بوو کەنار خرابوو، کرا بە ناوی کیانێکی سیاسیی کە پێشتر بوونی نەبوو.

 

بەو پێیە دەکرێت بە ناسنامەی عێراقی بوون بڵێین "ناسنامەی بەرهەمی خەیاڵ"، ئەمەش بەپێی زاراوەی بێنێدیکت ئاندەرەسۆن؛ خاوەنی کتێبی "کۆمەڵگا بەرهەمهاتووەکانی خەیاڵ: تێڕامانێک لە بنەمای ناسیۆناڵیزم و بڵاوبوونەوەی". ئەم کتێبە هەموو ئەو نووسینانەی هەڵگێڕایەوە کە پێش خۆی لەبارەی بنەماکانی هەستی نیشتمانی باوبوون.  بۆچوونە (حجة) سەرەکییەکەی ئەو کتێبە ئەوەیە کە هەستی نیشتمانی، واتە ئەو هەستەی کە مرۆڤ ئەندامە لە کیانێکدا کە گەورەترە لە خێزان یان خێڵ یان تایەفە، ئەو هەستە داهێنانێکی کولتووریی پەتییە. واتە زادەی خەیاڵی ئینسانە و  بە شێوەیەکی بابەتی و زانستی، جگە لە خودی مێژووی ئەو هەستەدا لە هیچ شتێکدا ناتوانرێت رەگ داکوتاو بێت. هەستی نیشتمانی "هەڵسانەوە" یان بە ئاگاهاتنەوەی کۆمەڵگا نییە لە خودێکی رەسەنی ونبوو یان نوستوو، بەڵکو داهێنانێکی نوێیە و پێشتر بوونی نەبووە.

 

ئەمە کڕۆکی گرنگی و سروشتە شارستانییەکەی هەستی نیشتمانییە، بگرە کڕۆکی جوانییەتی. ئەو هەستە، هەر وەک ئەوەی تابلۆکەی زەعیم دەریخست، یەک بابەتی نەگۆڕ نییە، بەڵکو جووڵەیەکی داینامیکیی بەردوامە لە نێوان ئێستا و رابوردوو و پاشەرۆژدا.

 

دەستەواژەی "دروستکراوی خەیاڵ"یش، بە بەراورد بە باپیرانمانەوە، قەڵەمبازێکی جۆرییە لە ماهیەتی خودی ئینساندا. گرنگ ئەوەیە کە ئەم خودە نوێیەی ئینسان، بە پێی بۆچوونی زانایانی سیاسەت و سایکۆلۆژی، بەهۆی گۆڕانکاریی پلە بە پلە لە کۆئەندامی دەماری ئینساندا،  بەرجەستە بووە.

 

لە حاڵەتی "هاوپشتیی دروستکراوی خەیاڵ" کە بەبەرچاومانەوە لە "کۆمەڵگا دروستکراوەکانی خەیاڵ" لە ناوجەرگەی نارەزاییەکانی گەجانی عێراقدا بینیمان، رێڕەوی گشتیی ئەم پڕۆسەی گۆڕانە بەرەو ئەوەی کە "ئەوی دی" کە لە خەیاڵماندا بوونی هەست پێکراوە (چونکە خۆی ناناسین) ئەو، وەک ئێمە شایستەی ژیانە. هەر لێرەشەوە بیرۆکەی یەکسانی هەمان رەگ و ریشەی لەگەڵ "کۆمەڵگا دروستکراوەکانی خەیاڵ"دا هەیە.

 

لە رووی مێژووییەوە، پاش چەندین ململانێی سیاسیی توندوتیژ (وەک زنجیرەی شۆڕشە شکستخواردووەکانی 1848)، ئەم پەیوەندییە ئینسانییە لە شیوازێکی نوێی پەیوەندیی نێوان تاکەکەس و دەسەڵاتدا بەرجستە بوو کە پێی دەگوترێت "هاوڵاتی بوون". ئەم پەیوەندییە نوێیە کە پێی دەڵێین "هاووڵاتی بوون"، لە رەحمی چەرخی هەژدەدا دروست بوو، پێش ئەو کاتە، بە واتا هاوچەرخەکەی، لە هیچ سووچێکی سەر زەمین بوونی نەبوو.

 

ناسنامەی لە خەیاڵدا دروستکراو وەهم نییە، بەڵکو کۆکراوەی هەست و نەستی ئاڵۆزە کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات دەبێت بە حەقیقەتێکی سیاسیی نوێ لەسەر ئەرزی واقیع؛ سەرچاوەی لە توانای بایۆلۆژیمانەوە بۆ خەیاڵ کردنەوە و پێکهێنانی تۆڕی پەیوەندییەوە هەڵگرتووە. لەو تۆڕە پەیوەندییانەشدا بیرەوەری و بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا رۆڵی هەرەگرنگ دەبینن. زۆربەی وڵاتانی هاوچەرخ وەها پێکهاتن. هەربە هەمان شێوە ناسنامەی عێراقیبوونمان دروست دەبێت. ئەو ناسنامەیە لە خەیاڵماندا، یان دەژی و گەشە دەکات، یان دەمرێت و دەپووکێتەوە؛ ئەم خەیاڵە زادەی پەیوەندیی خوێن و ئایین و قەوم و رەگەز نییە، بەڵکو زادەی "کۆمەڵێکی نامۆ بەیەکدییە"ە، ئەوە ناوەڕۆکی مانای هاووڵاتیبوونی هاوچەرخ و سەرچاوەی جوانی و بەها قووڵەکەیەتی.

