گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پزیشکێکی نێودەوڵەتی: ئەو دەرمانەی کۆرۆنا لە هەرێم بە 200 دۆلارە لە هندستان بە دۆلارێکە

2020.07.16 - 20:37
پزیشکێکی نێودەوڵەتی: ئەو دەرمانەی کۆرۆنا لە هەرێم بە 200 دۆلارە لە هندستان بە دۆلارێکە

ناس کورد-

پزیشکێکی شارەزا و خاوەنی دکتۆرا لە سیاسەتی تەندروستیی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، کۆمپانیای ئاوامێدیکا پاکەتێک دەرمانی فاڤیپراڤیرە کە بۆ توشبووانی کۆرۆنا بەکاردەهێنرێت بە 200 دۆلار دەداتە حکومەت، لەکاتێکدا لە هندستان نرخەکەی کەمترە لە دۆلارێک، دەشڵێت، گومان هەیە ئەو کۆمپانیایە هی بەرپرسێکی باڵای حکومییە.

 

دکتۆر گۆران عەبدوڵا، پزیشک و خاوەنی دکتۆرا لە سیاسەتی تەندروستیی نێودەوڵەتی لەبارەی بەرهەمهێنانی دەرمانێکی کۆرۆنا لە هەرێم و فرۆشتنی بە حکومەتی هەرێم نامەیەکی کراوەی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی هەرێم کرد.

 

ئەو پزیشکە نێودەوڵەتییە لە نامەکەیدا ڕایگەیاندووە: " ماوەیەکە کۆمپانیای ئاوامیدیکا ڕیکلامی ئەوە دەکا کە دەرمانێکی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنای لە کوردستان بەرهەمهێناوە بەناوی فاڤیپراڤیرە و هێشتا بە تەواوەتی دەرنەکەوتوە کە کاریگەری هەیە یا نا، بە وتەی نوێنەرەکانی خۆیان، کەرەستە خاوەکانی دەرمانەکە و شێوازی دروستکردنی لە هیندستانەوە بۆ هاتوە و دروستی کردوە، ئەم کۆمپانیایە یەک پاکەتی دەرمانەکەی لەسەر حکومەت بە 200 دۆلاری ئەمریکی حەساب کردوە."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "ئەوە لەکاتێکدایە ئەم دەرمانە لە هیندستان یەک دانەی بە ٧٥ روپیە دەفرۆشرێ، واتە کەمتر لە یەک دۆلار، ئایا بەچی یاسایەک و بەچی حساب و کتابێک، ئاوامیدیکا پاکەتێکی ئەم دەرمانە بە 200 دۆلار لەسەر حکومەت حساب دەکا؟، ئایا بەچی یاسایەک رێگە دراوە ئەم کۆمپانیایە ئەو هەمو قازانجە لەم دەرمانە بکا؟."

 

دکتۆر گۆران عەبدوڵا ئەوەشی خستووەتەڕوو: " جگە لە چەند وڵاتێکی کەم، ئەم دەرمانە لە هیچ وڵاتێکی دیکە بەکارناهێنرێ، ئایا بە چی بەڵگەیەکی زانستی رێگە دەدرێ ئەم دەرمانە لە کوردستان بەکاربهێنرێ."

 

جەختیشیکردووەتەوە: "ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی زۆر بەڕونی دژی بەکارهێنانی ئەم دەرمانەیە بۆ نەخۆشەکانی کۆرۆنا ئەگەر هاتو لە دەرەوەی توێژینەوەی زانستی بێ، ئایا بەچی بیانویەک ئەم دەرمانە بە نرخێکی زۆر بەرز دەفرۆشرێتە حکومەت و لەسەر خەڵکی کوردستان تاقیدەکرێتەوە."

 

ئەو پزیشکە نێودەوڵەتییە ئاماژەی بەوەشكردووە: "تاوەکو ئێستا وەزارەتی تەندروستی و پارێزگای هەولێر و چەند دەزگایەکی فەرمی دیکە ستایش و دەستخۆشیان لە کۆمپانیای ئاوامیدیکا کردوە و ریکلامیان بۆ کردوە لە بەرامبەر بەرهەمهێنانی ئەم دەرمانە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بە تەواوەتی دیار نیە دەرمانەکە سودی هەبێ بۆ کۆرۆنا، ئایا ئەم ریکلامکردنەی دەزگا گشتیەکان بۆ کۆمپانیایەکی تایبەت ناچێتە چوارچێوەی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەوە بۆ مەبەستی تایبەت؟."

 

باسی لەوەشکردووە: " گومان هەیە کە کۆمپانیای ئاوامیدیکا سەر بە بەرپرسێکی باڵای حکومیە و ئەو بەرێزە کە لە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکار دایە پشتگیری لە کۆمپانیاکە دەکا و سودی لێ دەبینێ، ئایا پێویست ناکا بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکرێت و لێکۆڵینەوەی لێ بکرێ؟."

 

دکتۆر گۆران عەبدوڵا لەکۆتایی نامەکەیدا بۆ داواکاری گشتیی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە: " داواتان لێ دەکەین بەدواداچون بۆ ئەم خاڵانە بکەن و مافی گشتی بپارێزن، هەروەها پێویستە بە گوێرەی یاسای مافی گەیشتن بە زانیاری هەموو وردەکاریەکانی گرێبەستی ئاوامیدیکا لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاشکرا بکرێت، ئەگەر دەریشکەوت کە ئاوامیدیکا مامەڵەیەکی نازانستی و نایاسایی کردوە ئەوا پێویستە ئەو قازانجە زەبەلاحەی لەم مامەڵە بازرگانیە دەیکا وەربگیرێتەوە و بدرێتە موچە و دەرماڵەی تەندروستکاران کە ماندونەناسانە شەڕی کۆرۆنا دەکەن."