گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرهەم ساڵح بۆ زەریف: ناوچەکە پێویستى بە پەیوەندى هاوسەنگانە هەیە

2020.07.19 - 14:38
بەرهەم ساڵح بۆ زەریف: ناوچەکە پێویستى بە پەیوەندى هاوسەنگانە هەیە

ناس کورد-

بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف، وەزیرى دەرەوەى ئێران ڕایگەیاند، ناوچەکە پێویستى بە پەیوەندى هاوسەنگانە و لێکتێگەیشتن و هاریکارى هەیە بۆ چارەسەرى کێشەکان و دابینکردنى ئاسایشى هەرێمایەتى.

 

نوسینگەى ڕاگەیاندنى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆشکى بەغدا پێشوازیکردووە لە محەمەد جەواد زەریف، وەزیرى دەرەوەى ئیران کە سەرلەبەیانى ئەمڕۆ بەسەردانێک گەیشتە بەغدا.

 

سەرۆککۆمارى عێراق لە کۆبوونەوەکەدا جەختیکردووەتەوە لەسەر پەیوەندى قوڵى مێژویی عێراق لەگەڵ ئێران، لەگەڵ پێویستى فراوانکردنى هاریکارى دوو قۆڵى نێوان هەردوو وڵات لەسەرجەم بوارەکاندا.

 

وتیشى، "عێراق سورە لەسەر ئەوەى هۆکارێک بێت بۆ سەقامگیریی و سەنتەرى بەیەکگەیشتنى بەرژەوەندییە هاوبەشەکانى وڵاتانى ناوچەکە بەجۆرێک کە ئارامى و ئاسایشى هەرێمایەتى مسۆگەر بکات".

 

بەرهەم ساڵح باسى لەوەشکردووە، ناوچەکە پێویستى بە بنیادنانى پەیوەندى هاوسەنگ و لێکتێگەیشتن و هەماهەنگى هاوبەش و دیدگاى روون هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرى ریشەیی قەیران و گرژییەکان، لەرێگەى پشتبەستن بە گفتوگۆى بنیاتنەرانە و راشکاو لەنێوان سەرجەم لایەنە نێودەوڵەتییەکاندا.

 

ئەوەشى خستووەتەڕوو، عێراق پاراستنى سەروەرى و ئاسایش و سەقامگیریی و هاریکارى لەگەڵ هاوپەیمانەکانى بە گرنگ دادەنێت، لە چوارچێوەى رێزگرتنى هاوبەش و دەستوەرنەدان لە کاروبارى ناوخۆیی.

 

سەرۆککۆمارى عێراق هەروەها ستایشى هەڵوێستى ئێرانى کردووە لە پشتیوانیکردنى عێراق بەتایبەتى لە بوارى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و داعش.

 

لاى خۆیەوە، محەمەد جەواد زەریف خواستى ڵاتەکەى خستەڕوو بۆ فراوانکردنى ئاستى هاریکارى و یارمەتیدانى عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا.