گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گرانترین دەرمانە و بە ئەستەم دەستدەکەوێت.. کاریگەریی چییە؟

نرخى یەک دەرزى چارەسەرێکى کۆرۆنا لە هەرێم دەگاتە سێ هەزار دۆلار

2020.07.18 - 15:33
App store icon Play store icon Play store icon
نرخى یەک دەرزى چارەسەرێکى کۆرۆنا لە هەرێم دەگاتە  سێ هەزار دۆلار

ناس کورد-

نرخى یەک دەرزى چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان دەگاتە سێ هەزار دۆلار، لەپاڵ دەیان چارەسەرى دیکەدا کە بۆ چارەسەرى توشبووان بەکاردەهێنرێت، سەربارى دەرمانە ڕوسییەکە کە هێشتا بەفەرمى لەلایەن بەغداوە رەوانەى هەرێم نەکراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە هەرێمى کوردستان چەندین چارەسەر بەکاردەهێنرێت بۆ توشبووانى ڤایرۆسى کۆرۆنا، بەپێی ئەو پرۆتۆکۆڵە چارەسەرەى رێکخراوى تەندروستى جیهانى ئامادەیکردووە و بەردەوام نوێی دەکاتەوە.

 

محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند، لەسەر بنەماى پرۆتۆکۆڵەکە دەرمانى جیاجیا بۆ توشبووانى کۆرۆنا بەکاردەهێنرێت، بەپێی جۆرى حاڵەتەکان و دۆخ و نیشانەى توشبووان.

 

وتیشى، "یەکێک لە چارەسەرەکان ڤیتامین و تەواوکارى خۆراکییە، یەکێکى دیکەشیان بۆ نیشانەکانە وەکو ئازارشکێنەکان، لەگەڵ چەند دەرمانێکى دیکە کە بەپێی دۆخى نەخۆشەکە لەلایەن پزیشکەکانەوە دیاریدەکرێت تا پێیان بدرێت".

 

لەناو سەرجەم دەرمانەکاندا، دەرزى "Tocilizumab تۆسیلیزوماب" کە لە بنەڕەتدا بۆ چارەسەرى هەوکردنى جومگەکان و رۆماتیزم بەکاردەهێنرێت گرانترین نرخى هەیە و نرخى هەر دەرزییەکى لە هەرێم دەگاتە سێ هەزار دۆلار.

 

دەرمانەکە ئاماژەى نەرێنى لەسەر خانەکانى بەرگرى جەستە کەم دەکاتەوە کە کۆرۆنا هێرشیان دەکاتە سەر، هەروەها دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى "سایتۆکین" کە خانەکانى جەستە وا لێ دەکات لەکاتى هێرشکردنە سەر کۆرۆنادا هێرشبکەنە سەر خانەکانى خۆشیان.

 

محەمەد قادر وتى، "نرخى ئەو دەرمانە لە نێوان 1800-2000 دۆلار دیاریکراوە، بەڵام لە ئێستادا نرخى هەر دەرزییەکى گەیشتووەتە سێ هەزار دۆلار، دەرمانەکەش بۆ حاڵەتى دەگمەن بەکاردێت و خەڵک لەکەرتى تایبەت دەیکڕن و زۆر بەئەستەم دەستدەکەوێت".

 

بەپێی توێژینەوەیەکى نەخۆشخانەى گشتى پاریس کە ئایارى ئەمساڵ بڵاوکرایەوە، دووجار بەکارهێنانى ئەو دەرمانە لەسەر توشبووانى کۆرۆنا ئەگەرى مردنیان کەمدەکاتەوە.

 

سەربارى ئەو چارەسەرانە، تەندروستى هەرێم چاوەڕوانى ئەوەیە دەرمانێکى دیکەى لەبەغداوە بەدەستبگات تا بۆ چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا بەکاریبهێنێت، بەڵام دەرمانەکە ئێستا لە نەخۆشخانەکانى هەولێر بەردەستە. 

 

دەرمانەکە ناوى ئەڤیڤاڤیرە کە 1995 لەلایەن کۆمپانیایەکى یابانییەوە بەرهەمهێنراوە و لەلایەن روسیاوە بەشێوەیەکى فەرمى گەشەى پێدراوە بۆ چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا و بەپێی تاقیکردنەوەکان ماوەى چاکبوونەوەى توشبووان کەمدەکاتەوە.

 

وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى وتى "بەفەرمى هێشتا دەرمانەکەمان لەبەغداوە بۆ نەهاتووە، بەڵام پارێزگاى هەولێر خۆى دەرمانەکەى لە کۆمپانیاى دروستکەرى دەرمانەکە کڕیوە، بەڵام ئێمە هێشتا چاوەڕوانى بەغداین تا بەخۆڕایی بۆ توشبووان بەکاریبهێنین".



باسى لەوەشکرد، تائێستا وادەى گەیشتنى دەرمانەکە و بڕەکەى نازانن، بەڵام بڕى گەیشتنى بەپێی پێویستى هەرێم دەبێت.