 

لە بەهاری 2019 دا، سەرەڕای ساڵانێکی زۆر لە شەڕ و داپڵۆسین و هەژموونی گرووپە چەکدارەکان، کە لە دەرەوەی سنوورەوە هابوون، ئەم رۆحە "عێراقییە" بێگەردە،  لە پڕێکدا بەدەرکەوت. فاکتەری هاوبەشی ئەم تێڕوانینەی زادەی خەیاڵ، ئەگەر لە هەر کۆمەڵگایەکدا رەگ دابکوتێت، بریتی دەبێت لە کرداری جیابوونەوەی ئینسان، لەرووی سۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژییەوە، لە پرۆسەی هەست کردن بەخۆیدا، لە کۆمەڵگا تەقلیدییە "سرووشتی"ەکەی خۆی.

 

ئەم هەستە نوێیە، سەرەتای بەهادانانە بۆ ئینسانی تاک، بەتایبەتمەندییەکانی، بەوردەکارییەکانی تاکایەتیی. لەپاڵ ئەوەشدا رەتکردنەوەیە بۆ پچووککردنەوەی ئینسان بۆ نوێنەرایەتیی کۆمەڵگا سەرەتاییەکان کە پێشتر بەشێک بوو لێی و بەردەوام بوو لە ئەندامێتی تێیاندا. کاتێک دەڵێم کۆمەڵگا سەرەتاییەکان، مەبەستم لەکەدارکردنیان نییە. تەنها مەبەستم ئەوەیە بڵێم، کە ئەو کۆمەڵگایانە بنەماکانیان بۆ سەردەمی پێش نوێگەرایی دەگەڕێتەوە.

 

گرنگترین مۆرکی ئەم کۆمەڵگا نوێیانەی زادەی خەیاڵن ئەوەیە کە لەسەر بنچینەی پێوەندیی خوێن و خزمایەتی و هەستە راستەوخۆکانی وەک بۆن و بیستن و بینین، دروست نەبوون. ئەو جۆرە هەستە سەرەتاییانە لە هەموو ئاژەڵەکاندا هەیە. گورگ بۆ نموونە کۆمەڵگای توندوتۆڵ لەسەر بنەمای ئەو هەستە سەرەتاییانە پێکدێت. 

 

ئەمە مانای وا نییە کە وڵاتانی هاوچەرخ لەبەر ئەوەی زادەی خەیاڵن، هیچ جۆرە بنج و بناوان و ناسنامەی توندوتۆڵیان نەبێت. چونکە گەر لێکی بدەینەوە، زۆربەی بیروباوەڕە گرنگەکانمان، بە بیروباوەڕە ئایینی و ئەخلاقییەکانیشمانەوە، کە بە توندوتۆڵ و گومانلێنەکراویان دەزانین، لە بنەمادا لەسەر چیرۆک و ئەفسانە، بگرە وەهمیش، بونیاد نراون و لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و لە خەیاڵدا دەبن بە بیروباوەڕ. ئەمەش هیچ نەنگییەکی تێدا نییە. بەڵکو دەربڕی توانای خەیاڵ کردنەوەمانە و بەشێکە لەوەی پێی دەگوترێت "شۆڕشی ئیدراک" کە بەو سیفەتە سەرەکییە دادەنرێت کە ئێمەی ئینسانی لە جیهانی ئاژەڵان جیاکردەوە.

 

شاعیری پۆرتوگالی فیرناندۆ پیسساوا دەڵێت: "ئەفسانە ئەو هیچەیە کە هەموو شتێکە"

 

کەواتە ئەم پێکهاتە نوێیەی کە ناوی (عێراق)ە ئەگەرچی دروستکراوە لە سەرەتادا (بیستەکان و سییەکانی سەدەی رابوردوو)، بەڵام ئەگەر هەروا بە دروستکراوی، بۆ ئەم هەموو ماوە دوورودرێژە، بمایەوە، بێگومان بەردەوام نەدەبوو.

 

عیراقی ئەمڕۆ بێگومان دروستکراو نییە؛ خاوەن شوناسنامەی دەوڵەتی عێراقی نوێ، ئەوەی لە دوای 1920 ەوە لە عێراقدا لە دایک بووە، هیچ لەبارەی ژیان لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی نازانێت، و بە تێپەڕبوونی کات هەست بەوە دەکات کە بەشێکی دانەپچڕاوی ئەم پێکهاتەیەیە کە لە هۆش و خەیاڵیدا رەگی داکوتیوە و بۆتە بەشێک لە ناساندنی ئەو  بۆ خۆی.

 

ئەم ئینسانە خۆی وەک "هاووڵاتی" لە پارچەیەک لە جوگرافیادا دێتە پێش چاو، کە دەبێت دەوڵەتێکی "عێراقی" ی نوێ حوکمی بکات. دەوڵەتێکی نوێ کە یاسای خۆی و سنووری تایبەتی حیسابکراوی خۆی هەیە کە تا رادەی تاکە مەتریش بە وردی دیاریکراوە (ئەمەش دیاردەیەکی نوێیە، دەوڵەت و ئیمراتۆریەتە کۆنەکان ئەو جۆرە وەردەکارییەیان لە سنووریاندا نەبووە). ئەم دەوڵەتە نوێیە بازاڕەکەی تەنها بۆ عێراقییەکان هاوبەشە. خۆیشی داپچڕاوە لە دەوڵەتانی ناوچەکە و لە چینە کۆمەڵایەتییە حوکمڕانەکانی ناوچەکە (مەلیک فەیسەڵی یەکەم، لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیستدا، لە مەلیکی عەرەبەکانەوە گۆڕا و بوو بە مەلیکی عێراق).

 

لەمەوە، دەرئەنجام، دەوڵەتی عێراق بوو بە خاوەنی مێژووی خۆی، لەوەشەوە خاوەنی واقیعی خۆی کە تەمەنی لە تەنها سەدەیەک زیاتر نییە. بەڵام سەدەیەک کاتێکی دوورودرێژە لە مێژووی پێکهاتنی فیکر و ناسنامەدا.

 

ئەگەر لە کەسێک لە دانیشتوانی وڵاتی نێوان دوو روبارەکە دەربارەی ناسنامەی بپرسیت، ئەوا لەپاڵ لیستی باسکراوی پێشوو، وشەی "عێراقی" باس دەکات. ئەمەیان لە ناو هەموو ناسنامەکانی دیکەیدا، ناسنامەیەکی پوخت "سیاسی"یە و هیچ مانایەکی دیکەی، لەدەرەوەی مانای سیاسی، نییە.  هەر بەو شێوەیەش، بە ڕای من، بە ئاگا ئان بێ ئاگا، بیرۆکەی عێراق چۆتە ناو کارە هونەرییەکەی ئەحمەد زەعیم و هونەرمەندەکانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانەوە؛ ئەوان دەربڕی خودە عێراقییە پێکهاتووەکەیانن، بەو شێوەیەی کە پێشتر باسمان لێوەکردووە. ئەمەشە جیاوازیی سەرەکیی نێوان خۆپیشاندەران و بکوژانیان کە سەر بەو سیستەمە باڵادەستەن لەریی هەژموونی ئێرانەوە زاڵە بەسەر دەوڵەت لە عێراقدا. هەموو ئەم بکوژانەش دواجار لە حاڵەتی دڵەڕاوکێی هەمیشەیی و سەرلێشیواویدان لەئاستی ناسنامەی خۆیان.

 

دەگوترێت "خەڵک بە ناوەکانیاندا دەناسرێن". بڕوانە ناوی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران کە بەسەر سیستەمی حوکمڕانیی بەغدادا زاڵن" "بەدر"، "عەسایبی حەق"، "کەتایبی حیزبوڵڵا"، "بزوتنەوەی نوجەبا"...هتد، کە هەموویان ماوەیەکی کورت لەمەوبەر بە پێی ستراتیژیی قاسم سولەیمانی دروستکران.

 

کوا عێراق لەم ناوانەدا؟ کوا پانتاییە جوگرافییەکەی بنەمای ناساندنی نیشتمانە بۆ هاونیشتمانان؟ ئەوە بوونی نییە. هەروەک چۆن ئەم ناوە قێزەونانە لە مێژووی عێراقی هاوچەرخدا پێشتر بوونیان نەبووە.

 

ئایا خواوەند پێویستی بە حیزبە؟ ئایا پێویستی بە یەکینەی سەربازیی ئەم حیزبانەیە؟ ناو گرنگە، چونکە ئەکەمین و سادەترین دەربڕینی مانای شتێکن.

 

ئەم جۆرە ناوانە یەکسەر ئەوە دەخەنە روو کە خاوەنەکانیان پێویستیان بە سەرچاوەیەکی دەرەکییە بۆ ئەوەی شەرعییەتیان لە ناو عێراقدا پێ ببەخشێت. سەرچاوەیەک کە هیچ پەیوەندیی بە بیرۆکەی عێراقەوە نییە.

 

لێرەوە جارێکی دیکە تامەزرۆی پرسیارم: ئایا چی ماف بە کەسێک دەدات کە وابەستەی ئەو جۆرە ناوانە بێت، کاتێک گەنجانی عێراق دەفڕێنێت و دەیانکوژێت، لەپشت ئاڵای عێراقەوە خۆی بشارێتەوە؟ چ ئاڵای عێراقێک، لە کاتێکدا ئەم کەسە خۆی وابەستەی پاسدارانی وڵاتێکە کە لە شەڕێکی دژوار لەگەڵ عێراقدا گلان؟ خاوەنی ئەم جۆرە ناوانە، بە رادەی نامۆ بوونی دز بەو ماڵەی دەیەوێت بیدزێت، بە نیشتمان نامۆن.