گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’100 چەکدارى داعش کوژراون’’

وردەکاریی ئۆپراسیۆنى هێزێکى قەناس بەدەستى تایبەتى بەریتانى لە ئەشکەوتەکانى هەرێم

2020.07.19 - 14:17
وردەکاریی ئۆپراسیۆنى هێزێکى قەناس بەدەستى تایبەتى بەریتانى لە ئەشکەوتەکانى هەرێم

ناس کورد-

لە دیمەنێکى هاوشێوەى گەڕان بە دواى ئوسامە بنلادن لە چیاکانى تۆرابۆرا لە ئەفغانستان دواى {ووداوەکانى 11ى سێپتەمبەر، تیمێکى قەناسى تایبەتى بەریتانى (ساس) چەکدارانى داعشیان لە چەند ئەشکەوتێکى هەرێم بە ئامانج گرت.

 

ئۆپراسیۆنەکە نهێنى بووە، لانى کەم بووەتە هۆى کوژرانى 100 چەکدارى داعش، ئەوەش بەپێى ڕاپۆرتی پێگەى دەیلى مەیلى بەریتانى.



تیمەکە هەستان بە دیاریکردنى شوێنى چەکدارانى داعش کە بەشێکیان بەریتانى بوون، لە حەشارگەکانیاندا لەچیا دورەدەستەکان، پاشان بە قەناس و هاوەن و بۆردومانى ئاسمانى ورد بە فڕۆکەى "RAF Typhoon" و فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى "UK Reaper" بە ئامانجیان گرتن.



چەند سەرچاوەیەک لە وەزارەتى بەرگریی بەریتانیا جەختیانکردەوە کە لانیکەم 10 جار روبەڕووى داعش بوونەتەوە لە باکورى عێراق (هەرێمی کوردستان) بەدرێژایی سێ مانگى ڕابردوو، بەشێک لە پڕۆسە سەربازییەکان نهێنى بوون لەسەر سنورى سوریا.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، زۆرێک لە بەریتانییەکانى ناو داعش لەو شەڕانەدا کوژراون، دواى ئەوەى زۆرێکیان لە زیندانەکان هەڵهاتبوون و گەڕابوونەوە ناو داعش و پەنایان بردبووە بەر ئەو ناوچانە لە هەرێم، کە داعش وەکو تۆڕێکى ئەشکەوت و تونێل بەکاریان دەهێنیت.

هێرشەکە لە 10ى نیسان دەستیپێکرد، کاتێک تیمێکى وشکانى بەریتانى کە لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگەوە هاوڕێیەتیان دەکرا، ئەندامانى داعشیان ناچارکرد بچنە ئەو شوێنانە، پێش ئەوەى هێزى ساس لە قوبرسەوە بانگهێشت بکەن کە لەلایەن فڕۆکەى بێفڕۆکەوانەوە پشتیوانیان کراوە.


شەوى 28ى نیسان شەڕێکى سەخت لەنێوان تیمەکە و داعش ڕوویدا، کە تێیدا لانى کەم 10 چەکدارى داعش کوژران، هەروەها سەربازانى تایبەتى بەریتانى چەند چەکدارێکیان لە چیاکانى حەمرین دۆزیەوە کە خۆیان لە ئەشکەوتەکان حەشاردابوو، جارێکى تر هێزى ئاسمانى بەریتانى بانگهێشتکرایەوە بۆ گەمارۆدانى ئەشکەوتەکان، دواتر بە موشەکى Paveway IVى لیزەرى شەش ئەشکەوت بۆردومانکران پێش ئەوەى تیمى ساس و هێزە کوردییەکان ناوچەکە بەتەواوى پاکبکەنەوە.

هێرشەکان کە لە نیساندا ڕوویاندا، لە مانگى دواتردا پێنج شەڕى دیکەیان لێکەوتەوە، کە هێزى ئاسمانى بەریتانیا فڕۆکەوانى بێفڕۆکەوانى تێدا بەکارهێنا و بۆ چەند رۆژێکى دواتر جەنگێکى گەورە روویدا، کە شێوەیەکى پچڕ پچڕ بەردەوام بوو.



سەرچاوەیەک لە وەزارەتى بەرگریی بەریتانیا دەڵێت، بۆرومانەکەى هێزى شاهانەى بەریتانى زۆر ورد بوون و هیچ قوربانییەکیان لە ڕیزى هاوڵاتیانى مەدەنى لێنەکەوتووەتەوە، چەکدارە بەریتانییەکانى داعش تێیدا کوژراون، کە لەرێگەى ناسنامە و پشکنینى DNAیەوە دڵنیابوونەتەوە.

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى بەرگرى بەریتانیا، هێزى ئاسمانى شاهانەى ئەو وڵاتە لە رۆژانى 8 و10 و13 و23 و 31 ى ئایار، هێرشى کردووەتە سەر پێگەکانى داعش بە موشەکى ئاڕاستەکراوى GBU-12، موشەکى Paveway IV، موشەکى هيلفاير.