گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نرخى نەوت رووى لە هەڵکشان کردەوە و بازاڕیش چاوى لەکۆبوونەوەى ئۆپیکە

2020.07.15 - 12:38
نرخى نەوت رووى لە هەڵکشان کردەوە و بازاڕیش چاوى لەکۆبوونەوەى ئۆپیکە

ناس کورد-

نرخى نەوت ئەمرۆ چوارشەممە بەرزبووەوە، بەهۆى پاشەکشەى بەرچاوى ئاستى کۆگاکردن نەوت لە ئەمریکا، لەکاتێکدا بازاڕ چاوەڕوانى هەنگاوى داهاتووى ئۆپیکە دواى کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەیان کە بڕیارە ئەمرۆ بەرێوەبچێت لەبارەى ئاستى کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانەوە.

 

بەپێی ئاژانسى ڕۆیتەرز، نرخى نەوتى گرێبەستە دواخراوەکانى برێنت 22 سەنت بەرزبووەتەوە و نرخى هەر بەرمیلێکى گەیشتووەتە 43.12 دۆلار، هەروەها نرخى نەوتى خاوى تەکساس 23 سەنت بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 40.52 دۆلار.

 

بەرزبوونەوەى نرخى نەوت دواى کەمبوونەوەى ئاستى کۆگاکردنى نەوت دێت لە ئەمریکا کە بەپێی ئامارەکانى پەیمانگاى پترۆڵى ئەمریکا هەفتەى ڕابردوو 8.3 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە، لەکاتێکدا شیکەرەوان پێشبینى کەمبوونەوەى 2.1 ملیۆن بەرمیلیان کردبوو.

 

سەبارەت بە ئاستى بەرهەمهێنان، بازاڕ بەچڕى چاوى لەسەر کۆبوونەوەى لیژنەى وەزارى ئۆپیک پڵەسە لەبارەى ئاستى داهاتووى کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانى نەوتەوە کە بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت.

 

بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارێک بدرێت لەبارەى درێژکردنەوەى وادەى کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانى 9.7 ملیۆن بەرمیلى رۆژانە کە لە تەموزدا کۆتایی دێت، یان کەمکردنەوەى بڕەکە بۆ 7.7 ملیۆن بەرمیلى رۆژانە.