گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق: موچەى ئەم مانگەى فەرمانبەران گەرەنتیکراوە

2020.07.21 - 09:50
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق: موچەى ئەم مانگەى فەرمانبەران گەرەنتیکراوە

ناس کورد-

لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، موچەى ئەم مانگەى فەرمانبەران گەرەنتى کراوە و بەڵام وادەى دابەشکردنى دیار نییە.

 

عەبدولهادى سەعداوى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى ڕاگەیاندووە "موچەى ئەم مانگە بەتەواوى گەرەنتى کراوە، بەڵام هێشتا وەزارەتى دارایی پلانى خۆى ئاشکرا نەکردووە کە دەتوانێت پێش جەژن دابەشی بکات یاخود نا".

 

وتیشى "دواکەوتنى موچەى مانگى ڕابردوو بەهۆى هەڵەى تەکنیکییەوە بووە لەپەسەندکردنى یاساى قەرزى ناوخۆیی و دەرەکى، دواکەوتنى ئاگادارکردنەوەى بانکەکان لەلایەن بانکى ناوەندى و وەزارەتى داراییەوە". 

 

سەعداوى جەختیکردووەتەوە، ئەم مانگە و مانگى داهاتوو بەپێی خشتەى وەزارەتەکان موچە دابەشدەکرێت.

 

بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە، عێراق روبەڕووى قەیرانى دارایی بووەتەوە و گرفت بۆ دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران دروستبووە.

 

ژمارەى فەرمانبەرانى عێراق چوار ملیۆن کەسە، لەگەڵ سێ ملیۆن خانەنشین، جگە لە یەک ملیۆن کەسى دیکە کە مانگانە هاریکارى داراییان دەکرێت، ئەوەش واتاى ئەوەیە لەهەر پێنج هاوڵاتییەکى عێراقى یەکێکیان موچە لە حکومەت وەردەگرێت.

 

بۆ چارەسەرى قەیرانى دارایی، پەرلەمانى عێراق مانگى ڕابردوو یاساى قەرزى ناوخۆیی و دەرەکى پەسەندکرد کە تێیدا رێگە بە حکومەت دراوە تا بڕى پێنج ملیار دۆلار لەدەرەوە، 15 ترلیۆن دینار لەناوخۆ قەرز بکات بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى بودجە.