گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’عێراق ئێستا نێوەندگیرە نەک پەیامبەر’’

بەها ئەعرەجی باس لە هۆکارێکی ’’جیاوازی سەردانەکەى زەریف بۆ بەغدا’’ دەکات

2020.07.19 - 15:02
بەها ئەعرەجی باس لە هۆکارێکی ’’جیاوازی سەردانەکەى زەریف بۆ بەغدا’’ دەکات

ناس کورد-

جێگرێکی پێشووی سەرۆكوەزیرانی عێراق باس لە هۆکارێکی تری سەردانەکەى محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئیران بۆ بەغدا دەكات.

 

بەها ئەعرەجی لە پەیامێکدا لە تویتەری خۆی دەڵێت، سەردانەكەی زەریف بۆ بەغدا لەدوای شكستی هەوڵەكانی ئەو وڵاتە دێت بۆ ئەوەی مستەفا كازمی پێش سەردانی سعودیە بچێتە ئێران.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، ئەو بەرەوپێشچوونەش لە سیاستەكانی دەرەوەدا وای كردووە عێراق ڕۆڵی نێوەندگیر بگێڕێت لەبری ئەوەی تەنها پەیامبەر بێت وەك هەندێك وڵات دەیەوێت.

 

هاوكات لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی، ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند،  سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ سعودیە بۆ تاوتوێكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵاتە لەوانە بارودۆخی ئابوری و تەندروستی و كشتوكاڵی و ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، دواتر كازمی سەردانی ئێران دەکات و لەمیانی ئەو سەردانەشیدا تاوتوێى چەند دۆسییەكی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات دەكرێت.

 

ئەمڕۆ( یەکشەممە) محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و مستەفاکازمی، سەرۆکوەزیران و فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق  بەجیا کۆبووەوە.

 

لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران، زەریف ڕایگەیاندووە، ئێران لەسەر ئاستى باڵا گرنگى دەدات بە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەى بۆ تاران، بۆ دەستپێکردنى قۆناغێکى نوێی هاریکارى لەنێوان هەردوو وڵات.  

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئێران دەیەوێت بچێتە قۆناغێکى نوێ و ئەرێنییەوە لەگەڵ عێراق و رێککەوتنەکانى نێوان هەردوو وڵات کارابکرێن لەسەرجەم کەرتەکاندا، ئەوەش بەپێی بەیاننامەیەکى نوسینگەى سەرۆکوەزیران.