ناس کورد-
لیژنەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى پەرلەمانى عێراق هەوڵێکى ئاشکراکرد بۆ دامەزراندنى کۆمپانیایەکى نیشتیمانى بوارى پەیوەندى مۆبایل، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستى فشارخستنە سەر کۆمپانیاکان بە ئامانجى پێدانى ئەو قەرزانەى لەلایانە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عودەى شەعلان، ئەندامى لیژنەکە بە رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى ڕاگەیاندووە، لیژنەکە ئامادەیە بۆ کاراکردنى دۆسیەى دامەزراندنى کۆمپانیاى نیشتیمانى بوارى پەیوەندى، کە پێویستە کاربکات لەگەڵ ئەو سێ کۆمپانیایەى دیکەى پەیوەندى کە کاردەکەن، بۆ ئەوەى خزمەتگوزارییەکان بەردەست بێت بۆ هاووڵاتییان بەشێوەیەک کە گونجاو بن لەگەڵ تواناى داراییان، قۆرخکاریش بنەبڕبکرێت.
وتیشى"زۆرینەى وڵاتان خاوەنى کۆمپانیاى پەیوەندى نیشتیمانین، کە هاووڵاتیان بە پارەیەکى کەم خزمەتگوزارییەکانیان بەکاردەهێنن، بۆیە پێویستە عێراق ئەو جۆرە کۆمپانیایەى هەبێت".
شەعلان باسى لەوەشکردووە، خزمەتگوزاریی نەوەى چوارەم پێویست بوو لەکۆتایی 2012 بەردەستبێت و لێکتێگەیشتن هەبێت لەنێوان وەزارەتى پەیوەندییەکان و دەستەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، کە هەریەکەیان رۆڵى خۆى هەیە لەو پڕۆژەیەدا.
جەختیشیکردووەتەوە، کەرتى پەیوەندى لە عێراق هەستانەوە بەخۆوە نابینێت تەنها بە هاریکارى پتەو و راستەقینەى ئەو دوو دامەزراوەیە نەبێت.