گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەسەدە و هاوپەیمانان قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی داعش دەستپێکرد

2020.07.17 - 15:06
هەسەدە و هاوپەیمانان قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی داعش دەستپێکرد

ناس کورد-

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکانیانی دژی تیرۆرستانی داعشی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەشكرد، چالاکییەکانیان بەبەشداری هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزە ئاسمانییەکان ئەنجامدەدەن.

 

ئەمڕۆ هەینی 17ی تەموزی 2020، لەڕاگەیەندراوێکدا هەسەدە ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ هێزەکانمان قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکان دژی داعش لەناوچەی دێرەزور دەستپێدەکەن بۆ کۆتایی هێنان بە پاشماوەو شانەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "لەم قۆناغەدا هێرشدەکەنەسەر مۆڵگە و حەشارگەکانی داعش کە بوونەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی ناوچەی دێرەزور."

 

هەسەدە ڕونیشیکردووەتەوە، چالاکییەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ یەکەکانی تایبەت بەڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدەدەن.

 

قۆناغی یەکەمی هێرشەکانی هەسەدە لە 10ی مانگی ڕابردوو کۆتایی هات و تیایدا 110 چەکداری داعش دەستگیرکران و ناوچەیەکی فراوانیش لە حەسەکە و دیرەزور لە تیرۆرستان پاک کرایەوە.