گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئێران کازمی دەکاتە نێوەندگیری خۆی و سعودییە بۆ نزیکبوونەوە لەو وڵاتە

2020.07.18 - 20:11
ئێران کازمی دەکاتە نێوەندگیری خۆی و سعودییە بۆ نزیکبوونەوە لەو وڵاتە

ناس کورد-

سەرۆکی پارتی گردبوونەوەی کۆماری عێراق ئاشکرایکرد، هۆکاری سەرەکی لە پشت سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆعێراق کەبڕیارە سبەی بگاتە بەغدا، هەوڵدانە بۆ نزیکبوونەوە لە سعودیە، ئەوەش بەنێوەندگیری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.

 

عاسم جەنابی، سەرۆکی پارتی گردبوونەوەی کۆماری عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە:  "محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوی ئێران، سبەی یەکشەممە سەردانی بەغدا دەکات و هۆکاری سەردانەکەشی داواکردنە لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆڵی نێوەندگیری ببینێت لە نزیک کردنەوە و باشترکردنی پەیوەندییەکانی تاران و ریاز". 

 

جەنابی نوسیویەتی: "سزاکانی ئەمریکا زۆری بۆ ئێران هێناوە، بۆیە لە ئێستادا بە دوای هەناسەپێدەرێکی هەرێمایەتی گرنگ دەگەڕێت بۆئەوەی بەشێک لەقەیرانە کەڵەکەبووەکانی سەرشانی سوکبکاتەوە کە ئەویش وڵاتی سعودیە".

 

بەپێویستیشی زانیوە، دەبێت کازمی ئەو هەلە بە باشی بقوزێتەوە و داوا لە ئێران بکات بەرانبەر ئەو کارە پەڕوباڵی میلیشیاکانی لە عێراق لێبکاتەوە و چیدی پاڵپشتیان نەکات.

 

سەرۆکی پارتی گردبوونەوەی کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە: " لە ئێستادا وڵاتانی کەنداو ئامادەیی خۆیان نیشانداوە لە هاوکاریی و پاڵپشتیکردنی عێراق لەڕووی سیاسی و ئابورییەوە کە ئەوەش دەرفەتێکی نایابە، بۆیە دەبێت سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو هەلە لەدەست نەدات و بەباشی لە بەرژەوەندی وڵاتدا بەکاری بهێنێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە عێراق بتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێتەوە و بگەڕێتەوە ئامێزی چوارچێوەی عەرەبی خۆی".