ناس کورد-
ئەگەرچی بڕیاربوو ئەم هەفتەیە دەرمانی فاڤیپراڤیرەی تایبەت بە کۆرۆنا لە بەغداوە بگاتە هەرێم، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەشتووە و تەندروستیی هەولێر خۆیان دەرمانەکەیان کڕیوە و بەکاریدەهێنن، تەندروستیی سلێمانیش دەڵێت، هەفتەی داهاتوو ئەوانیش دەرمانەکە دەکڕن و بۆ توشبووان بەکاریدەهێنن، دەشڵێت، لەئێستادا سەرجەم ئەو توشبووانەی لە نەخۆشخانەن تەندروستیان ناجێگیرە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بە ناس کوردی راگەیاند: "لەئێستادا دەرمانە ڕووسییەکە گەیشتووەتە بەغدا، بەڵام تەنها لەوێ بەکاردەهێنرێت و هێشتا نە بۆ هەرێم و نە بۆ هیچ پارێزگایەکی عێراق نەنێردراوە."
وتیشی: "لە بەغدا بەکارهێنراوە و چاودێری ئەو کەسانە دەکەن کە دەرمانەکەیان پێدراوە تاوەکو بزانن کاریگەرییەکان و زیانەکانیشی چیین و دواتر پێدەچێت بۆ هەرێم و پارێزگاکانی دیکەش بنێردرێت".
لەئێستادا کۆمپانیایەکی دەرمان لە هەولێر دەرمانەکەی بەرهەمهێناوەتەوە و تەندروستیی هەولێریش بۆ توشبووان بەکاریهێناوە.
وتەبێژی تەندروستیی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد: "پارێزگای هەولێر خۆیان دەرمانەکەیان لەو کۆمپانیایە کڕیوە لەسەر بودجەی خۆیان و پارێزگاکانی دیکەش دەتوانن خۆیان بیکڕن."
هاوکات دکتۆر هێرش حەیدەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "گفتوگۆمان لەگەڵ کۆمپانیای بەرهەمهێنەری دەرمانەکە کردووە و لە پلانماندایە لە هەفتەی داهاتوودا دەرمانەکە بکڕین و بەکاریبهێنین."
هەروەها دەربارەی دۆخی تەندروستیی سلێمانی، ئاماژەی بەوەکرد: "تاڕادەیەک دۆخەکە بەرەو باشبوون دەچێت و ژمارەی ڕۆژانەی توشبووان بەرەو خاوبوونەوە دەچێت و چاوەڕێ دەکەین باشتریش بێت".
دەربارەی دۆخی تەندروستیی توشبووان، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی باسی لەوەکرد: "لەئێستادا ئەو توشبووانەی لە نەخۆشخانەن کە ژمارەیەن نزیکەی 180 توشبوون، سەرجەمیان تەندروستییان ناجێگیرە و ئەوانی دیکە لە ماڵەکانی خۆیاندا کەرەنتینەن و دۆخیان باشە".