گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە تۆمەتی تێوەگلان لە پارەدارکردنی ڕێکخراوی داعش

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ژمارەیەک کەسایەتی و لایەن سزادەدەن

2020.07.15 - 22:57
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ژمارەیەک کەسایەتی و لایەن سزادەدەن

ناس كورد-

 بەمەبەستی پەکخستنی تواناکانیان لە پارەدارکردنی تیرۆرزم، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی شەش کەسایەتی و لایەنی نزیک لە ڕێکخراوی داعش دەخەنە لیستی ڕەشەوە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا،  "ناوەندی بەئامانجکردنی پرۆسەکانی پارەدارکردنی تیرۆر کە پێکهاتووە لە ئەمریکا و شەش وڵاتی دیکە، شەش کەسایەتی و لایەنی نزیک لە ڕێکخراوی داعش لە سوریا و عێراق سزاداوە و خراونەتە لیستی ڕەشی پارەدارکردنی تیرۆرزمەوە".

 

لە ڕاگەیاندراوەکە ڕوونکراوەتەوە، "سزاکان چەند کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری دارایی و ژمارەیەک دەستە و ڕێکخراوی خێرخوازی پەردە پۆشکراو  بەبیانووی ساختە گرتووەتەوە کە ڕۆڵی باڵایان هەبووە لە ناردنی سەدان هەزار دۆلار بۆ ڕێکخراوە تیرۆرستییەکە و سەرکردەکانی لە عێراق و سوریا".

 

سزاکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئێستادا سێ کۆمپانیا دەگرێتەوە کە بارەگاکانیان لە سوریا و ڕێکخراوێکی خێرخوازیش کە بارەگاکەی لەوڵاتی ئەفغانستانە و کەسایەتیەکی سەرمایەداری نزیک لە داعشیش گرتووەتەوە بە ناوی عەبدولڕەحمان ڕاوی و چەند کەسایەتییەکی تریش".

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە ، ڕێکارەکان کە لەئێستادا گیراونەتەبەر بەو لایەن و کەسایەتییانە تەنها سەرەتایە و هۆشداریشیدا بە لایەن و کەسایەتی دیکە کە هەمان چارەنووسیان دەبێت ئەگەر هاوکاریی داعش بکەن.

 

ناوەندی بەئامانجکردنی پارەدارکردنی تیرۆرزم، ڕێکخراوێکی کارای ئاڵۆگۆڕکردنی زانیاری هەواڵگرییە بەتایبەتی لە بواری (دارایی) ئەوەش بەمەبەستی بەئامانجکردنی چالاکی ئەو لایەنە تیرۆرستیانەی کە دەیانەوێت زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەندامەکانی بگەیەنێت، ناوەندەکە پێکهاتووە لە ئەمریکا، سعودیە، بەحرەین، کوەیت، عومان، قەتەر و ئیمارات.