گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕونکردنەوەى پێشمەرگە لەبارەى ڤیدیۆى دەمەقاڵێکەى ئاسایشێک و هێزێکى عێراقى لە بازگەیەک

2020.07.17 - 17:18
ڕونکردنەوەى پێشمەرگە لەبارەى ڤیدیۆى دەمەقاڵێکەى ئاسایشێک و هێزێکى عێراقى لە بازگەیەک

ناس کورد-

میحوەرى قەرەتەپە-حەمرینى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان رونکردنەوەیەکى لەبارەى ئەو گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکردەوە کە لە بازگەیەکدا لەنێوان ئاسایشێک و هێزێکى عێراقى لەبارەى دانانى ئاڵاى عێراق دەمەقاڵێ دروست دەبێت.

 

لە رونکردنەوەکەى میحوەرى قەرەتەپە-حەمرینى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان ئەوە رەتکراوەتەوە کە ئەو گرتە ڤیدیۆییە گرتەى ڤیدیۆیى بازگەى گوندى کارێزى سەر بە ناحیەى جەبارەى نزیک لە شارى کفرى بێت و جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە هەواڵەکە هیچ بنەمایەکى راستى تێدا نییە.

 

بەگوێرەى رونکردنەوەکە " گرتە ڤیدیۆیەکە بازگەی کارێز نییە. بەڵکو، ئەو بازگەیە وەک پێشتر لەلایەن پۆلیسی کفرییەوە بەڕێوەدەبرێت".

 

دەقى رونکردنەوەکە:

 

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی

ئەمرۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە کە تیایدا لەلایەن ھێزێکی سوپای عێراقییەوە ئاڵای عێراق لەبازگەیەکدا دائەنرێ، وا بڵاوکراوەتەوە کە ئەو شوێنە بازگەی گوندی (کارێز)ی سەر بە ناحیەی جەبارەیە، نزیک بە شاری کفری.

 

بۆ ھەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە کە ئەو ھەواڵە ھیچ بنەمایەکی ڕاستی تیادا نییەو گرتە ڤیدیۆیەکەش بازگەی کارێز نییە. بەڵکو، ئەو بازگەیە وەک پێشتر لەلایەن پۆلیسی کفرییەوە بەڕێوەدەبرێت.

 

ئەوەش بۆ ھەموو لایەک رادەگەیەنین، کە لەچەند رۆژی رابردوودا لێکتێگەیشتنێک لەنێوان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقدا ھەبووە لەسەر ئەوەی ئەو ناوچانەی سنوری پارێزگای دیالە و بەتایبەت ڕێگای نێوان کفری-خورماتوو ھەتا گوندی (قوڕیچایی) کە پێشتر بۆشایی ئەمنییان تیادا بووە، لەلایەن سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگەوە بپارێزرێت.

 

لێکگەیشتنی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق لەچوارچێوەی دەستوری عێراقدایە و ھەر تەفسیرێکی تری بۆ بکرێت، دەچێتە خانەی چەواشەکارییەوە.

 

لەرابردوودا ئەو رێگایە بەھۆی ھەرەشەکانی داعش و مەترسییەکانی تیرۆرەوە، دڵەڕاوکێی لای ھاووڵاتیان و ئەو کەسانەش دروست کردووە کە ھاتوچۆیان پێدا کردوە. بۆیە، لەئێستادا کە لێکتێگەیشتنێک ھەبێت بە ئاگاداری ھەموو لایەک و لەپێناو پاراستنی سەر و ماڵ و سەلامەتی ھاووڵاتیاندا، لەچوارچێوەی ئەرکی ئێمەدا بووە وەک ھێزی پێشمەرگەی کوردستان.

 

بۆ ئەوەی ھاووڵاتیان دڵنیابن و بوارێک بۆ چەواشەکاریش نەمێنێتەوە، ئەم ڕوونکردنەوەیەمان بەپێویست زانی.

ڕاگەیاندنی

میحوەری قەرەتەپە-حەمرین

ھێزی پێشمەرگەی کوردستان

١٧-٧-٢٠٢٠

کفری