گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاپۆرتێكى بەريتانى: توركيا كۆمەڵكوژى دژى كوردەكانى عێراق و سوريا ئەنجام دەدات

2020.07.19 - 20:25
ڕاپۆرتێكى بەريتانى: توركيا كۆمەڵكوژى دژى كوردەكانى عێراق و سوريا ئەنجام دەدات

ناس کورد-

پێگەيەكى بەريتانى ئاماژە بەوەدەدات، توركيا لەڕێگەى پرۆسە سەربازيەكانيەوە كۆمەڵكوژى دژى كوردەكانى عێراق و سوريا ئەنجام دەدات و ئاماژە بەوەشدەکات، ئەوەش لەچوارچێوەى بيروباوەڕەكانى ئەردۆگانە كە پێى وايە ئەوانەى دژى دامەزراندنى ناسنامەى نەتەوەيەى توركى موسڵمانن دەبێت لەناو ببرێن.

 

پێگەى opendemocracy لە ڕاپۆرتێكدا بڵاويكردوەتەوە، حكومەتەكەى ڕەجەب تەيب ئەردۆگان سياسەتى لەناوبردنى ئەوانەى كە پێى وايە، دژى سياسەتەكانين بۆ دامەزراندنى ناسنامەى نەتەوەيى توركى موسوڵمان پەيڕەو دەكات.



بەپێى ڕاپۆرتەكە، لە كۆنەوە هۆشياريەك لە توركيا دروست بووە كە ئەو كۆمەڵگە و هێزانەى رێگرن لەبەردەم بنيادنانى ناسنامەى توركى رەتدەكرێنەوە، "زياء كوك ئالب" كە زانايەكى گردبونەوەى نەتەوەيى دیاریی توركە بيرۆكەى ئەوەى بڵاوكردەوە كە زيندوكردنەوەى دەوڵەتى توركى پێويستى بەوەيە كە ئەندامە نا موسوڵمانەكان لەناو ببرێن، ئەوەش وەك ئاماژەيەك بۆ ئەرمەن و ئاشورى و يۆنانى و يەهوديەكان.

 

نوسەرى ڕاپۆرتەكە دەشڵێت، ڕژێمى ئەردۆگان كە پێكهاتوە لە هاوپەيمانێتيەكى توندڕەوى ئيسلامى، كار بۆ پاراستنى كلتورى رەسەنى توركى دەكات، ئەوەش لەرێگەى لەناوبردنى ئەو هێزانەى كە پێى وايە "خۆفرۆش"ن بە ناسنامەى توركى.

 

ئەوەش هاتوە، پرۆسە سەربازيەكانى "چڵە زەيتون" و "چنگ - هەڵۆ" و "چنگ - پڵنگ"ى توركيا كە لە مانگى يەكى 2018 ەوە يەكەميان دەستى پێكرد لەژێر چەندين بيانوى جياواز بوون، بەڵام ئامانجەكەيان يەك شت بوو، زۆرينەى ئەوانەى بەهۆى هێڕشەكەوە كوژران هاوڵاتيانى مەدەنى بوون بەتايبەتى كوردەكان، جا لە عەفرينى باكورى سوريا ياخود لە كۆبانێ و كۆتا هێرشيش كە كوردەكانى باكورى عێراقى (هەرێمی کوردستان)ی كردە ئامانج كە تێيدا هاوڵاتيانى مەدەنى ئێزديش بونە قوربانى لە ناوچەى شنگال.

 

ڕاپۆرتەكە ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، هەروەها توركيا كەسايەتيە سياسيە چالاكەكان و ڕۆژنامەنوسانى كورديش لەناودەبات، وەك "هەفرين خەڵەف" ئەمنيدارى گشتى حزبى سورياى سەربەخۆ، كە چەند گێڕانەوەيەك سەبارەت بە چۆنێتى كوشتنى هەيە، وەك تەقاندنەوەى ئۆتۆمبێلەكەى، هەروەها وەستاندنى ئۆتۆمبێلەكەى و كوشتنى خۆى و ئەوانەى لەگەڵيدا بوون، ئەويش لە مانگى 10 ى ساڵى 2019 لەو كاتەى كە بەڕێگەى نێودەوڵەتى نێوان حەلەب و قامشلۆدا دەڕۆشت. 

