ناس کورد-
ئەنجومەنی دادوەری عێراقى ئەو دەنگۆيانەى ڕەتكردەوە كە باس لە ئازادكردنى ئەندامێكى حەشدى شەعبى-عەشايەرى دەكەن كە تۆمەتبارە بە ڕفاندن و دەستدرێژى سێكسى بۆسەر كچێكى منداڵ لە شارى موسڵ، ئەو بابەتە چەند ڕۆژێکە لە تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان هەراى ناوەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەنجومەنى دادوەرى عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان هەندێك هەواڵ و پۆست و زانيارى هەڵە بڵاودەكرێنەوە لەسەر كەيسێك كە تائێستاش لەژێر لێكۆڵينەوەيدايە لەلايەن دادگاى بەرەنگاربونەوەى ڕفاندنى سەربە سەرۆكايەتى دادگاى تێهەڵچونەوەى فيدراڵى لە نەينەوا.
ڕونيشكراوەتەوە، ئەو زانياريانەى بڵاوكراونەتەوە مەبەست لێى بەلاڕێدابردنى ڕاى گشتييە، هۆكارەكەش ئەوەيە كە تۆمەتبار سەربە لايەنێكى سياسيیە و ئەو لايەنەش "سوپايەكى ئەلكترۆنى هەيە كە هەوڵى تێكەڵكردنى كارتەكان و بەلاڕێدابردنى ڕاى گشتى دەدەن لەسەر ئەو كەيسە."
هەر بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، كەيسەكە تائێستا لەژێر لێكۆڵينەوەدايە كە كەيسى کچێکی منداڵی تەمەن 15 ساڵە كە شەممەى ڕابردوو لەلايەن كەسوكارەكەيەوە سكاڵا لەسەر ئەندامێكى "حەشدى شەعبى-عەشايەرى" تۆماركراوە، گوايە ئەو كەسە منداڵەكەيانى ڕفاندوە و بەزۆر و لەژێر هەڕەشەى چەكدا دەستدرێژى كردوەتە سەر.
باس لەوەشكراوە، تۆمەتبارەكە دانيناوە بەوەدا كە لەماوەى مانگەكانى چوار تا حەوت چەند جارێك دەستدرێژى كردوەتە سەر منداڵەكە، تۆمەتبار ئازاد نەكراوە و بێبەريش نەكراوە لەژێر هيچ پەستانێكدا وەك هەندێك لە تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان باسى دەكەن.
پێشتريش دەزگاكانى ڕاگەياندنى عێڕاقى لەزارى سەرچاوەى ئەمنيەوە بڵاويانكردبووەوە، تۆمەتباران دوو كەسن و سەربە حەشدى شەعبى-عەشايەرين و کار بۆ بەسيمە بوسەيم، ژنە پەرلەمانتارى عێراق دەکەن لەسەر پشكى موسڵن.
دواى سكاڵاكەش هەردوو تۆمەتبار لەلايەن فەوجى بەرەنگاربونەوەى تاوانى ڕێكخراو دەستگير كران و دەركەوت كە سەربە ليواى 76ى حەشى شەعبين.
لاى خۆشيانەوە چالاكوانى تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان هاشتاگى "مافى كچەكەى موسڵ"یان بڵاوكردەوە، ئەويش وەك فشارێک بۆسەر دەسەڵاتداران بۆ ئەوەى لێپێچينەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانى تاوانەكەدا بكەن.
لەلايەكى ترەوە بەسيمە بوسەيم لە بەياننامەيەكدا ئاماژەى بەوەداوە، بەپێى لێكۆڵينەوە سەرەتاييەكان يەكێك لە تۆمەتبارەكان كە ناوى عوسمانە، دەركەوتوە كە بەشدار نەبووە لە تاوانەكە و سكاڵاشى لەسەر تۆمار نەكراوە، دەستگيركردنيشى بەهۆى ئەوەوە بووە لەكاتى دەستگيركردنى تۆمەتبارەكەى تر ئەويش لە ماڵيان بووە، دواتريش بەلايەن دادوەرەوە ئازاد كراوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، هەروەها بەپێى لێكۆڵينەوە و بەڵگەكان هيچ ڕفاندنێك و دەستدرێژيەكى سێكسى و بەكارهێنانى چەك نەبووە.
لاى خۆشيانەوە ژنە پەرلەمانتارەكانى تر ئيدانەى دەستدرێژيكردنە سەر كچەکەیان كردوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا باسيان لەوەكردوە، ليژنەيەكى لێكۆڵينەوەيان پێكهێناوە بۆ بەدواداچونى ڕوداوەكە، بۆ ئەوەى سزاى دادپەروەرانە بەسەر ئەنجامدەرانى ئەو تاوانە قێزەونە بسەپێنرێت.
لەماوەى شەش مانگى ڕابردودا ئەوە سێيەم ڕووداوى لەو شێوەيە لە شارى موسڵ دژى منداڵان ئەنجام بدرێت.