ناس کورد-
وەزیری تەندروستیی هەرێم هاووڵاتیانی ئاگادار کردەوە و ڕایگەیاند، کەمبوونەوەی ژمارەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لەچەند ناوچەیەک مانای ئەوە نییە دۆخەکە باش بووە و مەترسییەکان نەماون، دەشڵێت، ڕاسپاردە و ڕێنمایی نوێیان داوەتە پارێزگاکان بۆ جێبەجێکردن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ (دووشممە، 20ی تەموزی 2020)، د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم لەلێدوانێکیدا بۆ میدیاکان رایگەیاند: "لەئێستادا هەرێمی کوردستان لە لوتکەی هەڵکشانی ڤایرۆسی کۆرۆنادایە و ژمارەی توشبووان بەردەوامە لە بەرزبوونەوە".
وتیشی: "پێویستە هاووڵاتیان ئاگاداربن، کەمبوونەوەی ژمارەکان لە ناوچەیەک لەماوەی هەفتەیەک یان چەند ڕۆژێکدا مانای ئەوە نییە دۆخەکە بەرەو باشبوون دەچێت و ژیان ئاسایی بکرێتەوە، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی دووبارە هەڵکشانەوەى ژمارەکان".
وەزیری تەندروستیی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەک پێشنیار و ڕاسپاردەیان داوەتە ژوورەکانی ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان بۆ ئەوەی جێبەجێبکرێن و لەچەند ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی ژوورەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەو بارەیەوە بەڕێوەدەچێت.
تائێستا 10 ھەزار و 851 كەس لە ھەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوون و لەنێویاندا پێنج ھەزار و 938 كەسیش چاكبوونەتەوە و 412 كەس گیانیان لەدەستداوە.