گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەهۆی كڕینی سیستمی ئێس 400ى ڕوسیەوە

واشنتۆن؛ پڕۆژە یاسایەک گەڵاڵە دەکرێت بۆ سزادانى تورکیا 

2020.07.17 - 23:39
واشنتۆن؛ پڕۆژە یاسایەک گەڵاڵە دەکرێت بۆ سزادانى تورکیا 

ناس کورد- 

ئەندامانی نوێنەرانی ئەمریكا لەهەردو پارتى كۆماری و دیموكراتەكان پڕۆژە یاسایەكیان بۆ سزادانی توركیا پێشكەش كردووە بەهۆی كڕینی سیستمی ئێس 400ى ڕوسیەوە و دەشڵێن، دەبێت توركیا لەو كارانەی ڕابگیرێت و وەكو دوژمنی ئەمریكاش مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

 

ئادەم كینزینگەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە پارتى كۆمارییەكان ڕایگەیاند، توركیا بەدەركردنی چەند بڕیارێكی گوماناوی ڕێز لەپابەندبوون و ئەركەكانی وەكو ئەندامی ناتۆ ناگرێت.

 

ئەو ئەندامەی كۆمارییەكان یەكێكە لەوانەی كەپڕۆژە یاسایەكیان پێشكەشی كۆنگرێس كردووە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پێویستە ئەوە ڕونبكرێتەوە و گومانی تێدا نەماوەتەوە كە مامەڵەكانی توركیا مایەی قبوڵكردن نین و دەبێت سزای قورسی بۆ ئەنكەرە بەدوادابێت.

 

جەختی لەسەر ئەوەش كردووەتەوە، پڕۆژە یاسا نوێیەكە مامەڵەكانی توركیا وەكو تاوانێك دەژمێرێت كەمایەی سزابێت و  لەگەڵ ئەو وڵاتەشدا بەپێی مادەی 231ی یاسای بەرەنگاری نەیارەكانی ئەمریكا مامەڵە دەكرێت.

 

كینزینگەر باسی لەوەش كردووە، توركیا بەردەوامە لەدەركردنی چەند بڕیارێكی گوماناوی و پێشتریش هۆشدارییەكانی ئەندامانی ناتۆی پشتگوێ خست بۆ ڕێكکەوتن لەگەڵ ڕووسیادا بەمەبەستی كڕینی سیستمی بەرگری ئێس 400ى ڕوسی.

 

لای خۆشیەوە سپانبەرگەر ئەندامی كۆنگریسی ئەمریكا ڕایگەیاند، شانازیی دەكات هاوشانی هاوپیشەكەی كینزینگەر وەستاوە بۆ دەركردنی یاسایەك كە پەیامێكی بەهێزە بۆ توركیا كەبووەتە هۆی هەڕەشە بۆ سەر ئەمریكا وناتۆ و دەبێت بەیاسا سزای بەسەردا بسەپێنرێت.