گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڤاکسینەکەى زانکۆی ئۆکسفۆرد لە یەکەم تاقیکردنەوەیدا سەرکەوتوو بوو لە پاراستنی مرۆڤ

2020.07.20 - 16:52
ڤاکسینەکەى زانکۆی ئۆکسفۆرد لە یەکەم تاقیکردنەوەیدا سەرکەوتوو بوو لە پاراستنی مرۆڤ

ناس کورد-

ڤاکسینەکەى زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی لە یەکەم تاقیکردنەوەیدا لەسەر مرۆڤ سەرکەوتوو بووە و توانیویەتی سیستمی بەرگریی لەشی کەسەکان گەشە پێ بدات تاوەکو ڕوبەڕوی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببنەوە.

 

ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی بڵایکردەوە، ڤاکسینەکە لەسەر نزیکەى هەزار و 77 کەس تاقیکراوەتەوە و دەرکەوتووە کە توانای کاراکردنی دژەتەن و خڕۆکە سپییەکانی لەشی هەیە بۆ شەڕکردن دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

 

بی بی سی دەشڵێت، ئەو هەنگاوە زۆر گرنگ و پێویستە بەڵام هێشتا بەس نییە بۆئەوەى دڵنیا ببنەوە لەوەى مرۆڤ بە تەواوەتی دەپارێزێت لە توشبوونی بە ڤایرۆسەکە یاخود بە ڕێژەیەکی زۆر بخرێتە بازاڕەوە.

 

بەریتانیا پێشوەختە 100 هەزار دانەى لەو ڤاکسینە کڕیوە، چەند وڵاتێکی تری ئەوروپیش کڕیویانە.

 

ڤاکسینەکە چۆن کار دەکات؟

ڤاکسینەکە ناوی "ChAdOx1 nCoV-19"ـە و لە ماوەیەکی زۆر خێرادا گەشەی پێدراوە کە پێشتر نمونەى نەبووە. لە جیناتی ڤایرۆسێک دروستکراوە کە دەبێتەهۆی سەرمابوون لە مەیمونی شامپازیادا، زاناکان زۆر دەستکارییان کردووە، سەرەتا بۆئەوەى نەبێتەهۆی نەخۆشی لە مرۆڤدا، ئەنجا وای لێ کراوە زۆر لە تایبەتمەندییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدابێت.

ئەوەش واتە ڤاکسینەکە وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا وایە و سیستمی لەش دەتوانێت فێربێت چۆن هێرش بکاتە سەری.

 

ئایا سەلامەتە؟

بەڵێ، بەڵام کاریگەریی نەرێنیشی هەیە بەڵام مەترسیدار نین، 70%ی ئەو کەسانەى کە ڤاکسینەکەیان لەسەر تاقیکراوەتەوە تا یاخود سەرئێشەیان گرتووە، بەڵام زانایان دەڵێن دەکرێت ئەوەش بە وەرگرتنی دەرمانی پاراستیمۆڵ چارەسەر بکرێت.

 

سارا گیلبێرت لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت، "زۆر کاری تر ماوە بۆئەوەى بڵێین ڤاکسینەکەمان دەتوانێت و هاوکار دەبێت بۆ وەستاندنی پەتایی جیهانیی کۆرۆنای نوێ، بەڵام ئەم بەرەوپێشچوونانە گرنگن بۆ ئەوە."