ناس کورد-
شاندی حکومەتی عێراق لە سعودییە چەند ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەو وڵاتە واژو دەکات و ئاژانسی عێراقی فەرمیش دەڵێت، ڕێککەوتنەکان لەبوارەکانی وزە و وەبەرهێنان و پەروەردەدایە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ (دووشەممە، 20ی تەموزی 2020)، ئاژانسی عێراقی فەرمی ڕایگەیاند: " عێراق و سعودیە چەند ڕێککەوتنێک لەمیانەی لیژنەی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتدا واژو دەکەن".
ئاماژەی بەوەشكردووە :"ڕێککەوتنەکان لەبوارەکانی وزە، وەبەرهێنان، پەروەردە، وەرزش و چەند بوارێکی دیکەدان".
دوێنێ (یەکشەممە)، شاندەکەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە ڕیازی پایتەختی سعودییە بۆ واژوکردنی گرێبەستەکان و ئامادەکاری بۆ چوونی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران بۆ ئەو وڵاتە.
ئەگەرچی بڕیاربوو ئەمڕۆ مستەفا کازمیش بەسەردانێکی فەرمی بچێتە سعودیە، بەڵام سەردانەکە دواخرا بۆ کاتێکی نادیار و سەرۆکایەتی دیوانی پاشایەتی سعودیە ڕایگەیاند، بەهۆی ناجێگیری تەندروستیی شاسەلمانی شای سعودییە سەردانەکە دواخراوە.