گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەسێدارە دراوەكە كێ بوو و تاوانى چى بوو؟

ئەمريكا.. دواى 17 ساڵ يەكەم سزاى لەسێدارەدان جێبەجێكرا

2020.07.15 - 21:25
ئەمريكا.. دواى 17 ساڵ يەكەم سزاى لەسێدارەدان جێبەجێكرا

ناس کورد- 

بۆ يەكەمجار و دواى 17 ساڵ يەكەم سزاى لەسێدارەدان لە ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا جێبەجێ كرا، كە پياوێكى ئەمريكى سپى پێستە و لەو كەسانە بوو كە داواى باڵادەستى سپى پێستەكان دەكەن و تۆمەتى كوشتنى سێ كەسى لەسەربوو.

 

ڕۆژنامەى "ئينديانا ستار" بڵاويكردوەتەوە، "دانياڵ لى" يەكێك بوو لەو چوار بەندكراوەى كە سزاى لەسێدارەدانيان بۆ دەرچوبوو و دواتر سيانەكەى تريش لەسێدارە دەدرێن، ئەويش لەرێگەى دەرزى بكوژەوە لە گرتوخانەى "تير هوت" لە ولايەتى ئينديانا.

 

ئاژانسى ڕۆيتەرز ئەوەى ئاشكرا كردوە، پێش جێبەجێكردنى سزاكە دانياڵ ئاماژەى بەوەدابوو كە "ئێوە پياوێكى بێتاوان دەكوژن".

 

سزاكەى دانياڵ لەساڵى 1999 دەركراوە ئەوەش دواى ئەوەى بەتۆمەتى كوشتنى ژن و پياوێك و منداڵە هەشت ساڵانەكەيان دەستگير كرا.

 

لاى خۆشيەوە "روس فريدمان" پارێزەرى دانياڵ ڕەخنەى لە سزاى لەسێدارەدانەكە گرتبوو وە وتبوى: سزاكە لە نيوەشەودا دەركراوە لەو كاتەى خەڵك هەمووى خەوتوە، وە دانياڵ ماوەى چوار كاتژمێر لەسەر قەرەوێڵەى مەرگ چاوەڕێى كۆتا بڕيار بوە، دواى ئەوەى داواى پێداچونەوە بە سزاكەدا كراوە.

 

لەلايەكى ترەوە لقى ئەمريكاى ڕێكخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى سەرسوڕمانى خۆى لە جێبەجێكردنى سزاكە دەربڕيوە، لەكاتێكدا پێچەوانەى خواستەكانى جيهانە بۆ كۆتايهێنان بەو جۆرە سزايە.

 

لە بەرامبەردا "بيڵ باڕ" وەزيرى دادى ئەمريكا وتويەتى، "لەڕێگەى جێبەجێكردنى بڕيارەكەوە بەهۆى ئەو تاوانە ترسناكەوە دادپەروەرى بەديهێنرا".

 

بڕيارە ڕۆژى چوار شەممەش سزاى لەسێدارەدان بەسەر "ويسلى بوركى" تەمەن 68 ساڵ جێبەجێ بكرێت، كە لەساڵى 2003 بە تۆمەتى دەستدرێژى سێكسى بۆ سەر كچێكى 16 ساڵان و كوشتنى سزاكەى بەسەردا سەپێنراوە، پارێزەرەكەشى داواى ڕاگرتنى سزاكەى كردوە بە بيانوى ئەوەى كە نەخۆشى "زەهايمەر" و كێشەى دەرونى هەيە.

 

بڕيارە ڕۆژانى 17 و 28 ى ئەم مانگەش دوو سزاى ترى لەسێدارەدان لە ولايەتى يەكگرتوەكانى ئەمريكا جێبەجێ بكرێن.

 

لەساڵى 1988 دوبارە سزاى لەسێدارەدان لە ئەمريكا دانرايەوە، پێشتريش تەنها سێ كەس ئەو سزايەيان بەسەردا جێبەجێ كراوە، يەكێك لەوانەش "تيمۆسى مك ڤێى" بوو لەساڵى 2001 كە بەرپرس بوو لە هێڕشەكەى ئۆكلاهۆما سيتى لە ساڵى 1995 كە بووە هۆى كوشتنى 168 كەس.