گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’ئيسرائيل واى دەبينێت كە ئەمريكا گڵۆپى سەوزى بۆ هەڵكردوە’

ئيسرائيل لە پشت تەقينەوەكانى ئێرانەوەيە؟

2020.07.16 - 08:38
ئيسرائيل لە پشت تەقينەوەكانى ئێرانەوەيە؟

ناس کورد- 

ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆستى ئەمريكى بڵاويكردەوە، چەند هۆكارێك هەيە كە پشتگيرى ئەو ڕاپۆرتانە دەكەن كە باس لەوە دەكەن، ئيسرائيل هێرشى سەر دامەزراوەكانى ئێرانى ئەنجامداوە و لەوانەيە لە داهاتودا هەڵمەتێكى گەورەتريش ئەنجام بدات.

 

لەماوەى چەند هەفتەى ڕابردودا چەند تەقينەوەيەك لە ئێران ڕوياندا كە تێياندا دامەزراوەى هەستيار كرابونە ئامانج، لەوانەش كۆمەڵگەى پيتاندنى يۆرانيۆم و كارگە و هێڵەكانى گواستنەوەى غاز.

 

 ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆست ئاماژەى بەوەداوە، ژمارەيەك شيكەرەوە و دبلۆماسى و ڕاپۆرت پێيان وايە، ئيسرائيل ياخود ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا يان هێزێكى دەرەكى تر لەپشت ئەو ڕوداوانەوەيە و لەماوەى داهاتودا هێرشى چڕتريش ئەنجام دەدات.

 

لە وتارێكى ڕۆژنامەكەدا كە "داليا داسا كاى" لێكۆڵەرى سياسى و بەڕێوەبەرى ناوەندى سياسەتە گشتيەكانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە دامەزراوەى "راند" كە بارەگاكەى لە ولايەتى كاليفۆرنيايە نوسيويەتى ئەوە هاتوە، هۆكارى يەكەم كە گومانەكان سەبارەت بەوەى ئيسرائيل لە پشت ئەو هێرشانەوەيە پشتڕاست دەكاتەوە ئەوەيە،  بەرپرسانى ئيسرائيل پێيان وايە لەئێستادا كۆمارى ئيسلامى ئێران لاوازە، ئەوەش بەهۆى ئەو پەستانە قورسەى واشنتۆن خستويەتيە سەر تاران دواى كشانەوە لە ڕێكکەوتنى ئەتۆمى لەساڵى 2018 و سەپاندنى چەندين سزا.

 

ڕونيشيكردوەتەوە، سەرەڕاى ئەوەش پەتاى كۆرۆنا و كوشتنى قاسم سولەيمانى و خۆپيشاندانەكانى ئەو وڵاتە ڕۆڵيان هەبوە لە لاوازكردنى زياترى ڕژێمى ئێرانى و زياتر دابڕاندنى.

 

هەرچى سەبارەت بەهۆكارى دووەمە دەڵێت، هۆكارى دووەم پرەنسیپێکە كە لەماوەى دوايدا ئيسرائيل پەيڕەوى دەكات و بريتييە لە بەئامانجگرتنى ڕاستەوخۆى ئێران لەبرى لێدان لە بەكرێگيراوەكانى وەك پێشتر ئەنجام دەدرا.

 

وتارەكە كە بە ناونيشانى "ئايا ئيسرائيل ئێرانى كردوەتە ئامانج؟ ئەوەى دەيزانين"ە سەبارەت بەهۆكارى سێيەم باس لەوە دەكات، هۆكارى سێيەم كە بەڵگەيە لەسەر ئەوەى ئيسرائيل لەپشت ئەو هێرشانەوەيە بريتييە لە مێژوەكەى لە ئەنجامدانى هێڕشى لەو جۆرە، هەروەك لەساڵى 1981 وێستگەى ئەتۆى عێراقى كردە ئامانج و لەساڵى 2007 يش وێستگەى ئەتۆمى سورياى كردە ئامانج كە لەكاتى دروستكردندا بوو.

 

هەرچى سەبارەت بە هۆكارى چوارەمە دەڵێت، بريتييە لەوەى كە ئەمريكا ئيسرائيل كۆنترۆڵ ناكات  و سنورێكى بۆ دانانێت لەو جوڵانەى كە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ئەنجامى دەدات، ئيسرائيليش ئەوە بە هەڵکردنى گڵۆپى سەوز تێگەيشتوە و بۆ ئەنجامدانى هێرشەكانى. 

 

كۆمەڵگەى "نتنز"ى ئەتۆمى ئێرانى لە سەرەتاى ئەم مانگەدا كرايە ئامانج و زيانێكى زۆرى پێگەيشت ئەوەش بەهۆى ئەو ئاگرەى كە تەقينەوەكە دروستى كرد، هەروەها دواتريش دوو تەقينەوە لە تارانى پايتەخت ڕوياندا كە یەکێکیان لەنزيك دامەزراوەيەكى سەربازى بوو.

 

بەپرسانى ئێران باس لەوە دەكەن كە تەنها ڕوداوێك بوون، چەندين بۆچونيش باس لەوە دەكەن كە دوو پرۆسەى نهێنى ئيسرائيل بوون.