گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’سوننەكان هاوسەنگی و شیعەكانیش پاراستنی پرەنسیپی مەزهەبییان دەوێت’

ململانێى لایەنەکان بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى ئاشکرادەکرێت 

2020.07.16 - 10:14
ململانێى لایەنەکان بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى ئاشکرادەکرێت 

ناس کورد- 

ڕۆژنامەیەکى عەرەبى لە راپۆرتێکیدا پەردە لەسەر ململانێى لایەنە سیاسییەکانى عێراق هەڵدەماڵێت سەبارەت بە وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى ئەو وڵاتە. 

 

لەڕاپۆرتێكیدا ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئەوەی ئاشكرا كردووە، لەدوای دوورخستنەوەی فالح فەیاز لەهەردوو پۆستی سەرۆك و ڕاوێژكاری دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی و دانانی عەبدولغەنی ئەسەدی فەرماندەی خانەنشین بەپلەی فەریق بەسەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی و هەروەها دانانی قاسم ئەعرەجی بەڕاوێژكاری دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی لەئێستادا و لەژوورە داخراوەكاندا ململانێی توند لەسەر پۆستی سەرۆكایەتی دەزگای هەواڵگری هەیە.

 

گەرچی دانانی هەر یەكە لەئەسەدی سەربازی خانەنشین و ئەعرەجی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەو دوو پۆستە هەستیارەدا كاردانەوەی بەشێك لەسەركردە سیاسیەكانی عێراقی بەدوای خۆیدا هێناوە بەڵام ئێستا زیاتر چاوەکان لەسەر پۆستی سەرۆكی دەزگای هەواڵگریە كە هێشتا مستەفا كازمی خۆی سەرۆكی دەزگاكەیە كە لەساڵی 2016ەوە ئەو بەرپرسیارێتیەی پێدراوە.

 

لای خۆیەوە محەمەد كەربولی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح بەڕۆژنامەكەی وتووە، لەگەڵ چەند بڕیارێكی كازمیدا نین، بەڵام گەر پڕۆژەكەی لەقازانجی چاكسازی و نیشتیماندا بێت بەرهەڵستەكاری ناكەن و ئەوان و كوردیش ڕۆڵیان لەدانانی كازمیدا هەبووە. 

 

كەربولی نیگەرانی خۆی لەوە دەربڕیووە چەند دەزگایەكی ئاسایشی گرنگی وڵات بەر هەڵمەتی پاكسازی كەوتووە بەگۆڕینی كەسایەتیەكانیان بەچەند كەسایەتیەكی سونی و چەند دەزگایەكی دیكە بەدەر كراون لەو گۆڕانكارییانە.

 

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح وتوشیەتی :"مستەفا كازمی پرەنسیپی هاوسەنگی ڕانەگرتووە لەكاتێكدا لەسەری ڕێكکەوتوون، بەڵام گۆڕینی پۆستی ئەم دەزگا و ئەو دەزگا بۆ لایەنێك ئەوا كێشە بۆ ئاسایشی مەزهەبی دروستدەكات و پرەنسیپی هاوسەنگیش تەنها تایبەت نیە بەسوننەكانەوە بەڵكو كەمایەتیەكانی دیكەش دەگرێتەوە".

 

لەبەرامبەریشدا سالم توفەیلی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی عێراقییەكان دەڵێت:"ئەو كەسانەی كە كازمیی دایاندەنێت، بەپێی پرەنسیپی توانا و لێوەشاوەییە بێ گوێدانە پابەندبونی مەزهەبی و كاندیدی كەسایەتیەكان و وڵاتیش لەسەر پشكپشكێنەی مەزهەبی بونیات نانرێت".

 

بەوتەی توفەیلی، ئەو هێرش و ڕەخنانەی لەسەر ئەو بڕیارانەی دەكرێنە سەر كازمی بۆ فشارە بەمەبەستی وەرگرتنی چەند پۆستێك لەلایەن هەندێ حزبی سیاسیەوە كە پۆستەكان وەكو غەنیمەت سەیر دەكەن.