گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد ناوەڕۆکەکەى ئاشکرا دەکات

هەرێم بەغداى ئاگادارکردووەتەوە لەو هێزەى هاتووەتە کفری چونکە ’’ئاگاداری نییە’’

2020.07.15 - 12:34
هەرێم بەغداى ئاگادارکردووەتەوە لەو هێزەى هاتووەتە کفری چونکە ’’ئاگاداری نییە’’

ناس کورد-

وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەغداى ئاگادارکردووەتەوە کە ئەو هێزەى چونەتە سنورى پارێزگاى دیالە و بەشێک لەناوچە جێناکۆکەکان بکێشنەوە، بەغداش جەختیکردووەتەوە کە هێزەکە بۆ ئۆپراسیۆن هاتوون و دواى تەواوبوونى کارەکانیان دەکشێنەوە.

 

شەممەى ڕابردوو سوپای عێراق بە فەرمانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان قۆناغێکى نوێی ئۆپراسیۆنی "پاڵەوانانی عێراق"ی دەستپێکرد لە ناوچە سنورییەکانی پارێزگای دیالە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەوەش بەمەبەستی قەڵاچۆکردنى چەکدارانی داعش لەو ناوچانەوە پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان.  

  

ئۆپراسیۆنەکە نیگەرانى هێزەکانى پێشمەرگەى لێکەوتووەتەوە بەو پێیەى هێزە عێراقییەکان چوونەتە هەندێ لەو ناوچانەى کە بەسنورى پێشمەرگە دادەنرێن، بەتایبەتى لەسنورى کوڵەجۆ و کارێز سەر بە قەزاى کفرى.

 

قارەمان کەمال، جێگرى سەرۆک ئەرکانى وەزارەتى پێشمەرگە بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "عێراق بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە هیچ هەماهەنگییەکى لەگەڵ وەزارەتى پێشمەرگە نەکردووە و ئاگاداری نەکردووینەتەوە، لەکاتێکدا بەپێى رێککەوتنەکانى نێوانمان دەبێت هەرلایەک لەکاتى جوڵەکردنمان لەو ناوچانە یەکترى ئاگاداربکەینەوە".

 

ئۆپراسیۆنەکەى عێراق بەبەشدارى 37 هێزى جیاجیا بەڕێوەدەچێت، کە یەکێکیان فەوجێکى دژە تیرۆرى یەکێتییە، بەڵام هیچ هێزێکى پێشمەرگە تێیدا بەشدار نییە.

 

قارەمان کەمال وتى، "لەسەر ئاستى سەرۆک ئەرکان لەبارە ئۆپراسیۆنەوەکە قسەکراوە، بە بەغدامان وتووە کە دەبێت ئەو هێزە لەو شوێنە بکشێتەوە، ئەوانیش وتویانە بۆ ئۆپراسیۆن هاتوون و دواى تەوابوونى ئەرکەکانیان لەوێ نامێنن".

 

وتیشى، "هیچ مۆڵەتێکمان دیارینەکردووە بۆ کشانەوەى هێزەکە، بەڵام چاوەڕوانین ئەوان هەنگاو بنێن لەو بارەیەوە".

 

ئەو سنورەى هێزە عێراقییەکانى لێ جێگیربووە لەچوارچێوەى سنورى میحوەرى یەک و دووى وەزارەتى پێشمەرگەدایە، بەڵام لەدواى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرەوە بۆشایی ئەمنییە، دواى کشانەوەى پێشمەرگە لەو ناوچەیە.

 

نیگەرانى پێشمەرگە لە ئۆپراسیۆنەکەى عێراق لەچەند رۆژى ڕابردوودا گەیشتە لوتکە، کاتێک مەحمود سەنگاوى فەرماندەى میحوەرى گەرمەسێرى پێشمەرگە هەڕەشەى روبەڕووبونەوەى هێزە عێراقییەى کرد ئەگەر سنورەکە جێنەهێڵن.

 

دوو رۆژ لەمەوبەر تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق  بە ناس کوردی راگەیاندبوو، چوونى هێزەکانیان بۆ ناوچەکانی گەرمەسێر بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ حکومەتی هەرێم و سنوری دیاریکراوى خۆیان نەبەزاندووە، هەرکات ئەرکەکانیان تەواو بوو ناوچەکە بەجێدەهێڵن.  

 

ئاماژەى بەوەشکردبوو، لەو ئۆپراسیۆنەدا هێزەکانی پێشمەرگە (حرس الإقليم) و هێزەکانی دژە تیرۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەربە پارێزگای سلێمانی هاوشان لەگەڵ سوپای عێراق و هێزەکانی دژە تیرۆر حکومەتی فیدراڵی بەشدارن.



ئەو ناوچەیەى هێزە عێراقییە ئۆپراسیۆنى تێدا ئەنجام دەدات روبەرەکەى  بە 17685 كم2 دەخەمڵێنرێت لە سنورى پارێزگاى دیالە کە لەچەند مانگى ڕابردوودا چەندین هێرشى شانە نوستووەکانى داعش و گروپە چەکدارەکانى بەخۆوە بینى.

 

یەکەى حەفتا قسەى جیاوازی هەیە

لیوا حاجی عوسمان فەرماندەی هێزەكانی حەفتای یەكێتی لەناوچەی كفری بەناس كوردی ڕاگەیاند، هێزە عێراقییەکە گەڕان و پشكنینی خۆیان كردووە و لەو ناوچانەی كە هاتبوون گەڕاونەتەوە.

 

وتیشی، "هیچ هێزێكیان لە سنوری كفریدا نەماوەتەوە و بەڵام بۆپاراستنی ناوچەكە و ڕاوەدوونانی پاشماوەكانی داعش چەند ڕەبیەیەكی سەربازی بەهاوبەشی لەسەر شەقامە سەرەكیەكە دروستدەكەن، لەنزیك كارێزەوە تا سنورەكانی دووز خورماتوو".

 

ئەوەشی خستە ڕوو، هێزی عێراقی لەناحیەی جەبارە جێگیرە بەڵام ئەو هێزەی كە بۆ ئۆپەراسیۆنەكە هاتبوو لەوێش نەماوەتەوە.

 

لەوەڵامی هەبوونی هامەهەنگی دوای دروستبوونی چەند گرژیەك، لیوا حاجی عوسمان وتی، "ئێمە پێشتر هەر هەماهەنگی لەنێوانماندا هەبووە".

 

گرژییەکەى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق دواى رێککەوتنەکەى ئەمدواییەى نێوان هەردوو وەزارەتى بەرگرى عێراق و پێشمەرگە دێت بۆ دانانى سەنتەرى هەماهەنگى هاوبەش لەناوچە جێناکۆکەکان.  

 

قارەمان کەمال هیواى خواست هەماهەنگییەکانى نێوان پێشمەرگە سوپا بەرەوپێشچوون بەخۆوە ببینێت، بەتایبەت ئەوەى پەیوەستە بە دروستکردنى سەنتەرى هەماهەنگى هاوبەش لەناوچە جێناکۆکەکان.