ناس کورد-
مستەفا هیجری، سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ڕایگەیاند، ئێران بەهۆی کۆمەڵێک قەیرانی کەڵەکەبوو و پرسی چارەسەرنەکراو لە ناوخۆ و دەرەوە گەمارۆ دراوە و هێرش و تەقینەوەکانی ئەمدواییە لە ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مستەفا هیجری لە هەژمارى فەرمى خۆى لە فەیسبوک نوسیویەتى، "ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕوانگەیەکی گشتیدا وەک دەوڵەتێکی شکستخواردوو هەژمار دەکرێ کە توانای ئیدارەکردن و بەڕێوەبەریی وڵاتی نەماوە. ئەگەریش توانایەکی مابێت پەیوەستە بە نواندن و بەکارهێنانی هێزی سەرکوت و سەربازی لە ناوخۆ و دەرەوە".
هیجری ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەهۆی کەمپەینی سزا و گەمارۆکانی ئامریکاوە، [ئێران] بڕستی لێبڕاوە، ئێستا وەک ڕابردوو توانای دابینکردنی تێچوو و بودجەی گروپە میلیشیاییەکانی نەماوە و بە تێکڕایان لە تەنگانەدان. جیا لەم فاکتەرە، لە وڵاتانی وەک عێراق و لوبنان، لە دژی سیاسەتی دەستێوەردانەکانی هاتوونەتە سەر شەقام و خوازیاری بنبڕکردنی نفووزی ئێرانن لە وڵاتەکەیان. لە وڵاتێکی وەک سوریە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە دەیان و سەدان جار بنکە سەربازییەکان و بەرژەوەندییەکانی کراونەتە ئامانج و بێجگە لە دەستەوەستانی، توانای بەرگریکردنی لە خۆی نەماوە."
ئاماژەى بەوەشکردووە، "سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان ئاماژە دەدەن کە ئەم هێرشانە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام دەدرێن؛ وڵاتێک کە دروشمی سڕینەوەی لە سەر جوغرافیای سیاسی، بەڵێن و قسەی هەمیشەیی بەرپرسانی ئێرانی بووە. تەنانەت ئەم هێرشانە لە سەر خاکی ئێران دووبارە دەبنەوە و بنکە و دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازی و ستراتیژییەکانی دەکرێنە ئامانج."
سەبارەت بە دۆخى کورد لە ئێران، مستەفا هیجری باسى لەوەکردووە، سەرەڕای ژینگەی داخراو و بە ئەمنی کراو و ڕەوشی سەرکوت و توندوتیژی لە ئێران بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی، ڕژێم لە پەیوەندی لەگەڵ ئامانجەکانی لە ناوخۆ و دەرەوە بە بنبەست گەیشتووە.
"وەک باسکردن لە بەرایی ئەم سیاسەتە شکست خواردووە، پێم وایە کە ڕژێم لە سیاسەتەکانی بەرانبەر بە یەکەی نەتەوەیی کورد له کوردستانی ڕۆژههڵات، هەر لە سەرەتاوە ناکام ماوەتەوە. خواستى ئازادی و سەربەستی و گەیشتن بە مافی نەتەوەیی کە هەمان سەرەوریی کوردە بە سەر خاکی خۆیدا، بەردەوام و ڕوو لە گەشەیە".
مستەفا هیجرى دەشڵێت، "ئێستا قەیرانی هاوتەریبی ناوچەیی و ناوخۆیی، هاوکاتە لەگەڵ پەتای گشتگیریی کۆڕۆنا کە تەنانەت توانای بەرگری و جەستەی حکوومەتیشی داهێزراندووە".
ئەوەشى خستووەتەڕوو، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و دابەزینی نرخی نەوت(لە دۆخی گەمارۆکان) و دابەزینی چەند قاتی بەهای تمەن بەرانبەر بە دۆلار، ڕێژەیەکی زۆرتر لە خەڵکی ئێرانی خستە ژێر هیڵی هەژاری و بێکاریهوه. لەگەڵ ئەمەشدا بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و کەمبوونی کەرەستە و ئیمکاناتی تەندروستی، دەیان میلیۆن کەسی بەرەو هێڵی کارەسات و تووشبوون و مەرگی یەکجاری بردووە.
بەبڕواى مستەفا هیجرى، لەم دۆخە قەیراناوییەدا، بەستێنی سەرهەڵدان بۆ ناڕەزایی زیاتر و هاوکات مەترسیی سەرکوتی زیاتر پێشبینی دەکرێت. "ئێستا کە بێ متمانەیی بە حکوومەت و بێ هیوایی بە ژیانێکی ئاسایی باڵی بە سەر ئەم وڵاتەدا کێشاوە و چاوەڕوانیی هیچ چارەسەرێک ناکرێت، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، بۆ مانەوەی خۆی ئامادەی هەموو جۆرە توندوتیژی و سەرکوت و تێچوویەکە".
"ئاماژەکانی ئەم ئامادەکارییەی ڕێژیم بە نسیبەت کوردستانەوە ڕوونترە. تەنیا لە ٧ مانگی ڕابردوودا، ٩٢ کەس لە ڕۆژهەڵات بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی، سیاسی و مەزهەبی، حوکمیان بەسەردا سەپاوە"، بەوتەى مستەفا هیجرى.