گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پرسی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم دەبرێتە ناو پەرلەمانی عێراق

2019.04.18 - 22:52
پرسی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم دەبرێتە ناو پەرلەمانی عێراق

ناس كورد-
نوێنەرانی كورد لە بەغدا واژوویان كۆكردۆتەوە بۆ ئەوەی پرسی خەرجكردنی پارەی سێ‌ ساڵی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان، ببرێتە ناو دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراقەوە.

.

لەراگەیەندراوێكی د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە وێنەیەكی دەست (ناس كورد) كەوتووە، ئاماژە بەوە كراوە، پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە كوردییەكان واژوویان كۆكردۆتەوە تاكو كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان تەرخان بكرێت بۆ پرسی خەرجكردنی پارەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان.

.

راگەیەندراوەكەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوای ئەوە دێت كە بەشێك لە جوتیارانی هەرێمی كوردستان بە جلوبەرگی كوردییەوە سەردانی پەرلەمانی عێراقیان كرد و لەلایەن پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە كوردییەكان پێشوازییان لێكرا و دوێنێش گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان لەبەردەم تەلاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدا.

.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەسەر بەڵێنی د.بەشیر حەداد و فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش بۆ خەرجكردنی پارەی گەنمی سێ ساڵیان، جوتیاران گەڕانەوە هەرێمی كوردستان.

.

لە ساڵەكانی 2014 و 2015 و 2016 پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان خەرج نەكراوە، ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی كردووەتە سەر كەرتی كشتوكاڵی كوردستان و ئێستاش جوتیاران گوشارەكانیان چڕكردووەتەوە تا مەفەكانیان لە حكوومەتی عێراق وەربگرنەوە.