گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕێگە نادات سندوقی دەنگدانیش دابنرێت

ڕۆژئاواى کوردستان بەشدارى هەڵبژاردنى پەرلەمانیی سوریا ناکات

2020.07.18 - 14:10
App store icon Play store icon Play store icon
ڕۆژئاواى کوردستان بەشدارى هەڵبژاردنى پەرلەمانیی سوریا ناکات

ناس کورد-

ئیدارەى خۆبەرێوەبەرى ڕۆژئاواى کوردستان ڕایگەیاند، بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى سوریا ناکەن کە بڕیارە لە 19ى تەموز بەرێوەبچێت و هیچ سندوقێکى دەنگدانیش لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتیان دانانرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لوقمان ئەحمى، وتەبێژى ئیدارەى خۆبەرێوەبەرى ڕۆژئاواى کوردستان لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا ئاماژەى بەوەکرد، لەکاتێکدا هاوڵاتییانى سوریا چاوەڕوانى چارەسەرى ئاشتیانەى قەیرانى سوریان کە ماوەى 10 ساڵە بەردەوامە، ڕژێمى سوریا سورە لەسەر دیدگاى خۆى بۆ قەیرانى سوریا کە لەسەرەتاوە تا ئێستا هیچ شتێکى نەگۆڕیوە.



وتیشى، "سوربوونى سوریا لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن هیچ نییە جگە لە سوربوونى رژێم لەو هەنگاوانەى لەسەرەتاى قەیرانەکەوە ناویەتى، کە نەبوونى هیچ روانگەیەکە بۆ چارەسەرى قەیرانەکە و رازى نەبوونییەتى بە بەشدارى هیچ لایەنێک لە گفتوگۆى سورى - سورى بۆ چارەسەرى قەیرانەکە".

 

وتەبێژى ئیدارەى خۆبەرێوەبەرى رۆژئاواى کوردستان جەختیکردەوە، هەڵبژاردنەکە هیچ پەیوەندییەکى بە ئیدارەکەیانەوە نییە و هیچ سندوقێکى دەنگدان لەناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى ئیدارەى خۆبەڕێوەبەرى باکور و رۆژهەڵاتى سوریا دانانرێت.

 

هەروەها داواى لە حکومەتى سوریا و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و لایەنە جیاجیاکانى سوریا کرد کۆبنەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى چارەسەرى قەیرانى سوریا بەپێی دەستور، پاشان هەڵبژاردن بکرێت.

 

وتەبێژى ئیدارەى خۆبەرێوەبەرى رۆژئاواى کوردستان جەختیکردەوە، نابنە بەشێک لەهیچ بڕیارێکى تاکلایەنە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمان لە سوریا.