گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’بۆ دیپلۆماتكارانی بیانی نیە دەستوەردات لەكێشە ناوخۆیەكان’

پێشنیاری چارەسەری كۆنفیدراڵی لەنێوان هەرێم و بەغدا کاردانەوەى لێکەوتەوە 

2020.07.17 - 23:21
پێشنیاری چارەسەری كۆنفیدراڵی لەنێوان هەرێم و بەغدا کاردانەوەى لێکەوتەوە 

ناس کورد- 

هاوپەیمانی نەسڕى حەیدەر عەبادى، پێشوازی لەهەڵوێستەكەی نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان کرد كە ڕەتیكردەوە لێدوانی لەسەر پرسی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدا بەڕێگای كۆنفیدراڵی دابێت و هاوپەیمانییەتییەکەش هۆشداریدا "كاری دیپلۆماتكاران نیە دەستوەردات لەكێشە ناوخۆییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا".

 

لەڕاگەیەنراوێكدا هاوپەیمانی نەسڕى حەیدەر عەبادی ڕایگەیاند، هاوپەیمانێتییەکە پێشوازى لە هەڵوێستى جێنین بلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری عێراق دەكات کە رەتیکردۆتەوە وەک چارەسەرێک بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەرێم و بەغدا پێشنیارى جێبەجێکردنى سیستمی كۆنفیدراڵی کردبێت. 

 

هاوپەیمانی نەسر رونیکردەوە :"وای دەبینین لەجەختكردنەوەكەیدا بۆ پابەندبوونی بەیەكپارچەی خاكی عێراق و سەروەرییە سیاسی و دەستورییەكەی ڕونكردنەوەیەكە دەگونجێت لەگەڵ كاروبارەكانیدا وەكو نێردەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، هاوپەیمانێتییەكەیان داواش دەكات ڕۆڵی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان و دەسەڵاتەكانی كە پیێدراوە پابەند بێت بەهاریكاریكردنی عێراق نەك سەرقاڵبون بەدەستوەردانی كاروبارەكانیەوە و هەروەها داواش لەسەرجەم دیپلۆماتكاران دەكەن پابەند بن بە لایەنە دەستورییەكان و سەروەری عێراقەوە و هەر كێشە و ناكۆكیەكی ناوخۆیش بەو ڕێگایانە چارەسەر دەكرێن كەیەكپارچەیی عێراق بپارێزێت.



راگەیەندراوى هاوپەیمانێتییەکە، دواى ئەوە هات کە لەلایەن چەند میدیایەكەوە لێدوانێك بەناوی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بڵاوكرایەوە كە ئاماژە بەوە کرابوو، نەتەوە یەكگرتووەكان بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی كۆمار و حكومەتدا نەخشەڕێگایەكی گشتگیری داناوە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەرێم و بەغدا لەڕێگەی چەسپاندنی سیستمی كۆنفیدراڵیەوە.