 

هيچ لايەنێك بەرپرسيارێتى خۆى لە كوشتنى ناوبراو ڕانەگەياند، بەڵام دەستى تۆمەت بۆ توركيا و ميليشياكانى سەر بەو وڵاتە درێژ دەكرێت، بەتايبەتى لەبەر ئەوەى هەفرين ڕەخنەى لە داگيركارى توركيا لە سوريا دەگرت.

 

پێگەى opendemocracy ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، زۆربەى زيندانيەكانى توركيا كوردەكانن و زياترينى دەستگيركراوە سياسيەكانن لەو وڵاتە، هەروەها هەر سياسى و ڕۆژنامەنوسێك پشتگيرى كوردەكانى كردبێت دەستگير كراوە، سەرەڕاى ئەوانەش سەرۆك شارەوانيە كوردەكان لە هەرێمەكانى باشور لابراون.

 

دەشڵێت، توركيا ناسەقامگيرى دەوڵەتەكانى دراوسێى بەكاردەهێنێت بۆ بەدەستهێنانى ئامانجەكانى كە هێرشكردنە سەر كوردەكانى باكورى عێراق و سوريايە، ئەوەش سەرەڕاى پشتگيريكردنى چەندين ميليشيا كە ترساندن و تۆقاندن و دەربەدەركردن و كوشتن و دەستدرێژى سێكسى لە چەندين گوند و ناوچە ئەنجام دەدەن بەتايبەتى لە باكورى سوريا.

 

توركيا دەيەوێت شەرعيەت بدات بە هێرشەكانى، ئەويش لەرێگەى بە ئامانجگرتنى پارتى كرێكارانى كوردستان "پەكەكە" كە ئەو وڵاتە و ئەمريكا و يەكێتى ئەوروپا بە ڕێكخراوێكى تيرۆرستى لەقەڵەم دەدەن، بەڵام هێرشەكانى تەنها ئەو حزبە ناگرێتەوە و هاوڵاتيانى مەدەنيش دەكاتە ئامانج.

 

ئەو وڵاتە لەساڵى 2019 كشانەوەى هێزەكانى ئەمريكاى لە باكورى سوريا قۆستەوە بۆ ئەنجامدانى پرۆسەيەكى سەربازى دژى كوردەكان، هێڵى سنورى بە درێژايى 120 كيلۆمەتر كۆنترۆڵكرد لەنێوان شارەكانى گرێ سپى و  سەرێ كانى، هەروەها لەناوەڕاستى مانگى شەشى ئەمساڵيشدا پرۆسەى سەربازى "چنگ - پڵنگ"ى بۆ سەر ناوچەكانى هەرێمى كوردستان ئەنجامدا.

 

سەرەڕاى ناڕەزايەتيەكانى دەسەڵاتدارانى عێراقى، توركيا لەهێرشەكانى بەردەوامە و چەندين هاوڵاتى مەدەنى شەهيد كردوە، ئەوەش لەكاتێكدايە كە لاى خۆشيەوە بەهەمانشێوە كۆمارى ئيسلامى ئێران هێرشى بۆ سەر هەرێمى كوردستان ئەنجامداوە و بەغداش هێرشەكانى بە پێشێلكردنى سەروەرى خاكى عێراق ناوبردوە.

 

ماڵپەڕەكە ڕاپۆرتەكەى بەوە كۆتايى پێهێناوە، ئەوە يەكەمجار نييە كە توركيا هێرش دژى پەكەكە لەناو خاكى عێراق ئەنجام دەدات و پێشتريش لەساڵى 2007 و دواتريش دوو ساڵ پێش ئێستا هێرشى ترى ئەنجامدا و بە قوڵايى 30 كيلۆمەتر چووە ناو خاكى عێراقەوە.