گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئاگر وتەقینەوە بەرۆکی دامەزراوەکانی ئەو وڵاتە بەرنادات

ئێران؛ بەندەرى بوشەهر گڕى گرت.. سێ کەشتى سوتان 

2020.07.15 - 18:25
ئێران؛ بەندەرى بوشەهر گڕى گرت.. سێ کەشتى سوتان 

ناس کورد-

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لەبەندەری (بوشەهر) لەباشوری ئەو وڵاتە سێ کەشتی سوتاون وتائێستاش ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیەوە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

بەگوێڕەی ئاژانسی "ئەرنا"ی فەرمی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران، "ئەمڕۆ ( چوارشەممە) بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بەندەری بوشەهر لە باشوری ئێران سێ کەشتی لە بەندەرەکە سوتاون و ئاگرەکەش بەردەوامە و تائێستاش نەتوانراوە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە  ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن".

 

ماوەیەکە ئاگرکەوتنەوە بەرۆکی دامەزراوە جیاجیاکانی وڵاتی ئێرانی گرتووەتەوە  بەتاییەتی لەکۆتایی مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا کە چەندین پێگەی مەدەنی و سەربازی لەو وڵاتە بە شێوازی جیاواز دوچاری ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە و تەقینەوە بوونەتەوە.

 

دوێنێ (سێشەممە) دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویانکردەوە " ئاگر لە دامەزراوەی شەهید توندجۆیانی تایبەت بە پیشەسازی پترۆ کیمیاوی لە خۆرئاوای ئێران کەوتووەتەوە".

ئەمە لەکاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو دوو کەس بەهۆی تەقینەوە لەیەکێک لە کارگەکانی ئێران لە باشوری ئەو وڵاتە گیانیلەدەستدا.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیاندنەکانی ئێران، "سەرەتای ئەم مانگە ئاگر لە دامەزراوەی ( نەتنز) بۆ پیتاندانی یۆرانیوم ڕوویداوە و زیانێکی ماددی گەورەشی لێکەوتووەتەوە".

 

هاوکات هەر لەم مانگەدا لەڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لە دامەزراوەیەکی پزیشکی لە باکوری شاری تاران 19 کەس بوونە قوربانی.

 

ئەمە لە کاتێکدایە  لە26ی حوزەیرانی ڕابردوودا تەقینەوەیەکی بەهێز بنکەی سەربازی ( بارشین) لە خۆرهەڵاتی ئێران هەژاند و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەش هۆکاری تەقینەوەکەیان گەڕاندەوە بۆ تەقینەوەی بۆری غاز.