ناس کورد-
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا هۆکاری نەگەڕانەوەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی بۆ بەغدا ئاشکراکرد و ڕایگەیند، بەغدا دوا وەڵام و بۆچوونی خۆیان دەربارەی ڕێککەوتن بۆ هەرێم ناردووە و بەرپرسانی هەرێمیش تاوتوێی ئەوە دەکەن کە چیبکەن و دواتر شاندەکە بگەڕێتەوە بەغدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەگەرچی بڕیاربوو هەفتەی رابردوو شاندی باڵای حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا و گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەڵام سەردانەکە نەکرا و شاندەکە نەچووەوە بەغدا.
فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە ناس کوردی وتی: "تائێستا دیارنییە کەی شاندەکەی حکومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە بەغدا و هیچ وادەیەک دیارینەکراوە."
سەبارەت بە هۆکاری نەگەڕانەوەی شاندەکە، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا ئاماژەی بەوەکرد: "بەغدا دوا وەڵامی خۆیان داوەتە هەرێم بۆ ڕێککەوتن و لەئێستادا هەرێم تاوتوێی وەڵام و داواکارییەکانی بەغدا دەکەن و هەرکات گەیشتنە ئەنجام شاندەکە دەگەڕێنەوە بەغدا."
لەچەند رۆژی ڕابردووشدا، ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاندبوو: "بەغدا سێ داواکاری هەیە، ڕادەستکردنی کۆی گشتیی نەوت، داهاتی دەروازە سنورییەکان و ناوخۆ و دەستگرتن بەسەر دەروازە سنورییەکاندا کە ئێستا کازمی کاری بۆ دەکات."
ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئاماژەی بەوەشکردبوو: "بەرپرسانی هەرێم ناتوانن ئەو داواکرییانە جێبەجێبکەن، هەربۆیە قورسە ڕێککەوتن ئەنجامبدرێت."