گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى کازمى و زەریف..ئێران باس لە قۆناغێکى نوێی پەیوەندى دەکات لەگەڵ عێراق

2020.07.19 - 13:43
ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى کازمى و زەریف..ئێران باس لە قۆناغێکى نوێی پەیوەندى دەکات لەگەڵ عێراق

ناس كورد-

کۆمارى ئیسلامى ئیران خواستى خۆى خستەڕوو بۆ دەستپێکردنى قۆناغێکى نوێ لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ عێراق، کە خزمەت بە "بەرژەوەندى هاوبەشى هەردوو وڵات بکات"، بەغداش جەخت لە ڕۆڵى هاوسەنگانەى خۆى دەکاتەوە لە ناوچەکەدا.

 

ئەو هەڵوێستانە لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى نێوان مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و محەمەد جەواد زەریف، وەزیرى دەرەوەى ئێراندا ڕاگەیەنران کە ئەمرۆ بە سەردانێک گەیشتە بەغدا، ئەوەش بەپێی بەیاننامەیەکى نوسینگەى کازمى.


زەریف بە کازمى ڕاگەیاند، ئێران لەسەر ئاستى باڵا گرنگى دەدات بە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەى بۆ تاران، بۆ دەستپێکردنى قۆناغێکى نوێی هاریکارى لەنێوان هەردوو وڵات.



لاى خۆشیەوە، مستەفا کازمى جەختیکردەوە لەسەر گرنگى پەیوەندییە دوقۆڵییەکانى ئێران و عێراق و گەشەپێدانى لە بوارە جیاجیاکاندا، بە جۆرێک "خزمەت بە بەرژەوەندى هەردوو گەلى ئێران و عێراق بکات"، سەربارى کارى هاوبەش لەپێناو سەقامگیریی ناوچەکە.

 

وتیشى، "عێراق کاردەکات بۆ جەختکردنەوە لەسەر هەڵوێستى هاوسەنگانە و ئەرێنی خۆى بۆ بەدیهێنانى ئاشتى و پێشکەوتن لەناوچەکە، بەجۆرێک کە کاریگەرى ئیجابی هەبێ لەسەر سەرجەم گەلانى ناوچەکە لەرێگەى بەدیهێنانى سەقامگیریی و خۆشگوزەرانى و گەشەپێدانى بەردەوام.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا زەریف باسى لەوەکرد، ئێران دەیەوێت بچێتە قۆناغێکى نوێ و ئەرێنییەوە لەگەڵ عێراق و رێککەوتنەکانى نێوان هەردوو وڵات کارابکرێن لەسەرجەم کەرتەکاندا.



سەردانەکەى زەریف بە یەکەم سەردانى بەرپرسێکى سیاسیی باڵاى ئێران دادەنرێت بۆ بەغدا لەو کاتەوە کە مستەفا کازمى وەک سەرۆکوەزیرانى عێراق دەستبەکاربووە.

 

بڕیاریشە کازمى بەمنزیکانە سەردانى ئێران بکات، لە چوارچێوەى زنجیرەیەک سەرداندا کە ئەمریکا و سعودیە و چەند وڵاتێکى دیکەش دەگرێتەوە.