ناس کورد-
جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى رایگەیاند، ئامارەکانى گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا جارێکى تر بەرزبوونەوە و ئاماژەى بەوە کرد بڵاوکردنەوەى ئامارەکانى گیانلەدەستدان تەنها بە ئامانجى پابەندبوونە بە ڕێنماییە خۆپارێزییەکان نەک بڵاوکردنەوەى ترس و دڵەڕاوکێ.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە راگەیەندراوەکەیدا عەبدوڵڵا ئەحمەد، جێگری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و سەرۆکی تیمی ناشتنی تەرمی قوربانیانی کۆرۆنا ئاماژەى بەوە کرد "بەپێی راپۆرتی پزیشکی ئەمڕۆ دوانزە کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە".
رونیشیکردەوە "هەشت لە قوربانییەکان خەڵکی ناو شاری سلێمانین و چوار کەسیشیان خەڵکی دەرەوەی شارن".
جێگری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و سەرۆکی تیمی ناشتنی تەرمی قوربانیانی کۆرۆنا رونکردنەوەیەکى پێویست ئاراستەى ئەو ئەو کەسانە دەکات کە گومانیان لەسەر ئامارەکانی مردن بە کۆرۆنا هەیە و دەڵێت "ئێمە لە تیمی ناشتنی قوربانیانی کۆرۆنا و بەندە وەکو سەرۆکی تیم و جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دڵنیاتان ئەکەینەوە ئامارەکانی ئێمە بە پشتبەستنە بە راپۆرتی پزیشکی و نوسراوی فەرمی ئەو نەخۆشخانانەی قوربانی تێدا گیانی لە دەستداوە یاخود پشکنینی کۆتایی بۆ کراوە".
جەختیشدەکاتەوە، بڵاوکردنەوەی ئامارەکانیان تەنیا بە ئامانجی زیاتر پابەندبوونی هاووڵاتیانە بە رێنماییە خۆپارێزییەکان و هیچ ئامانجێکی دیکەیان نیە و نایانەوێت ترس و دڵەڕاوکێ بۆ خەڵک دروست بکەن.