گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەمەنییەکان لەبەردەم دوو بژاردەدان؛ مردن لە برسا یان مردن بە کۆلێرا

2019.04.19 - 19:16
یەمەنییەکان لەبەردەم دوو بژاردەدان؛ مردن لە برسا یان مردن بە کۆلێرا

ناس کورد-

.

 

ڕاپۆرتێکی نوێی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە یەمەنییەکان ناچارکراون لەنێو دوو بژاردەدا یەکێکیان هەڵبژێرن، چارەسەری نەخۆشی کۆلێرا بکرێن، یاخود خواردنیان بۆ دابینبکرێت، بەو شێوەیەش هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە کەوتوونەتە دۆخێکی سەختەوە.

.

بەهۆی بەردەوامیی شەڕی ناوخۆی یەمەن و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، دۆخی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە تا دێت بەرەو خراپتر دەڕوات، بەپیی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە لە هەفتەی ڕابردوودا بڵاوبووەوە، نیو ملیۆن حاڵەتی گوماناوی تووشبوو بە کۆلێرا لەم ساڵدا لە یەمەن تۆمارکراوە.

.

ڕێکخراوی ئۆکسفام، کە یەکێتییەکی نێودەوڵەتییە بۆ ڕێکخراوە خێرخوازییەکان، ڕاپۆرتێکی نوێی لەبارەی دۆخی ئەو وڵاتەوە لەژێر ناونیشانی "یەمەن.. قەیرانی کارەساتباری کۆلێرا" بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات  نەخۆشیی کۆلێرا بەشێوەیەکی مەترسیدار لەنێو هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەدا بڵاوبووەتەوە.

.

هاوکات ماڵپەڕی بەڕیتانی میدڵ ئێست ئای بڵاویکردوەتەوە، بەهۆی ئابووری ڕووخاوی ئەو وڵاتە، هەروەها نەبوونی مووچەی ملیۆنان فەرمانبەر بۆ چەندین مانگ، هاوڵاتیانی یەمەن ناچارن پێویستییەکانی ناوماڵەکانیان بفرۆشن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی کۆلێرا. هەندێکیشیان ناتوانن لەیەک کاتدا پارەی چارەسەکردنی نەخۆشییەکە و کڕینی خواردەمەنیش بدەن، بۆیە دەبێت لەو دووانە یەکێکیان هەڵبژێرن.
.

 ڕاپۆرتەکەی ئۆکسفام باس لەوەش دەکات کە سێیەکی یەمەنییەکان دەستیان ناگات بە ئاوی پاک بۆ خواردنەوە، ئەویش بەهۆی وێرانبوونی ژێرخانی ئەو وڵاتە لە جەنگی ناوخۆییدا.
.

مانگی ڕابردوو رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد کە نزیکەی 100 هەزار هاوڵاتی لە یەمەن تووشی نەخۆشی کۆلێرا بوون، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 166 کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
.

یەمەن کە یەکێکە لە هەژارترین دەوڵەتە عەرەبییەکان، لە ساڵی 2011ەوە خۆپیشاندان و ئاڵۆزیی ڕووی تێکردووە کە دواتر گۆڕا بۆ شەڕێکی ناوخۆیی. ئێستاش بەشێکی ئەو وڵاتە لەلایەن حکومەتی عەبدولرەببە مەنسور هادی کۆنترۆڵکراوە و بەشێکی دیکەشی لەلایەن حوسییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، بەردەوام شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئەو دوو لایەندا هەیە.

.

.