گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نیوەی غازی سروشتیی عێراق بەفیڕۆدەچێت

نیویۆرک تایمز: بەشی کارەبای سێ ملیۆن ماڵ عازی سروشتی لەعێراق بەفیڕۆدەچێت

2020.07.17 - 15:30
نیویۆرک تایمز: بەشی کارەبای سێ ملیۆن ماڵ عازی سروشتی لەعێراق بەفیڕۆدەچێت

ناس کورد-

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، نیوەی گازی سروشتیی بەرهەمهێنراوی عێراق بەفێڕۆ دەچێت و دەسوتێت، ئەوەش ژینگەی پیسکردووە وهاوڵاتیانیشی توشی نەخۆشی ترسناک کردووە، ئاماژەی بەوەشداوە، دەتوانرێت ئەو گازە بەفیڕۆدراوە کارەبای سێ ملیۆن ماڵی پێ دابینبکرێت.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی نیوەی ئەو گازە سروشتییەی کە عێراق لە کێڵگەکانیدا بەرهەمیدەهێنێت، هیچ سودێکی لێ وەرناگیرێت و بە فیڕۆ دەسوتێت. 

 

ئاماژە بەوەکراوە: "سەرباری ئەوەی عێراق نەیتوانیوە لەو سامانە گرنگە سوود وەربگرێت، لە هەمانکاتیشدا بووەتە مایەی پیسبوونی ژینگە و توشبوونی هاووڵاتیانی بە چەندین جۆر نەخۆشی،  وەک، ڕەبۆ، پەستانی خۆێن و چەندین جۆر نەخۆشی شێرپەنجە." 



بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ڕێژەی ئەو گازەی کە لەعێراقدا بەفیڕۆ دەچێت، ڕێژەکەی لەهەموو وڵاتانی بەرهەمهێنی وزە لە جیهاندا زیاترە، جگە لە وڵاتی ڕوسیا.

 

ڕۆژنامە ئەمریکییە باسیلەوەشکردووە: "ناوچەیەکی بچوکی نزیک پارێزگای بەسرە کە ناوی (نەهران عومەر)ه زیاتر لە 40 کەس لە دانیشتوانەکەی بەهۆی پیسبوونی ژینگەکەیانەوە  کە نزیکن لەکیڵگە نەوتییەکانی ئەو پارێزگایە توشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون." 

 

هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی "وزەی نیودەوڵەتی" ئەو گازەی کە لەکیڵگەکانی عێراقدا بەفیڕۆ دەچێت و دەسوتێت، ئەگەر بە شێوەیەکی کارا وەبەرهێنانی بۆ بکرێت دەتوانێت زیاتر لە سێ ملیۆن ماڵ لە ڕێگەیەوە ڕووناکبکرێتەوە و تەزووی کارەبایان بۆ دابینکرێت. 

 

 لە ئێستادا عێراق بەمەبەستی دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا،  ماوەی چەند ساڵێکە پشتی بەئێران بەستووە و بەگوێرەی زانیارییەکانی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق " ساڵانە نزیکەی چوار ملیار دۆلار دەدرێت بەنرخی کڕینی گاز لەو وڵاتە." 

 

لای خۆشییەوە، لوئەی خەتیب، وەزیری کارەبای عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ماڵپەڕی "ستاندرئیند پۆرزگڵوبال پلاتس"ی وتووە: "پەرەپێدانی پڕۆژەکانی کەرتی نەوت و گاز لەعێراقدا چوارساڵی پێدەچێت، پاش ئەو ماوەیە عێراق دەتوانێت پشت بەخۆی ببستێت لە دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی و چیتر گاز لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردە نەکات." 

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوشکردووە: "عێراق لە ئێستادا لە 80%ی بەرهەمی هەناردە کراوی ئێران لەکارەبا هاوردە دەکات، بەجۆرێک داتاکانی وەزارەتی وزەی ئێران ئاماژەیان بەوەکردووە، کارەبای هەناردەکراوی وڵاتەکەیان بۆ عێراق لە ساڵی 2019دا بەڕێژەی 28%دا زیادی کردووە."