گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دۆناڵد ترەمپ هەواڵی خۆش لەبارەى ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا هەیە

2020.07.15 - 22:25
دۆناڵد ترەمپ هەواڵی خۆش لەبارەى ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا هەیە

ناس کورد-

پاش ئەوەی کۆمپانیایەکی ئەمریکی تاقیکردنەوە سەرەتاییەکانی لەبارەی بەرهەمهێنانی ڤاکسینێکی دژ بەڤایرۆسی کۆرۆنا بە سەرکەوتوو ناوبرد، دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، هەواڵی گرنگ و دڵخۆشکەر لەبارەى ڤاکسینەکە هەیە.

ئەمڕۆ (چوارشەممە) کۆمپانیای مۆدیرناى ئەمریکی تایبەت بە تەکنەلۆژیا زیندەییەکان ڕایگەیاند، "تاقیکردنەوەکانیان دەربارەی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا لە قۆناغی یەکەمدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە". 

 

پاش چەند کاتژمێرێک لە ڕاگەیاندنی کۆمپانیا ئەمریکییەکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژمارى فەرمی خۆی لە تویتەر کۆمێنتێکی بەکورتی نوسی وتی،  "هەواڵەکان گرنگ و دڵخۆشکەرن سەبارەت بە ڤاکسینەکان "، بەبێ ئەوەی هیچ ڕونکردنەوەیەکی زیاتر لەو بارەیەوە بدات.

 

 بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی کۆمپانیا ئەمریکییەکە، "قۆناغی سێهەم و کۆتایی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکە لە 27ی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت، لەسەر 30 هەزار کەس لە ئەمریکا کە نیوەی بەشداربووان  10 مایکرۆگرام لە ڤاکسینەکەیان لێدەدرێت و نیوەکەی تریشیان چارەسەری خەیاڵیان بۆ دەکرێت، پاشان بەراوردی کاردانەوەی جەستەی نەخۆشەکان دەکرێت.

 

باس لەوەشکراوە، "ئامانجی یەکەم لە پەرەپێدانی ئەو ڤاکیسنە پاراستنی توشبووەکانە لە دەرکەوتنی نیشانەکانی پەتای کۆڤید-19 لەسەریان، ئامانجی دووهەمیش پاراستنی کەسانی دیکەیە لە توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا".

 

 ئەوەشخراوەتەڕوو "توێژەرەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ چاودێری بەشداربووانی تاقیکردنەوەکە دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن کە ڤاکسینەکە کارایە دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاریگەری لاوەکیش لەسەر مرۆڤ دروست ناکات".

 

 کۆمپانیای مۆدیرنای ئەمریکی بۆ تەکنەلۆژیا زیندەییەکان بەنیازە تا 27 تشرینی یەکەمی 2022 توێژینەوەکانی دەربارەی ڤاکسینەکە بەردەوامبێت.

 

 لەئێستادا زیاتر لە 13ملیۆن کەس لە جیهاندا گیرۆدەی ڤایرۆسی کۆرۆنابوون و زیاتر 570 هەزار کەش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، ئەمریکاش پشکی شێری بەرکەوتووە لە ژمارەی توشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە لە جیهاندا.