گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سوڵتان هاشم، وەزیری بەرگریی سەردەمی سەدام حسێن كۆچى دوايى كرد

2020.07.19 - 22:42
سوڵتان هاشم، وەزیری بەرگریی سەردەمی سەدام حسێن كۆچى دوايى كرد

ناس کورد- 

بەپێى زانياريەكان سوڵتان هاشم، وەزيرى بەرگرى سەردەمى سەدام حسێن، ديكتاتۆرى پێشووى عێراق كۆچى دوايى كردووە.

 

سەرچاوەيەكى ئاگادار بە "ناس"ى وت، ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تەموزی 2020، سوڵتان هاشم لە گرتوخانەى "حوت" لە شارى ناسريە توشى كێشەى تەندروستى بووە لە دڵيدا و ئێوارەى ئەمڕۆ لەكاتى گواستنەوەى لە گرتوخانەوە بۆ ناوەندى تەندروستی لە ناسريە لەڕێگەدا كۆچى دوايى كردووە.

 

سوڵتان هاشم ئەحمەد كە لە دايكبوى ساڵى 1944ى شارى موسڵە لەسەردەمى سەدام حسێندا وەزيرى بەرگرى بووە و بەيەكێك لە سەركردە سەربازيە بەتواناكانى ئەو سەردەمە ناسراوە و لەساڵى 1995 بووە بە وەزيرى بەرگرى.

 

دواى ڕووخانى ڕژێمى سەدام حسێن و داگيركردنى عێراق لەلايەن ئەمريكا لەساڵى 2003 لە مانگى نۆى هەمان ساڵدا دەستگير كرا، لەساڵى 2007 بە تاوانى جەنگ و تاوانى دژى مرۆڤايەتى دادگايى كرا و سزاى لەسێدارەدانى بەسەردا سەپێنرا، بەڵام بەهۆى ڕەتكردنەوەى سزاكە لەلايەن سەرۆك كۆمارى ئەو كاتە و جێگرەکەيەوە سزاكە جێبەجێ نەكرا.

 

سوڵتان هاشم دواتر دوبارە دادگايى كرايەوە، بەڵام بە توندى سەرجەم ئەو تۆمەتانەى ڕووبەڕوى كرابوەوە ڕەتيكردنەوە، چەند هەوڵێكيش درا بۆ ئازادكردنى بەهۆى نەخۆشيەوە، بەڵام سەرجەم هەوڵەكان بێ ئەنجام بوون.